رانیە، چلەی ماتەمینی شەهیدی فەرماندە نیاز دەرگەڵەیی

09:45 - 2023-10-08
کوردستان
264 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە رانیە، رێوڕەسمێك بۆ چلەی ماتەمینیی پێشمەرگەی دێرین نیاز دەرگەڵەیی، رێكخرا كە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڕێ و هەڤاڵانی و كەسوكاری خوالێخۆشبوو، ئامادەبوون.
رێوڕەسمەكە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستیپێكرد، پاشان لەلایەن ئامادەبوانەوە تاجەگوڵینەی رێز و وەفا لە بەردەم پەیكەری شەهید نیاز دەرگەڵەیی دانرا، لەلایەن پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رانیەشەوە سرودێك پێشكەشكرا.

لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال خەباتی دەكرد
پاشان، ئەحمەد زرار لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا باسی لە رۆڵی قارەمانانەی فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین شەهید نیاز دەرگەڵەیی كرد لە شۆڕشی نوێ و درێژەپێدانی خەباتی لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال، ئێمەش لێرەوە بەڵێن دووپاتدەكەینەوە كە رێز لە وەفا و خەبات و دڵسۆزیی شەهید نیاز دەرگەڵەیی دەگرین و درێژە بە رێبازەكەی دەدەین. وتیشی: شەهید نیاز دەرگەڵەیی، هەڤاڵێكی تێكۆشەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، لە هەر شوێنێك یەكێتی ئەركێكی پێ سپاردبێت، بەباشترین شێوە ئامادەبووە، هاوڕێ و هەڤاڵەكانی و هەموان شاهیدی ئەوە دەدەن كە شەهید نیاز ئامانجی خزمەتكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان بە گشتی و دەڤەری راپەڕین بەتایبەتی بوو، تا دواهەناسەشی هەر لەو پێناوەدا تێكۆشاوە و خزمەتی كردووە.

زیاتر لە 40 ساڵ تەمەنی بۆ ئازادیی میللەتەكەی تەرخانكرد
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، لوقمان وەردی بە نوێنەرایەتیی جێگری سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: «شەهید نیاز دەرگەڵەیی فەرماندە، زیاتر لە 40 ساڵ تەمەنی خۆی بۆ ئازادیی میللەتەكەی تەرخانكرد، كە بەداخەوە 40 رۆژ پێش ئێستا بەدەستی غەدر و تیرۆر شەهیدكرا».
ئەوەشی وت: «وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سازش لە خوێنی هیچ كادر و پێشمەرگە و فەرماندەیەكمان ناكەین، كە بەدەستی غەدر و تیرۆر شەهیدبكرێت، هەموان دڵنیادەكەینەوە كە وەك قەڵایەكی بەهێز لەپشت هەڤاڵەكانمانەوە دەوەستین، هەروەك چۆن سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیدا وتی: (ئێمەی یەكێتی تەنها سەر بۆ خودا دادەنەوێنین و بەس)، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت كە یەكێتی وەك قەڵایەكە لە پشت هەمومانەوە و سازش لە خوێنمان ناكات».

پێشكەشكردنی وێنەیەكی تایبەتی شەهید نیاز دەرگەڵەیی
دواتر و هەر لە رێوڕەسمەكەدا، ئارام قادر خەبات، وێنەیەكی تایبەتی شەهید نیاز دەرگەڵەیی پێشكەش بە خانەوادەكەی كرد و لە وتەیەكیشدا رایگەیاند: «دۆڵی خانەقا، رواندز، باڵەكایەتی، دەرگەڵە و سۆران، شاهیدی نەبەردییەكانی شەهید نیازی پێشمەرگەی دێرینن، ئێمەش ئەو شاهیدییە دەدەین كە شەهید نیاز دەرگەڵەیی هەموو هەوڵێكی بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكی ئەم دەڤەرە بووە و لەو پێناوەشدا بەردەوام هەوڵیداوە».
ئاماژەی بەوەشكرد كە «شەهید نیازی فەرماندە، لە تەمەنێكی زۆر گەنجێتیدا پەیوەندیی بە ریزەكانی پێشمەرگەوە كردووە و بەو تەمەنە كەمەوە جێدەستی لە نەبەردییەكانی پێشمەرگەدا دیاربووە، بەشێوەیەك لەگەڵ چەند هەڤاڵێكی دیكەیدا چوونەتە شاخ، گوڕوتینێكی تایبەتیان بە پێشمەرگەكان داوە، ئەوەش مایەی شانازییە بۆ خانەوادەكەی و خزم و دۆستانی و هەڤاڵەكانی، ئەمڕۆش بە رێزەوە یادی شەهید نیاز دەرگەڵەیی دەكەینەوە و بەڵێن دەدەین لەسەر رێگە و رێبازەكەی بەردەوام بین».

«درێژەدەدەین بە رێگە و رێبازی باوكی شەهیدمان»
لەكۆتایی رێوڕەسمەكەدا، وتاری بنەماڵەی شەهید نیاز دەرگەڵەیی، لەلایەن كوڕەكەیەوە خوێندرایەوە، كە پاش بەخێرهێنانی میوانان، سوپاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد، كە هەمیشە وەك قەڵایەك لە پشتیان بووە، بەڵێنیشیدا كە «وەك بنەماڵەكەیان لەسەر رێبازی شەهید نیاز بەردەوامبن و خزمەت بە گەل و نیشتمان بكەن».

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان