كەشتییەكەی سیسیوس گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

هایدگەر و دازاین

10:47 - 2025-06-12
ئەدەب و هونەر
608 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان

(25)


ئەم ماوەیە بەیانیان لە کتێبخانەی گشتی کتێبەکانی (هایدگەر)م دەخوێندەوە، ئێوارانیش دەچوومە پارکی ئازادی. رۆژێکیان هایدگەر-م بینی سەیری کۆمەڵێک چۆلەکەی دەکرد لەوناوەدا کردبوویان بە گەڕەلاوژە. هەروا کەمێک لێی وردبوومەوە، دارێکی بەدەستەوە بوو خۆی پێ راگرتبوو، کڵاوەکەی و کراسەکەی سپی بوون، چاکەتەکەی ‹شەکەری› بوو؛ پانتۆڵ و بۆینباخەکەشی رەش بوون. من دەزانم پەیوەندیی ئەو بە سروشتەوە پەیوەندییەکی شاعیرانە نییە، ئەو کەسێکی ئۆنتۆلۆجییە، لە هەموو شتێکدا پرسیاری (بوون) دەبینێتەوە. بۆیە ئەو وەها ناڕوانێتە سروشت کە شتێک بێت لەوێ، بەڵکو جێگایەکە کە (دازاین) تێیدا کەشف دەبێت. با لەسەر ئەمە نەڕۆم، چوومە لای و سڵاوم لێکرد و بۆم روونکردەوە دەمەوێت وەک خوێنەرێکی کتێبەکانی هەندێک پرسیاری لێبکەم، تکام لێکرد بەرگەی پرسیارەکانم بگرێت، وادیاربوو ئەویش پێیخۆش بوو بۆیە دەستمانپێکرد:
سوڵتان: بەڕاست وشەی ‹دازاین› چۆن بەکاردەهێنیت؟
هایدگەر: جارێ با بزانم تۆ چۆنی لێ تێگەیشتوویت؟.
سوڵتان: مانا دەقاودەقەکەی بریتییە لە ‹بوون لێرە› یان بوون لەناو جیهاندا؛ بەڵام تۆ مانایەکی ئۆنتۆلۆجییانەی تایبەتت پێداوە تا ئەو بوونەوەرە بگریتەوە کە خۆی بە پرسیاری ‹بوون› ەوە سەرقاڵ دەکات. بەمەش دەتەوێت پێمان بڵێیت دازاین مرۆڤ نییە بە مانا بایۆلۆجی یان سایکۆلۆجییەکەی، بەڵکو تاکە بوونەوەرە دەتوانێت لە بوونی خۆی تێبگات.

 


هایدگەر: هەر ئەوەندە؟
سوڵتان: (دازاین) دەتوانێت بپرسێت «مانای ئەوە چیە کە هەم» ئەو هەمیشە لەناو جیهاندایە، هەرگیز لە دەرەوەی نییە، لەبەردەمی جیهاندا وەک ‹بابەت› راناوەستێت؛ بەڵکو وەک تۆڕێکی ئاڵۆزی مانا و پەیوەندییەکان لەناویدا دەژی. ئەو تاکە بوونەوەرە کە پرسیاری (بوون)ی لێدەکرێت و داوای ئەوەی لێدەکرێت لە توێی بوونی رۆژانە و شیاوی خۆیەوە هەوڵی وەڵامدانەوەی بدات.
هایدگەر: مەبەستت چیە لەوەی دەڵێت «دازاین وەک بابەت لەبەردەمی جیهاندا ناوەستێت؟»
سوڵتان: ئەوەندەی لە کتێبی ‹بوون و کات›ی تۆ تێگەیشتبم، کە وەرگێڕانەکەی (ماکوری و رۆبینسۆن)م خوێندووەتەوە؛ مەبەست لە تێڕوانینە باوەکەی ناو فەلسەفەیە، بە تایبەتی لە مۆدێرنەدا. ماوەیەکی درێژە لە فەلسەفەدا جیاکارییەک دەکرێت لە نێوان خود و بابەتدا. لەم دیدەوە مرۆڤ خودێکی ئاگا و باڵایە لە دەرەوەی جیهان دەوەستێت و وەک بابەت یان شتێکی دەرەکی سەیری دەکات کە قابیلی لێکدانەوە و کۆنترۆڵکردنە. تۆ ئەمە رەتدەکەیتەوە، دەڵێیت (دازاین) لەبەردەمی جیهاندا ناوەستێت وەک شتێکی جیا لە خۆی، بەڵکو ئەو لەناو جیهاندایە، تێیدا دەژی. بەڵام ببوورە؛ خەریکە من دەبم بە قسەکەری سەرەکی، یان بە یەکێک لە خوێندکارەکانت و بەشداری تاقیکردنەوە دەکەم.
هایدگەر: جا ئەمە خراپە؟
سوڵتان: هەر زۆریش باشە، بەڵام دەرفەتی ئەوەم لەکیس دەدات کە ئێستا تۆ لێرەیت و دەتوانم قسەت لەگەڵ بکەم. تکایە، تۆ قسەم بۆ بکە.
هایدگەر: (دازاین) بەتەنها بوونەوەرێکی مرۆیی نییە، ئەو بەسەر بووندا دەکرێتەوە؛ (دازاین) مرۆڤە، بەڵام مرۆڤێکە، پرسیاری بوون ئاڕاستە دەکات و بیری لێ دەکاتەوە.
سوڵتان: بەڵام لە تێڕوانینی تۆوە بوون چییە؟
هایدگەر: ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە دوای (ئەفلاتون و ئەرەستۆ)وە فەرامۆش کراوە. بوون بە تەنها ئامادەیی شتەکان نییە، بەڵکو مەرجی تێگەیشتنی هەبووەکانە، ئەوەیە هەبوو دەکات بە شتێک کە هەیە. مەبەستم لە ‹شت› ئەوەیە تۆ بتوانیت لێی تێبگەیت، چونکە ئێمە ناتوانین وەک ‹شت› درک بە بوون بکەین، بەڵکو لەتوێی سەرقاڵبوونمانەوە بە جیهان، لێی تێدەگەین؛ لە توێی پەیوەندیمانەوە بە کات و شوێن و مەرگەوە. بەمەش بوون دەبێت بە رووداوێک لە توێی ئەزموونەوە خۆی کەشف دەکات، چەمکێکی جێگیر نییە، بوونێکی گشتی، یان رەها نییە، بەڵکو کەشفبوونە.
سوڵتان: کەشفبوون یانی چی؟
هایدگەر: شێواز، یان رێگای تێگەیشتنە لە بوون و نمایشکردنی (دازاین)، کەشفبوون تەنها بینین یان درککردنی هەستیی نییە، بەڵکو رووداوێکی ئۆنتۆلۆجییە و بەهۆیەوە بوون دەتوانێت جیلوە بدات، کە وادەکات بوون لە رووی دەرکەوتن و تێگەیشتنەوە شیاو بێت.
سوڵتان: ئەمە چۆن؟
هایدگەر: بوون شتێکی حازر بەدەست نییە، بەڵکو خۆی بۆ (دازاین): (مرۆڤە پرسیارکەرەکە لە بوون) کەشف دەکات.
سوڵتان: چۆن خۆی کەشف دەکات، یاخود چۆن پەردەی لەسەر لادەچێت و جیلوە دەدات؟
هایدگەر: وتمان (دازاین) لەناو جیهاندایە و پەیوەندیی بە کات و شتەکانەوە دەگرێت، ئا لەوێدا بوون کەشف دەبێت، یان وەک تۆ وتت پەردەی لەسەر لادەچێت. من ئەمەیانم بەدڵە، چونکە لەبەرامبەری کەشفبوون (پەردە لەسەر لاچوون)دا، چەمکی داپۆشینیش بەردەوام لەوێ هەیە، بوون لە یەک کاتدا کەشف دەبێت و پەنهانیش دەبێت.
سوڵتان: هەست ناکەم ئەمە زۆر روون بێت.
هایدگەر: سەرنجت داوە من چەمکی ‹ئالیسیا›م بەکارهێناوە، دەزانیت ئەمە مانای چییە؟
سوڵتان: ئەم وشەیە لە فەلسەفەی یۆنانیدا بەکارهاتووە، چەند مانایەک دەگەیەنێت.
هایدگەر: وەک چی؟

سوڵتان: وەک ‹حەقیقەت›، یان ‹گوزارشتلێکردن›، یاخود ‹کەشفبوون› کە پێموابێت ئەمیان مەبەستەکەی تۆیە، واتە پرۆسەی نمایشکردن، یان خستنەڕووی شتێک کە زیاتریش لە پەیوەندیدا بە هەقیقەت بەکاردەهێنرێت.
هایدگەر: تۆ خۆت دەزانیت هەرکاتێک پێشگری (ئا) دەچێتە سەر وشەیەکی یۆنانی، ماناکەی پێچەوانە دەکاتەوە. کەواتە وشە ئەسڵییەکە ‹لیسیا›یە، بە واتای بیرچوونەوە.
سوڵتان: یانی تۆ مەبەستت لەوەیە  (بوون) لەبیرکراوە، یان بیرچۆتەوە، دەبێت دیسانەوە بیری لێ بکرێتەوە، ئەمەش تەنها (دازاین) دەتوانێت بیکات، چونکە تەنها ئەو توانای ئەمەی هەیە!
هایدگەر: بەردەوام بە.
سوڵتان: بەڵام ‹ئالیسیا› مانای هەقیقەت ناگەیەنێت وەک جووتبوونی هزر و ریاڵەت، بەڵکو زیاتر ئاماژەیە بۆ کەشفبوونی هەقیقەت و دەرچوونی لە حاڵەتی شاراوەییەوە بۆ دەرکەوتن. واتە تۆ بە هەمان شێوەی (ئەفلاتوون)، یان (ئەرەستۆ) سەیری هەقیقەت ناکەیت، بە تایبەتی لە پەیوەندیدا بە بوونەوە!
هایدگەر: راستە، چونکە مەسەلەکە بە تەنها جووتبوونی واقیع و بیرکردنەوە نییە، ئەگەر وابکەین جووڵەی بەردەوامی هەقیقەت لەنێوان کەشفبوون و داپۆشراندا، فەرامۆش دەکەین.
سوڵتان: یانی تۆ (دازاین) و هەقیقەت یەکسان دەکەیت بە یەکتریی؟
هایدگەر: نا، ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە، چونکە ئەم دووانە لە رووی ماهییەت، یان شوناسەوە لەیەکتریی جیاوازن، بەڵام پەیوەندییەکی جەوهەریی لەنیوانیاندا هەیە، چونکە تەنها لە رێگای (دازاین)ەوە دەتوانین لە هەقیقەت تێبگەین، یاخود تەنها (دازاین) دەتوانێت درک بە هەقیقەت بکات.
سوڵتان: هەربۆیە دەڵێیت: «حەقیقەت گریمانەی بوونی (دازاین) دەکات، چونکە ئەو بواری کەشفبوونەکە خۆش دەکات»؟
هایدگەر: (دازاین) تاکە بوونەوەرە کە دەتوانێت لەناو هەقیقەتدا نیشتەجێ ببێت و وابکات دەربکەوێت، واتە پەیوەندیی نێوانیان پەیوەندیی دامەزراندن و هاونێوەندگیرییە
سوڵتان: ئەمە چییە؟
هایدگەر: ئەم دوو چەمکە پەیوەندییەکی بەتینیان بە پەیوەندیی (دازاین) بە بوونەوە هەیە، پێگەی سەرهەڵدانی مانا و مێژووشن. من لە رێی ئەمانەوە، سەرلەنوێ سەیری مۆدێرنە و فەلسەفە دەکەمەوە. هەرخۆی پڕۆژەکەی من ئەمەیە: هەڵوەشاندنی مێتافیزیک و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پرسیاری ئۆنتۆلۆجی.
سوڵتان: وەک (پارمێنیدێس)!
هایدگەر: (هیراکلیتوس)یش. (پارمێنیدێس) خاڵی دەسپێکی راستەقینەی پرسیاری ئۆنتۆلۆجییە، ئەو پرسیار لە (بوون) دەکات لە خۆیدا، لە پەیوەندیدا بە خۆیەوە، نەک هیچ شتێکی دیکە. ئەو وەک بابەتێکی ئاسایی قسە لە بوون ناکات، بەڵکو وەک یەکەیەکی تۆکمە و یەکانگیر و بەردەوام دەربارەی دەدوێت. ئەو دەرگای کردەوە بۆ بیرکردنەوە لە بوون وەک بوون، دوورکەوتەوە لەتێڕوانینە رووکەشیی، یان مێتافیزیکییە باوەکە.
سوڵتان: کەواتە تۆ (پارمێنیدێس) وەک دووڕیانێکی گرنگ لە مێژووی هزردا دەبینیت؟!
هایدگەر: نا، وەک سەرەتای لادان لە تێگەیشتنە باوەکە دەیبینم، ئەو یەکەمین کەسە کە داوای لێکردین سەیری (بوون) لە خۆیدا بکەین، ئەو زۆر مکوڕانە پێداگریی کرد کە «ئەوەی هەیە، هەیە! ئەوەی نییە، نییە!»
سوڵتان: لە هۆنراوەکەیدا دەربارەی (بوون)، دێرێکی زۆر سەرنجڕاکێش هەیە. دەڵێت: «بیرکردنەوە و بوون هەمان شتن»
هایدگەر: بەڵێ، ئەمە راگەیاندنە رەسەنەکەی پەیوەندیی جەوهەریی نێوان مرۆڤ و بوونە. من زۆرجار لە وانەکانمدا هاتوومەتە لای ئەم رستەیە. هەمیشە دووبارەم کردۆتەوە کە لە پشتی مانا دیارەکەیەوە: «ئەوەی بیری لێدەکرێتەوە، ئەوەیە کە هەیە»، مانا راستەقینەکە هەیە: «بوون تەنها لە بیرکردنەوەدا خۆی کەشف دەکات». بێگومان تۆش لەوە تێدەگەیت کە مەبەستم لە هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەک نییە، بەڵکو مەبەستم لە ‹ئالیسیتا›یە، واتە حەقیقەت بەو مانایەی کە ‹نەشاراوەیی› یاخود ‹کەشفبوو› بێت.
سوڵتان: واتە (پارمێنیدێس) پێش ئەوەی (ئەفلاتوون) یان (ئەرەستۆ) لەوێ بن، باس لەوە دەکات کە حەقیقەت جووتبوونی ریاڵەت و هزر، یان ریاڵەت و حوکم نییە، بەڵکو کەشفبوون یان لادانی پەردەیە لە (بوون).
هایدگەر: ئەگەر سەد ساڵێک پێش (ئەفلاتوون) ئەم کارەی کردبێت، ئەوە نزیکەی بیست و پێنج سەدە پێش من کەوتووە. بیرۆکەکەی من دەربارەی حەقیقەت وەک کەشفبوونی رەسەنیی (بوون)، کە لە جەوهەری خۆیدا رووداوە، دەگەڕێتەوە بۆ لای (پارمێنیدێس).
سوڵتان: ئەمە خەیاڵم دەبات بۆ لای کتێبی (ئەسڵی کاری هونەری) کە لەوێدا ئاماژە دەکەیت بۆ ساتەوەختی داهێنانی رەسەن، یان کەشفبوونێکی نوێی حەقیقەت، وەک ئەوەی سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ مێژوو، یاخود ئەگەرێکی دیکە بۆ (بوون).
هایدگەر: بەمجۆرە دامەزراندن دەبێتە ساتەوەختی هەڵقوڵانە سەرەتاییەکە، لەوێدا بوون بە جۆرێک خۆی ئاشکرا دەکات، کە پێشتر بە هیچ جۆرێک ئەوە شیاو نەبوو.
سوڵتان: تۆ بەمە دەڵێیت ساتەوەختی رووداو، بەڵام من بە باشی لێی حاڵی نابم.
هایدگەر: بە چاوێکی ئاسایی سەیری ‹رووداو› مەکە، چونکە ئەمە شتێک نییە هەروا لەناو کاتدا رووبدات، بەڵکو کەشفبوون، یان کرانەوەی ئەسڵیی بوونە. لێرەدا (دازاین) و (بوون) بەیەک دەگەن، (بوون) خۆی دەبەخشێت، مانای راستەقینەی خۆی دەخاتەڕوو. هەربۆیە ناوم لێناوە ساتی (دامەزراندن)، چونکە دامەزراندنی تێگەیشتنێکی نوێیە، وەرچەرخانە لەو تێگەیشتنەدا کە بۆ (بوون) هەمانە.
سوڵتان: ئەمەش پرۆسەیەکی بەردەوامی کەشفبوون و پەنهانبوونە، یان وەک وتمان پەردەلادران و پەردە پێدادرانە. واتە تۆ دەڵێیت: هەرگیز ناتوانین کۆتا تێگەیشتن لە (بوون) بەدەستبهێنین. (بوون) لە حاڵەتی کرانەوە و داخرانەوەی بەردەوامدایە.
هایدگەر: بەڵام خۆ زمان دەتوانیت یارمەتیدەرمان بێت.
سوڵتان: چۆن؟
هایدگەر: چونکە لە ساتەوەختی رووداودا، زمان وەک فەزایەک خۆی دەکاتەوە بۆ ئاشکراکردنی بوون.
سوڵتان: ئەها! تۆ باسی ئەوە دەکەیت کە زمان ماڵی بوونە، لەوێدا (بوون) خۆی کەشف دەکات.
لێرەدا کۆتاییمان بە گفتوگۆکە هێنا، بەڵام گفتم لێ وەرگرت کە دیسانەوە بچمەوە لای و باسی (هێراکلیتوس) بکەین. ئەگەر ئەو بابەتەمان بە ئاسانی تەواو کرد، ئەوە گفتوگۆی «زمان وەک ماڵی نیشتەجێبوون»ی لەگەڵدا دەکەم.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان