ئا: بنار محەمەد
ئاڵا نیشانە و ناسنامەی وڵاتانە، ئەمڕۆ هەموو گەل و نەتەوەیەکی خاوەن وڵاتی سەربەخۆ و ناسەربەخۆ خاوەنی ئاڵای تایبەت بەخۆیانن، ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێک لەگەڵ نەتەوە و وڵاتیکی تر جیاوازە هەر وڵاتیک خاوەنی رەنگ و شێوە و واتای جیاواز و تایبەت بە خۆیەتی هەندێک لە رەنگەکانی ئاڵا لەلایەن پسپۆرانی بوارەکەوە بەم جۆرە لێکدانەوەی بۆ کراوە، رەنگی سوور هێمای شۆڕش و قوربانیدانە، ئازایەتی و هێز و یەکسانی نیشان دەدات، رەنگی زەرد هێمایە بۆ رووناکی درەوشانەوە، وریایی و ئاگر، رەنگی سپی هێمایە بۆ ئاشتی ئارامی و ئاگربەست، رەنگی سەوز هێمایە بۆ سەوزایی وڵات و پاراستنی لاوێتی.
کەی ئاڵا دروست بوو؟
تەمەنی دروستبوون و هاتنە کایەی ئاڵا بۆ (4000) چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بۆ یەکەمجار لەلایەن ئیمپراتۆرییەتەکانی فارس و میزۆپۆتامیاوە هەڵدراوە، کاتێک ئیمپراتۆرییەتەکان لەجەنگدا سەردەکەوتن یەکەم شت کە کردوویانە داگرتنی ئاڵای بەرامبەر بووە و لە جێگای ئەو ئاڵای خۆیان داناوە، لە کۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ زۆرینەی ئاڵاکانی جیهان لە هێماکانی ناو سروشت وەک ئەستێرە و مانگ و خۆر و گوڵ پێکهاتوون.
کۆنترین ئاڵای نیشتمانیی ئاڵای دانیمارکە کە لە ساڵی 1219 دروستکراوە، بۆ یەکەمجار ئاڵای ئەمریکا لە ساڵی 1776 دا دروستکراوە و ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاری تێدا کراوە، بەڵام لە ساڵی 1959وە هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاڵاکەدا نەکراوە، پێکهاتووە لە 50 ئەستێرەی سپی لەناو لاکێشەیەکی شیندا وەک ئاماژەیەک بۆ ژمارەی ویلایەتەکانی ئەمریکا هەرچەندە ئێستا ژمارەیان 51 ویلایەتە لەگەڵ سیانزە هێڵی لاکیشەیی سوور و سپی.
چیرۆکی ئاڵای هەر نەتەوەیەک خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئاڵای کوردستانە.
ئاڵای کوردستان لە سەردەمی مادەکاندا
کاتێک دەوڵەتی ماد ساڵی 700ی پێش زایین دامەزراوە خاوەنی ئاڵا و هێمای تایبەت بە خۆیان بوون، دەوترێت ئاڵاکەیان هاوشێوەی ئاڵای ئێستای بۆلیڤیا بووە، لە سەرەوەی هێڵێکی سوور و ناوەڕاست هێڵێکی زەرد و خوارەوەشی هێڵێکی سەوز، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی باوەڕپێکراو تاوەکو ئێستا ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ئاڵای دەوڵەتی ئەیوبییەکان
ئەیوبییەکانی دیاربەکر و میافارقین نسێبین و شام و یەمەن هەریەکەیان خاوەنی ئاڵای خۆیان بوون، بەڵام لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبیدا، ئەیوبییەکان بوونە خاوەنی یەک ئاڵا کە لە شێوەیەکی لاکێشەیی سەوز پێکهاتبوو لەسەر سەوزەکە بە رەنگی رەش و لەسەر دوو هێڵ بە عەرەبی نووسرابوو (لا الە الا اللە) لە سەرەوەی ئاڵاکەش خۆرێکی زەرد لەناو مانگێکی شێوە داسدا هەبووە.
ئاڵای دەوڵەتی زەند
کەریم خانی زەند دامەزرێنەری دەوڵەتی زەند، خۆی و بنەماڵەکەی ساڵانی 1750 بۆ 1794 فەرمانڕەوایی ئێرانیان کردووە و ئاڵای تایبەت بەخۆیان هەبووە کە پێکهاتبوو لە شێوەیەکی سێگۆشەیی هەتاو لە پشتی شێرێکەوە بوو لەسەر هەرسێ لای سێگۆشەکەش هێڵێکی باریکی سەوز هەبوو.
ئاڵای میرنشینەکانی کوردستان
هەریەکە لە میرنشینەکانی کورستان سەربەخۆ بوون و تایبەتمەندیی خۆیان هەبووە، میرنشینی بۆتان و سۆران دووان لە بەهێزترین میرنشینەکان بوون لە سەردەمی پاشای گەورەدا، میرنشینی سۆران کە پایتەختەکەی رەواندوز بوو خاوەنی ئاڵای تایبەت بەخۆی بوو کە پێکھاتبوو لە هەردوو رەنگی رەش و سپی، رەنگی رەش لە بەشی سەرەوەی ئاڵاکە و سپی لەبەشی خوارەوەی.
ئاڵای شۆڕشی قۆچگیری 1921 دوای ئەوەی کوردەکانی قۆچگیری لە هەرێمی دێرسیمی باکووری کوردستان ئامادەنەبوون بچنە ژێر رکێفی تورکەکان و داخوازییەکانی کەمال ئەتاتورکەوە رووبەڕوی هێزەکانی تورکیا بوونەوە و ئاڵای سەربەخۆیی خۆیان هەڵدا، ئەو ئاڵایەش هەمان ئاڵاکەی ساڵی 1919 کۆمەڵەی رێکخستنی جڤاکی بوو.
ئاڵای شێخ مەحمودی حەفید 1922
پاش ئەوەی ئینگلیزەکان ناچار بوون لەبەر بارودۆخی عیراق هاوکاری کورد بکەن، شێخ مەحمودیان لە هندستانەوە گەڕاندەوە بۆ کوردستان، رۆژی 30 ئەیلولی 1922 شێخ مەحمود گەیشتەوە سلێمانی زۆر بە زوویی تەنگی بە هێزەکانی ئینگلیز هەڵچینی و ناچاریکردن سلێمانی جێبهێڵن، مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ شێخ مەحمود ئاڵای کوردستانی هەڵکرد و حکومەتی کوردستانی راگەیاند، هەر دوو رۆژنامەی بانگی کوردستان و رۆژی کوردستانیش لەلایەن حکومەتی شێخەوە بڵاودەکرانەوە، ئەو ئاڵایەی کە لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە هەڵکرا پێکهاتبوو لە زەمینێکی سەوز و مانگێکی سپی لەسەر رەنگی سوور لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا .
ئاڵای راپەڕینەکەی ئاگری 1930
لە سەردەمی راپەڕینەکەی چیای ئاگردا بە رابەرایەتی ئیحسان نوری پاشا رۆشنبیرەکانی ئەو کات ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان دانا بە جۆریک رەنگی سەوز لە سەرەوە و رەنگی سوور لە خوارەوە و سپی لە ناوەڕاستدا، لەسەر رەنگە سپییەکەش وێنەی چیایی ئاگر لەسەر خۆرێکی زەرد کێشرابوو، ئەم ئاڵایە تایبەت بوو بە راپەڕینەکە جگە لە ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کە لەو سەرەدەمەدا هەڵدرابوو.
ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەهاباد 1946
پاش راگەیاندن و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە 2 ی کانوونی دووەمی 1946 دا کە پایتەختەکەی مەهاباد بوو، ئاڵای سەربەخۆی کوردستان هەڵدرا، هەمان ئەو ئاڵایە بوو کە ساڵی 1919 لەلایەن کۆمەڵەی رێکخستنی جڤاکی کوردستان دروستکرابوو، بەڵام بە هەندێک دەستکارییەوە .
ئاڵای ئەمڕۆی کوردستان
هەمان ئەو ئاڵایەیە کە پێش 91 ساڵ لەلایەن کۆمەڵەی جڤاکی کوردستانەوە دروستکرا، ئەمانە کۆمەڵەیەکی رۆشنبیر بوون لە ئەستەنبوڵ دامەزران، داوای سەربەخۆیی کوردستانیان دەکرد، پێکهاتەی ئاڵاکەش وەک ئێستا دەیبینن سوور لە سەرەوە، سەوز لە خوارەوە، سپی لە ناوەڕاستدا و خۆرێکی زەرد لە ناوەڕاستی بەشە سپیەکەدایە، کە 21 تیشکی هەیە وەک ئاماژەیەک بۆ دەسپێکردنی ساڵی نوێی کوردی.
بە گوێرەی نووسراوێکی نوردەین زازا لە سەردەمی راپەڕینەکەی ساڵی 1925 دا بە چاوی خۆی بینیویەتی، ئەم ئاڵایە لە بری ئاڵای تورکیا بەرزکراوەتەوە، لە یەکەم دامەزراندنی کۆمەڵەی خۆیبوون لە ساڵی 1927 هەمان ئاڵا بڕیاری لەسەر دراوەتەوە، هەر ئەم ئاڵایەش لە سەردەمی راپەڕینەکەی چیای ئاگری هەڵدراوە، کۆمەڵەی (ژێ کاف)یش هەمان ئاڵایان هەڵداوە.
ئاڵا وەکو هێمایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئاسمانی کوردستاندا دەشەکێتەوە، ئاڵای کوردستان لە رووی پێکهاتنەوە لە چوار رەنگ پێکهاتووە کە هەریەکەیان واتای خۆی هەیە، رەنگی سوور هێمای خوێنی شەهیدانە، رەنگی سپی بە مانای ئاشتی و تەبایی دێت، رەنگی سەوز واتای سروشتی سەوزی کوردستان دەبەخشێت، خۆرێکی زەردی 21 تیشکی لەناوەڕاستی ئاڵاکەمانە کە ئەمەش مانای سەرەتای ساڵی کوردی دەگەیەنێت.
بۆ یەکەمجار بەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە رێکەوتی 17/12 ساڵێ 1945 لە مەهاباد بە رەسمی و بە ئامادەبوونی کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان ئاڵای کوردستان هەڵکرا.
لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 ئەم ئاڵایە لەسەر دامودەزگاکانی کوردستان هەڵدراوە.
بەڵام بە شێوەیەکی رەسمی ساڵی 1998 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 14 ی ئاڵای هەرێمی کوردستانی دەرکرد و ئەم ئاڵایە بە رەسمی ناساند، پاشان لە دوای 10 ساڵ لە رۆژی 2009/6/19 پەرلەمان لە دانیشتنێکی تایبەتدا رۆژی 17/12 ی هەموو ساڵیکی وەکو رۆژی ئاڵا لە کوردستان دیاریکرد..
لە کوردستان راپەڕین و دەیان شۆڕش لە ژێر ئەم ئاڵایە وەک هێما و ناسنامەیەکی نەتەوەیی کراوە و دوای ئەوەش ئاڵای کوردستان بەرز کراوەتەوە و ئێستا ئاڵای کوردستان لەسەر ئاستی جیهانیش بوەتە رەمزی کوردی هەر چوارپارچەی کوردستان و پێیەوە دەناسرێنەوە.