رۆڵی دراما لەسەر کۆمەڵگەی گەمارۆدراو

10:55 - 2023-11-22
کەلتور
534 جار خوێندراوەتەوە
#بەشێکی زۆر لە دراما ژێرنووسکراو و دۆبلاژەکراوەکان نە لە رووی زمانەوانییەوە گونجاوە نە لە رووی ناوڕۆ

جەمال ئارێز

رەنگە بەهۆی ئەوەی خۆم زیاتر ئارەزووی بینینی دراما دەکەم وەک لە فیلم یان شانۆگەری، بۆیە زیاتر دەمەوێت قسە لەسەر دراما بکەم، کە رەنگە قسەکردنەکەم لەسەر دراماش تەنها وەک بینەرێک بێت، نەک رەخنەگر و کەسێکی پڕۆفیشناڵ لە کاری نواندن، یان دەرهێنان یاخود نووسین و سیناریۆ، بۆیە ئەوەی پەیوەستە بەو بوارانەوە بۆ کەسانی تایبەتمەندی ئەو بوارەی بەجێدەهێڵم.

چێژبینین لە شانۆگەریی و فیلم
ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئارەزووی بینینی فیلم و شانۆگەرییم نەبێت، بەڵکو ئارەزووی بینینی درامام زیاترە، دەنا وەک زۆرێک لە هونەرمەند و ئەکتەرەکانیش ئاماژەی پێ دەدەن کاری شانۆ دایکی هونەری نواندنە بەو پێیەی چۆن هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ یان ژەنیاری ئامێرێکی موزیک هێندەی تواناکانیان لە کۆنسێرتێکیدا بەشێوەی زیندوو دەردەکەوێت  هێندە لە کلیپێک یان کارێکی تۆمارکراودا دەرناکەوێت، بۆیە ئەکتەری بەتواناش بە کاری شانۆییدا زیاتر دەردەکەوێت و دەکرێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای بکرێت بە باش یان خراپ، بەڵام بەو پێیەی زۆربەی شانۆگەرییەکان مەتەڵ و فەنتازیای تێکەڵ دەبێت رەنگە لە زۆرێک لەو بەرهەمانەدا جگە لە هونەرمەندەکان، خەڵکی (عەوام لە بواری هونەر)دا چێژی ئەوتۆی لێ نەبینن.  
دیارە بۆ کاری فیلم و سینەماش زۆر جار فیلمەکە چیرۆکی زەمەنێکی دوور و درێژە بەڵام بەچەند ئاماژەیەکی بەپەلە لەماوەی یەک تا دوو سەعاتدا کۆتایی پێ دێت، کە زۆرێک لەو عەوامە ناتوانن چێژی ئەوتۆی لێ ببینن یان وانەی پێویستی لێ هەڵهێنجن کە هونەرمەندێکی سینەماکار یان ئەکتەرێکی سینەمایی چێژی لێ دەبینێت. جگە لەوەش تۆڕەکانی ئینتەرنێت ئاسانکارییەکی وایان کردووە کە زۆرێک لە بینەران هەریەکە و لای خۆیانەوە بینەری فیلم دەبن و کەمترین مشتومڕ و گفتوگۆ لەسەر کوالێتی چیرۆک و سیناریۆ و گۆشەی کامێرا و لایەنە باش و خراپەکانیان دەکرێت.
دراما بیانییەکان، دۆبلاژ و ژێرنووس
کۆمەڵگەی ئێمە وەک کۆمەڵگەیەکی گەمارۆدراو لەڕووی سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتوریشەوە، خاوەنی کەمترین بەرهەمی درامای خۆماڵین، لەوانەش کە هەمانە چەند درامایەکیان نەبێت کە مایەی هەڵوێستە لەسەرکردنن و لە یادەوەریی چەند نەوەیەکدا بە زیندوێتی ماونەتەوە، هەندێکیان هێندەی شایانی رەخنەن لەڕووی ناوەڕۆکی دەق و کوالێتی و وێنەگرتن و ئەدای ئەکتەرەکان و بڵاوکردنەوەی بێ مۆراڵیی کۆمەڵایەتییەوە، هێندە شایانی هەڵسەنگاندن نین، بۆیە زۆرێک لە کەناڵەکان پەنا دەبەنە بەر درامای بیانی، جا بە وەرگێڕان و ژێرنووسەوە بێت یان لەڕێگەی دۆبلاژەوە بێت بە ستافێکی دۆبلێر، ئەم جۆرەش دوو لایەنی هەیە.
 هەندێک لەو دراما وەرگێڕدراو یان دۆبلاژکراوانە هەر لە بنەڕەتدا گونجاو نین بۆ ناو خێزانی موحافیزەکاری کوردەواری و تەنانەت بۆ هەموو تەمەنەکان لە خێزانە کراوە و مەدەنییەکانیشدا و لە بەشێک لە کەناڵەکانیشەوە هیچ ئاماژەیەک بەوە نادرێت کە دراماکە بۆ هەندێک تەمەنی دیاریکراو گونجاو نییە، بۆیە نەک منداڵان لێیەوە تووشی لادانی زۆر دەبن، بەڵکو مێرد منداڵان و هەرزەکارانیش تووشی لادان دەکەن.
رێگەکانی پارە پەیداکردن
مەرجیش نییە کە دەوترێت لادان، بابەتەکە بەس لادانی سێکسی بێت، بەڵکو بەشێک لەو درامایانە شێواز و تەکنیکەکانی دزی و کوشتن و قۆڵبڕین و ساختەکاریی لە نووسراوی رەسمی و چەواشەکردنی پۆلیس و دامەزراوە یاساییەکان فێری کۆمەڵگە دەکەن، بەتایبەتی گەنجان و هەرزەکاران لە وڵاتێکی وەک ئەوەی ئێمەدا کە ئابوورییەکەی نالەبارە و بێکاریی لەناو ئەو توێژانەدا بڵاوە، ئەگەری زۆرە سوود لە سیناریۆ و شێوازەکانی پارە پەیداکردن بە شێوەی ناڕەوا وەربگرن و هەمان ئەو شێوازانە لە کۆمەڵگەی خۆشماندا دووبارە و چەند بارە ببێتەوە، دیاردەکانی چەند ساڵی رابردوو لە تەکنیکی دزیکردن و خەڵک کوشتن و ئیبتیزازکردنی کچان و ژنان بۆ بەدەستهێنانی پارە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەشێکی لەژێر کاریگەریی هەندێک لەو درامایانەدایە.
نرخی کڕینی دراما
ئەگەرچی دڵنیانیم بڕی پارەی درامایەک کە بەبێ لۆگۆ دەدرێت بە کەناڵێکی کوردی چەندە تا بتوانێت پێ بەپێی کەناڵی وڵاتی بەرهەمهێن بە دۆبلاژکردنەوە بە زمانی کوردی پەخشی بکات، بەڵام بەدووری دەزانم ئەگەر مەبەستێکی سیاسی لەپشت بەرهەمەکەوە نەبێت، بە پارەیەکی کەم پێیان بفرۆشرێت، خۆ ئەگەر لەگەڵ ئەو پارەیەدا کۆبکرێتەوە کە دەدرێت بە دۆبلێرەکان و وەرگێڕەکان، ئەوا بە بڕێک زیاتر لەو پارەیە کەناڵەکان دەتوانن درامای کوردیی باش بەرهەم بهێنن و زیاتریش رەچاوی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئارەزووی بینەری کورد بکەن.
هێڵی راست و چەپ  بەسەر هەموویاندا ناهێنین  
قسەوباس لەسەر وەرگێڕان و ژێرنووس و دۆبلاژکردنی فیلم و درامای بیانی، بۆ ئەوە نییە کە هێڵی راست و چەپ بەسەر هەموویاندا بهێنین، چونکە گومانی تێدانییە ئەدەب و هونەر بە هەموو رشتە جیاجیاکانییەوە کایەیەکی ئینسانیی پان و بەرینە، جێی خۆیەتی چەندە حەزمان بەوەیە شیعر و چیرۆک و رۆمان و بەرهەمی هونەریی کوردی وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی تری جیهان و لە دەرەوەی کوردستان بڵاوببێتەوە، دەیان هێندە پێمان خۆش بێت بەرهەمی سەنگینی بیانی بە هەموو رشتەکانییەوە بە بینەر و خوێنەری کورد ئاشنا بکرێت، بەتایبەتی بەرهەمە نایاب و دانسقەکان، چونکە ئێمە بە درێژایی مێژووی گەشەسەندنی ئەدەب و هونەر لە جیهاندا گەمارۆدراو بووین و کەلتور و رووناکبیریش لەو گەمارۆیە بێبەش نەبووە، بۆیە ئەگەر بابەتێکی ئەدەبی یان هونەریشمان بەدەست گەیشتبێت، ئەوا لە زمانی دووەم و سێیەمەوە بە ئێمە گەیشتووە و بە کوردییەکەی (تڵپی تەڕی تێدا نەماوە) و زۆرجار ناوەڕۆکە راستەقینەکەی لەدەستداوە.
چۆن دراما ئازاد و کۆنترۆڵیش بکرێت؟ 
ئەرکی میدیای بینراوی کوردی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتە ئەگەر مەبەستیانە تاکی کورد و هونەرمەندی کورد تاکێکی تەندروست بێت و کەناڵەکانیان کەناڵێکی سەنگین بێت، دەبێت چەند هەنگاوێک بنێن ئەگەر درەنگیش بێت، باشترە لەوەی هەر گوێی لێ بخەوێنن:
لەسەر ئاستی لۆکاڵی
*هانی نووسەران و سیناریستەکان و دەرهێنەرە بەتواناکان بدەن درامای باش و کوالێتی بەرز بەرهەم بهێنن، بۆ سەرکەوتنی ئەو کارەش کەمێک زیاتر لەو پارەیە کە بۆ کڕینی بەرهەمی بیانی و وەرگێڕان و دۆبلاژکردنی خەرجی دەکەن، تەرخان بکەن بۆ هونەرمەندانی کوردستان و نووسەران و سیناریستەکان تا کاری درامی سەنگین بەرهەم بهێنن.
*تاڕادەیەکی زۆر لەڕووی سیاسییەوە ئازادیان بکەن بۆ قسەکردن لەسەر دیاردە دزێوەکانی وەک گەندەڵیی سیاسی و ئیداری و هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان و گرانی و گێلاندنی خەڵک لەژێر پەردەی ئایین و هەموو ئەو دیاردانەی کە ئێستا کوردەواری بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، لانیکەم وەکو دراما میسری و سورییەکان بتوانن بەشێک لەو دیاردانە لەڕێگەی دراماوە ریسوابکەن و جگە لەوەش دامەزراوە ئەمنییەکان رابسپێرن گیانی هونەرمەندەکان و نووسەری دەقەکان بپارێزن لە هەڕەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. واتا حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارێتی ئەمنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتوریی لە ئەستۆبگرن.
*ئەو ئەرکە ئەگەر بە تەنها بە حکومەت ناکرێت بە پاساوی نەبوونی پارە، ئەوا با سەرمایەداران وەبەرهێنان هان بدرێن کار لە بواری دروستکردنی شاری فیلم و درامادا بکەن و بەرهەمەکان لە زیادکردنی ئاشکرادا بەو کەناڵانە بفرۆشن کە ئامادەن بەخشی بکەن، بەوەش هونەرمەندان لەوە رزگاریان دەبێت کە تەحەفوز لە درکەوتن لە کەناڵێکی دیاریکراوەوە دەکەن.
لەسەر ئاستی دەرەوە 
دەکرێت دامەزراوە حکومییەکان چاودێربن بەسەر ئەو بەرهەمانەوە کە کەناڵەکان لە وڵاتێکی دەکڕن و دۆبلاژی دەکەن، تا لەڕووی چیرۆکەوە سەنگین و لە ئاستێکی بەرزی داهێناندا بێت و لە رووی زمانی وەرگێڕان و ئادابی کۆمەڵایەتییەوە گونجاو بێت و تەرویجیش بۆ تاوانەکانی دزی و کوشتن و دەستبڕین نەکەن بەشێوەیەک کە کاریگەریی خراپی بۆ سەر کۆمەڵگە هەبێت ئینجا مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیان پێ بدرێت، بەمەش کەناڵەکان ناچار دەبن بەدوای باشترین و سەنگینترین بەرهەمدا بگەڕێن. 

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان