محه‌مه‌د كه‌ریم
محه‌مه‌د مه‌ولوود مه‌م (1987-1926) به‌پێی نووسینه‌كه‌ی ئیسماعیل به‌رزنجی له‌سه‌ر به‌رگی پشته‌وه‌ی رۆمانی رێگا، ساڵی (1987) رۆمانه‌كه‌ی ته‌واو كردووه و ئاماده‌بووه بۆ چاپ، به‌ڵام له‌به‌ر سانسۆری سه‌رده‌می به‌عس چاپ نه‌بووه و كه‌وتۆته دوای راپه‌ڕین، ساڵی (2001) ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس چاپی دووه‌می كردووه كه بریتییه له (328)لاپه‌ڕه. به‌نده له‌م ماوەیەی پێشوودا ئه‌م چاپه‌ی ئه‌م رۆمانه‌م یه‌كجار خوێنده‌وه، به‌ڵام هه‌رچه‌ندم كرد ویژدانم قبووڵی نه‌كرد ئه‌م رۆمانه به‌بێده‌نگی بسپێرم و پێم باش بوو، به‌پێی ئه‌زموونی خۆم ته‌نیا قسه له‌سه‌ر شێوازی گێڕانەوەی ئه‌م رۆمانه بكه‌م، ئه‌گه‌رچی بۆ رۆمانێكی وا قه‌واره گه‌وره، سه‌نگین یه‌كجار خوێندنه‌وه به‌س نییه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی، به‌ڵام له‌م رۆژگاری بێ كاتی و سه‌رقاڵییه‌دا هه‌رچۆنێك بێت له‌وه باشتره بێده‌نگ بیت له ئاستی شاكارێكی ئاوادا.
شێوازی گێڕانه‌وه له رۆمانی رێگادا:
به‌هه‌شتی محه‌مه‌د مه‌ولوود مه‌م له‌و به‌شه‌دا كه وه‌كو پێشه‌كی نووسیویه‌تی و له لاپه‌ڕه (6-3)دا بڵاوبۆته‌وه، باس له‌وه ده‌كات ئه‌م رۆمانه ده‌ستنووسێكه له سندوقی ته‌نه‌كه‌ی ئاشه‌وانێكدا بووه به ناوی (كاك حه‌مه‌د)، هه‌رچه‌نده ناوی كه‌سی له‌سه‌ر نه‌بووه. به‌ڵام ئاشكرایه ئه‌مه ته‌نیا فێڵێكی هونه‌رییه و مه‌م ویستوێتی به‌و شێوه‌یه رۆمانه‌كه‌ی بخاته‌ڕوو، له هه‌مانكاتدا بۆن و به‌رامه‌ی ناوچه‌یه‌كی سنووری بداتێ، خۆی له ئه‌سڵیشدا رۆمانه‌كه هه‌ر له ناوچه‌یه‌كی سنووری ده‌گوزه‌رێت.
له رۆمان‌دا چۆن گوتن گرنگه:
گومان له‌وه‌دا نییه مه‌م شاره‌زاییه‌كی باشی له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا هه‌بووه و ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه گرنگ بووه "چۆنێتی گێڕانه‌وه بووه نه‌ك چه‌ندێتی و چییه‌تی گێڕانه‌وه". خۆی له راستیشدا ئه‌مه جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ی رۆمانه و هه‌ر رۆمانێك به شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی سه‌نگ و قورسایی خۆی ده‌سه‌لمێنێت وه‌كو شاكارێك نه‌ك به چه‌ندێتی و چییه‌تی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی.
بۆ نموونه لای ره‌خنه‌گری ئه‌مریكی رۆمانی "تووڕه‌یی و هاتوهاوار"ی ولیام فۆكنه‌ر له هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی تری گرنگتره، چونكه فۆكنه‌ر شێوازێكی تایبه‌تی گێڕانه‌وه‌ی به‌كارهێناوه و خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیشی له‌سه‌ر هه‌مان رۆمان وه‌گرتووه. هه‌روه‌ها رۆمانی "پیره‌مێرد و ده‌ریا"ی ئه‌رنێست هه‌مه‌نگواری، هه‌رچه‌نده رۆمانێكی بچووكیشه، به‌ڵام له‌به‌ر شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی گرنگه و خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیشی له‌سه‌ر وه‌رگرتووه. یان ئه‌وه‌ی وایكردووه رۆمانی "ئۆلیس"ی جه‌یمس جۆیس گرنگ بێت و زۆربه‌ی خوێنه‌ران ته‌قه‌ی سه‌ریان بێت له كاتی خوێندنه‌وه‌یدا شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌یه‌تی. هه‌روه‌ها رۆمانی "سه‌د ساڵ ته‌نیایی" گابریل گارسیا ماركیز، له‌به‌ر شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی گرنگه، خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیشی له‌سه‌ر ئه‌و رۆمانه وه‌رگرتووه، هه‌رچه‌نده ماركیز خۆی پێی وایه رۆمانی پایزی پاتریاركی گرنگتره. له رۆمانه‌كانی نه‌جیب مه‌حفوزیشدا رۆمانی "مناڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان" له‌به‌ر شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی گرنگه و گێڕانه‌وه‌یه‌كی بێوێنه‌یه له رۆمانی عه‌ره‌بی و جیهانیشدا، خه‌ڵاتی نۆبڵیشی له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌ی وه‌رگرتووه. ئه‌گه‌ر سه‌یری رۆمانی فارسیش بكه‌ین رۆمانی "شازاده ئیحتجاب"ی هوشه‌نگی گوڵشیری كه ته‌نیا (116) لاپه‌ڕه‌یه، به‌لای ره‌خنه‌گرانی ئێرانییه‌وه زۆر له رۆمانی "كه‌لیده‌ر"ی مه‌حمودی ده‌وڵه‌ت ئابادی گرنگتره كه (2525) لاپه‌ڕه‌یه، دیاره له‌به‌ر شێوازی گێڕانه‌وه‌ی رۆمانی "شازاده ئیحتیجاب"ه كه زۆركه‌س به "ئۆلیس"ی رۆمانی فارسی ناوی ده‌به‌ن. دیاره ده‌توانم ده‌یان نموونه‌ی تر ریز بكه‌م، به‌ڵام پێم وایه ئه‌وه‌نده به‌سه، دواجار به‌لای منه‌وه بۆیه رۆمانی رێگا گرنگه له‌به‌ر شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌یه‌تی، بۆیه ته‌نیا له‌م رووه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م.
رۆمانی رێگا
محه‌مه‌د مه‌ولوود مه‌م له‌م رۆمانه‌دا له رێگای كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه كه شێركۆیه و خۆشی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی یان پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌یه، رۆمانی رێگای گێڕاوه‌ته‌وه، هه‌ڵبژاردنی كه‌سی یه‌كه‌می تاك بۆ ئه‌م رۆمانه‌ی كه پڕه له تراجیدیای كاره‌كته‌ره‌كانی و به ئاسته‌م رووناكی به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشتر تێدا ده‌بینیت، هه‌تا بڵێی هه‌نگاوێكی زیره‌كانه‌ی نووسه‌ره. گرنگی كه‌سی یه‌كه‌می تاك بۆ گێڕانه‌وه‌ی رۆمانێكی ئاوا له‌وه‌دایه كه خۆی له‌ناوجه‌رگه‌ی رووداوه‌كاندایه و شایه‌تحاڵی مه‌ینه‌تییه‌كانه. ئه‌وه‌شی له ته‌مه‌نی خۆیدا نه‌بووه له رێی شایه‌تحاڵه‌كانی تره‌وه بۆی ده‌گێڕدرێته‌وه و ئه‌میش ده‌یگێڕێته‌وه. شێركۆ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له قه‌ناعه‌تی خوێنه‌ر نزیك بێته‌وه باسی خاڵه لاواز و به‌هێزه‌كانی خۆشی ده‌كات، وه‌كو له‌و شوێنه‌دا كه عه‌مه‌ری سڵێمان و هاوڕێكانی یاخی ده‌بن و ئه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای دایكی، ره‌خنه له خۆی ده‌گرێت و خۆی به ترسنۆك له قه‌ڵه‌م ده‌دات، یان كاتێك باسی زیره‌كی و گرنگی خۆی ده‌كات، له زمانی كاره‌كته‌رێكی تره‌وه باسی ده‌كات.
ئه‌وه‌ی گرنگه مه‌م له رێگه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه نه‌هاتووه به شێوازی بیره‌وه‌ری له نووكه‌وه ده‌ست به‌گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كان بكات و هه‌تا كۆتایی به‌گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی رۆمانه‌كه‌ی ته‌واو بكات. به‌ڵكو هه‌ر به‌و پێیه‌ی شاره‌زایی له شێوازه‌كانی گێڕانه‌وه‌دا هه‌بووه په‌نای بۆ شێوازی فلاشباك و مونتاجی سینه‌مایی بردووه، كه هه‌ردووكیان له هونه‌ری سینه‌مادا به‌كاردێن و چاوی كامێرا رۆڵیان سه‌ره‌كییان تێدا ده‌بینێت.
كاتی زیندووی رۆمانه‌كه:
دیاره کاتی زیندووی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه بریتییه له‌و به‌یانییه‌ی خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی شێركۆ به‌مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی دانه‌وێڵه رووه و سنوور ده‌كه‌ونه‌ڕێ هه‌تا ده‌گه‌نه سنوور. هه‌رچه‌نده دیار نییه به ماوه‌ی چه‌ند ده‌گه‌نه سنوور، ئه‌مما كاتی زیندووی رۆمانه‌كه له‌و ماوه‌یه زیاتر نییه. ئه‌و زه‌مه‌نه ئیتر شێركۆ هه‌رزه‌كاره و به‌نیازی زه‌ماوه‌نده له‌گه‌ڵ نه‌خشینی خۆشه‌ویستی. مه‌م له رێگه‌ی فلاشباكه‌وه سه‌روه‌ختێك خوێنه‌ر ده‌باته‌وه بۆ رۆژانی مناڵی شێركۆ و پێش ئه‌وه‌ش، باسی گرانی گه‌وره ده‌كات، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێت مه‌به‌ستی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م بێت، سه‌روه‌ختێكی تر ده‌یبات بۆ سه‌رده‌می حزبی هیوا و چله‌كانی سه‌ده‌ی بیست، واته سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌م. واته كاتی فلاشباكه‌كانی گێڕه‌ره‌وه بریتییه له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م و رۆمانه‌كه به فلاشباك ئه‌و ساڵانه به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئاسایی و له سه‌ره‌تاوه بۆ ناوه‌ڕاست و بۆ كۆتایی، نه‌خێر مه‌م وای نه‌كردووه، به‌ڵكو به به‌كارهێنانی مونتاجی سینه‌مایی ماوه زه‌مه‌نییه‌كانی له‌ت له‌ت كردووه و جۆلانه به زه‌ین و چاوی خوێنه‌ر ده‌كات، له كاتی زیندووی گێڕانه‌وه‌كه‌وه كه كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌مه ده‌چێته‌وه بۆ بیسته‌كان و پێشتریش، ئینجا دێته‌وه بۆ سییه‌كان و چله‌كان و دیسان ده‌چێته‌وه بۆ بیسته‌كان.
چیرۆكی ئایشه‌گوڵ:
بۆ نموونه: له چیرۆكی ئایشه‌گوڵی هاوڕێی مناڵیدا، ده‌بینین چۆن جۆلانه به زه‌ین و چاوی خوێنه‌ر ده‌كات. له‌تاو هه‌ژاری ئایشه‌گوڵ ده‌فرۆشن به گه‌نم و ده‌یبه‌ن بۆ شار، ئینجا چیرۆكی یارییه‌كانی مناڵی خۆی له‌گه‌ڵ ئایشه‌گوڵ باس ده‌كات، دواتر ده‌چێته هه‌ولێر و به رێكه‌وت ئایشه‌گوڵ ده‌بینێت کە رایکردووە و بەخۆشەویستەکەی گەیشتووە، دواتر براكه‌ی ئایشه‌گوڵ بریندار ده‌كات، پاشان ئایشه‌گوڵ له‌وه‌ش رزگاری ده‌بێت و به ئاسووده‌یی ده‌ژی، دیسان شێركۆ ئایشه‌گوڵی رۆژگاری مناڵی بیرده‌كه‌وێته‌وه و پێی ده‌ڵێت: "وه‌ره ئایشه‌گوڵ با بچینه گه‌مان."
ئه‌مانه هه‌مووی نیشانه‌ی وه‌ستایی و شاره‌زایی نووسه‌ره له گێڕانه‌وه‌دا كه نایه‌ڵێت خوێنه‌ر بێزار بێت و كه‌مه‌ندكێشی ده‌كات بۆ خوێندنه‌وه، كه ئه‌وه‌ش رۆماننووسی شاره‌زا و لێهاتووی گه‌ره‌كه. له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی به‌لای منی خوێنه‌ری ئه‌م رۆمانه‌شه‌وه گرنگه، شێوازی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌یه، له رۆژگارێكدا كه سه‌رده‌می ئینته‌رنێت و گوێزانه‌وه‌ی زانیاری خێرا نه‌بووه. ئه‌گه‌ر وایدابنێین مه‌م ئه‌م رۆمانه‌ی ساڵی (1985) ده‌ستپێكردووه، ئه‌وا ته‌مه‌نی ئه‌م رۆمانه نزیكه‌ی چل ساڵه، كه‌واته چل ساڵ به‌ر له ئێستا مه‌م به‌و شێوه‌یه شاره‌زای ته‌كنیكی رۆمان بووه و به‌و شێوازه ئاست به‌رزه رۆمانه‌كه‌ی نووسیوه، كه ئێستاش كه‌سانێك هه‌ن خۆیان به رۆماننووس ده‌زانن و فڕیان پێیه‌وه نییه. كه‌واته مه‌م چل ساڵ به‌ر له ئێستا گه‌وهه‌رێكی خسۆته ناو رۆمانی كوردییه‌وه، به‌ڵام گه‌وهه‌رێكی تۆز لێنیشتوو كه چاوی ره‌خنه‌ی كوردی لێ به‌دوور بووه و نه‌یتوانیوه بیدۆزیته‌وه. ئێستاش دوای زیاتر له سی ساڵ له چاپكردنی هه‌ر چاوی ره‌خنه‌ی كوردی له ئاستیدا نابینایه و ناتوانێت دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌م گه‌وهه‌ره به‌نرخه ببینێت. ئه‌مما من ده‌ڵێم مامۆستای گه‌وره‌م مه‌می ئازیز ئارام بنوو، ئاسووده‌به ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ی تۆ خوڵقاندووته نه‌مره و بۆ هه‌تا هه‌تایه وه‌كو مانگی چوارده ده‌دره‌وشێته‌وه.
پێناس:
رێگا، رۆمان.
دانانی محه‌مه‌د مه‌ولود (مه‌م)
پیت لێدان: دلاوه‌ر سادق
بڵاوكراوه‌ی ئاراس-ژماره: 43
چاپی دووه‌م-چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده
هه‌ولێر-2001
محەمەد مەولوود مەم