فێستیڤاڵی مردوان لە مەکسیک

10:38 - 2024-03-24
دووتوێ
89 جار خوێندراوەتەوە
لە مەکسیک مۆنۆمێنتێکی شایستە بۆ مردوان دروستکراوە

ژیان و مردن وابەستەی یەکترن و دوو قۆناغی بەیەکەوە بەستراون، مەکسیکیەکان هەمیشە یادی مردووەکانیان دەکەنەوە، لە کەلتوری ئەواندا وا باوە لە سەرەتای هەر مردنێکدا ژیان دەست پێدەکاتەوە، وەک دایکێکی دووگیان کاتێک لەسەر منداڵبوونە و دەمرێ و کۆرپەکەی بە سەلامەتی لەدایک دەبێت، ئەو دوو حاڵەتە وەک رۆژ و شەو وێنادەکەن، کە لە ژیاندان چاوەڕێی مردن دەکەن و پێیان وایە کاتێک دەمرن لەدوای ئەوان هی تازە لەدایک دەبێ و دەست بە ژیانێکی نوێ دەکاتەوە، ئەوان لەدێرزەمانەوە کە دەچنە سەر گۆڕی مردووەکانیان وەک سەردان وەسفی دەکەن و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن، پرسیاری رەوشی مردن و باری کەسەکەیان دەپرسن و خۆیان وەڵامەکانیان لەڕێی چۆنیەتی هەڵسوکەوتی مردووەکە وێنادەکەن کاتێک لەژیاندا بووە، ئەگەر کەسێکی شەڕانی و خراپ بوبێت ئەوا لە قۆناغی مردنیش هەروا دەبێت و جار جارە بەتوڕەییەوە قسەی لەگەڵ دەکەن، خۆ ئەگەر باشیش بوبێت ئەوا دوورە لە رۆحی خراپە و ستایشی دەکەن، هەزارن ساڵە ئەو کەلتورە هەر پیادە دەکرێت، بەڵام کاتێک ئیسپانیەکان ئەو وڵاتەیان داگیرکرد و کەلتورەکەیان تێکەڵی ئایینی کاسۆلیکی بوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

مردن رۆژی خۆشییە
بەو هۆیەوە کە مردن توانەوەی یەکجارەکی مرۆڤ نییە و حاڵەتێکی کاتییە، وەک خەوێکی قووڵ وایە و هاکا تەرمەکە راست بۆوە، بۆیە نەک هەر پێی خەمبار نابن بەڵکو شایی و ئاهەنگیشی بۆ دەگێڕن، بەدەم تەپڵ و میوزیکەوە مردووەکانیان دەنێژن و لەسەر گۆڕستان دەبێتە شایی، ئەوان رۆژێکی تایبەتیان هەیە و دەکەوێتە یەکەم رۆژ و دووەم رۆژی مانگی تشرینی دووەم، پێیان وایە لەم دوو رۆژەدا مردووەکاینان زیندوو دەبنەوە، بۆیە فێستیڤاڵی گەورە بەم بۆنەوەیەوە سازدەکەن و گەورە و بچووک بەشداری تێدادەکەن، زیندووەکان پەیکەرەئێسکی مردوان بەرزەدەکەنەوە و تابوت و هەموو کەلوپەل و شمەکەکانیان دێننەوە گۆڕێ و پێیانەوە هەڵدەپەڕن، سەردولکەو گۆرانیان بۆ دەڵێن، هەلهەلەی خۆشی وکەیف و سەفا لێ دەدەن، رۆژی مردوان دەبێتە کەرنەڤاڵی خۆشی و سەرتاپای وڵات دەبێتە جەژنی گشتی.

مۆنۆمێنتی مردوو
لەو وڵاتە مۆنۆمێنتێکی شایستە بۆ مردوان دروستکراوە بەناوی» لاکاترینا» و بەهێمای پاکی و راستگۆیی و ئارامی و مرۆڤایەتی دەزانن لایان پیرۆزە و لە بۆنە و یادەکان بەتایبەتی لە رۆژی مردواندا سەردانی دەکەن و نزای لەبەردەمدا دەخوێنن، ئەو مۆنۆمێنتە وەک پیاوچاک وایە و سیمبولی پاکیی و بەزەیی و ئارامی رۆحی خۆیانی دەزانن، هەرلەم رۆژەدا خانەوادەکان ماڵ دەڕازێننەوە لەسەر سفرەکانیان خواردنی خۆش دادەنێن و گوڵ و گوڵزار و دیاری تایبەت بۆ مردووەکانیان ئامادە دەکەن کە سەردانی گۆڕەکانیان کرد پێشکەشیان دەکەن، مۆم دادەگیرسێنن  و بۆنی بخورد و بەهارات سەرتاپای وڵات داگیردەکات، ئەو فێستیڤاڵەی مەکسیک رێکخراوی یۆنسکۆ ماوەی 20 ساڵ دەبێت کردوویەتییە نێو کەلەپور و بە فەرمیی ناسێندراوە.
سەرچاوە: Holidify

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان