بەخێربێت بەڕێز ئەردۆغان

11:43 - 2024-04-22
عیراق
629 جار خوێندراوەتەوە

  پەرۆشیی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی كورد لە ناوچەكەدا، كە بەشێكە لە پرۆگرامی سیاسیی ی.ن.ك، ناكۆك نییە لەگەڵ پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا. توركیا، كە یەكێكە لەو وڵاتانە، جگە لەوەی دراوسێیە، هێزێكی هەرێمایەتیی كاریگەریشە، بۆیە دەتوانێت رۆڵی لە سەقامگیری و ئاشتیدا هەبێت، گفتوگۆش لەگەڵ پایتەختەكانی ناوچەكەدا، بە عیراق و هەرێمیشەوە، یارمەتیدەرە بۆ لێكگەیشتن و هەماهەنگییەك كە بەرژەوەندیی هاوبەشی توركیا و عیراق و هەرێمی كوردستانیشی تێدا بێت.
  لە دیدارەكەی سلێمانیدا، سەرۆكی ی.ن.ك، جگە لە بەخێرهاتن لێی، هیوای سەركەوتنی بۆ سەردانەكەی بەڕێز ئەردۆغان خواست كە بڕیارە ئەمڕۆ بگاتە بەغدا. سیاسەتی یەكێتی ئەوەیە كە ئەنقەرە لە رێگەی گفتوگۆوە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا یەكلابكاتەوە، بە یەك مەوداش سەیری پێكهاتەكانی عیراق و نوێنەرە سیاسییەكانیان بكات، ئەو رێككەوتنانەش كە ئیمزا دەكرێن، بەبێ هەڵاوێرد مافی هەموو دانیشتوانی عیراقیشیان گرەنتی كردبێت، سەروەریی وڵاتەكە رەچاو بكرێ و سنوورەكان سەرزەمینێكی ئارام بن بۆ هەردوولاو هاووڵاتیی مەدەنییان تێدا پارێزراوبێت، هاوكات ئابڵوقە لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی وەك فڕۆكەخانەیەكی عیراق هەڵبگیرێت. ئەوە كاری بەڕێزان سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی عیراقیشە كە ئەم پەیامە بگەیەنن، دڵنیایی ئەوەش بە سەرۆكی توركیا بدرێت كە بە لێكگەیشتن لەسەر ئەو پرسانە، ئەوەی كە بەغدا لەگەڵ ئەنقەرەدا لەسەری رێكدەكەوێت، بێ دوودڵی بڕیاری هەرێمیش دەبێت.  

#سەروتار

بابەتە پەیوەندیدارەکان