لە بەغدا؛ تورکیا و عیراق لەبارەی چەند پرسێکەوە گفتوگۆ دەکەن و راگەیەنراوێکی هاوبەش بڵاودەکەنەوە

02:12 - 2024-03-15
عیراق
137 جار خوێندراوەتەوە

عیراق و تورکیا دوای کۆبوونەوەیان لە بەغدا، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا جەختدەکەنەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەردوو لایان.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کراوە کە بڕیارە لە دوای مانگی رەمەزان عێراق بکرێت.
راگەیەنراوی هاوبەشی تورکیا-عیراق لەدوای کۆبوونەوەکانی بەغدا ئاماژەی بەوە کردووە "تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکات کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق دەریکردووە لەبارەی ئەوەی پەکەکە رێکخراوێکی قەدەغەکراوە لە عیراقدا".

لە کۆبوونەوەکاندا راوێژ لەبارەی ئەو رێکارانە کراوە کە پێویستە دژی پەکەکە و درێژکراوەکانی بگیرێتەبەر کە خاکی عیراق بۆ بەئامانجگرتنی تورکیا بەکاردەهێنن و هەردوولا لەبارەی بەردەوامی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان رێکەوتن، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

رۆژی پێنجشەممە، 14ى ئازارى 2024، وەفدی باڵای تورکیا بۆ بەشداری لە لوتکەی ئەمنیی هەردوو وڵات گەیشتنە بەغدا، وەفدەکەی تورکیا پێکهاتوون لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت).
وەفدی عیراقیش پێکهاتوون لە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، سابت محەممەد سەعید، وەزیری بەرگریی، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، هەروەک رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی  هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان