مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
گێڕانەوە لە ئەدەبی منداڵاندا ئەو شێوازەیە کە چیرۆکی پێ دەگێڕدرێتەوە، چەند لایەنێک لەخۆ دەگرێت، لەوانە: هەڵبژاردنی کارەکتەرەکان، کات، شوێن، پلۆت. ئەم رەگەزانە لە گێرانەوەی چیرۆکدا لەرادەبەدەر گرنگن، چونکە کار لە تێگەیشتنی منداڵان و ئەزموونی سۆزدارییان دەکەن. لەریی شیکاریی بنیادی گێڕانەوەوە، دەتوانین لەوە بگەین چۆن چیرۆک یارمەتی منداڵان دەدات بۆ فێربوون و کارلێک لەگەڵ جیهانی دەوروبەریان و گەشە بە کارامەییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانیان دەدات. گێڕانەوەی سادە و روون توانای کارامەییەکانی خوێندنەوە و نووسینی منداڵان پەرەپێدەدات لەڕیی ئاشنابوونیان بە وشە و پێکهاتەی زمانیی نوێ، هەروەها لەڕێی ناساندنیان بە کاراکتەرە جۆربەجۆرەکان و ئــــەزموونەکانیان لە چیرۆکەکانـــــدا فێری هاوسۆزی دەربڕین و تێگەیشتن لە هەستی ئەوانی دی دەبن.
بنەما بنەڕەتییەکانی گێرانەوە:
1 - کارەکتەرەکان: کارەکتەرەکان ئەو مۆدێلی کەسایەتیانەن کە دەکرێت منداڵان لە دەقەکاندا بیانناسن، زۆرجار ئەو کەسێتیانە گیاندارانن، یاخود منداڵانن، بۆ ئەوەی منداڵان ئاسانتر بتوانن پەیوەستی ئەزموونەکانیان بن، لەریی ئەم کارەکتەرانەوە بەها ئاکارییەکان دەگات و یارمەتی منداڵان دەدات بۆ بنیادنانی هاوسۆزیی و لێکتێگەیشتنیان.
2 - گرێ (پلۆت): پلۆت لە چیرۆکی منداڵاندا بەشێوەیەکی گشتی ساکارن، منداڵان لێوەیان بابەتانێکی بەهایی وەک هاوڕێیەتی، لێهاتوویی، هاوکاریی فێردەبن. دەکرێت گرێ روون و راستەوخۆبێت تا منداڵان بتوانن بەدواداچوون و بەردەوامیان هەبێت بۆی.
3 - کات و شوێن: کات و شوێن بە شێوەیەک بەکاردەهێنرێت کە چیرۆکەکە ورووژێنەر و سەرنجڕاکێش بکات، دەکرێت پاشخانەکان خەیاڵیی، یان واقیعی بن، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە چۆن بەکاردەهێنرێن بۆ ئاسانکاریی تێگەیشتن و بەدیهێنانی ژینگەیەکی لەبار بۆ گەیاندنی پەیام بە خوێنەری منداڵ و کرداری لێوە فێربوونیان.
جۆرەکانی گێڕانەوە لە چیرۆکی منداڵاندا:
• گێڕانەوەی کەسیی: ئەمەش پشت بە دیدگای تاکە کارەکتەرێک دەبەستێت، رێگە بە منداڵان دەدات هاوسۆزی کارەکتەری سەرەکیی بن و لە هەستەکانی تێبگەن.
• گێڕانەوەی فرەدەنگی: دەتوانرێت ئەم شێوازە بەکاربهێنرێت بۆ پێدانی چەند تێروانینێکی فرەدەنگی منداڵان لەسەر بابەتێکی دەستنیشانکراو، ئەم شێوازە ئەزموونی منداڵان بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە هەمەچەشن و فراوانتر دەکات.
کۆتایی چیرۆکی منداڵان لە چەند روویەکەوە جیاوازە لە ژانرەکانی تر:
1 - روونی و ئەرێنی: زۆرجار کۆتاییەکان روون و ئەرێنین، بە چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەکتەرەکان کۆتایی دێت، هەستێکی ئاسایش و هیوا و ئارامیی بە منداڵان دەبەخشێت.
2 - دابینکردنی بەهای ئاکاریی: کۆتاییەکان بۆ پێدانی وانەی ئاکاریی باش و روون بەکاردەهێنرێن، وەک گرنگی هاوڕێیەتی یان بوێری، یارمەتیدانی منداڵان بۆ تێگەیشتن لە بەهاکان.
3 - سادەیی چارەسەرەکان: چیرۆکی منداڵان دەیەوێت زەمینەیەک بسازێنێت بۆ دابینکردنی چارەسەری سادە بۆ کێشەکان، لەگەڵ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە خێرایی و راستەوخۆ.
4 - کاریگەریی سۆزداری: ئامانجی کۆتاییەکان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر منداڵان بەجێبهێڵن، پەروەردەکردن و پێگەیاندنی هەستکردن بە ئاسوودەیی و بەختەوەری دەستەبەردەکەن.
5 - کۆتاییە دووبارەبووەکان: رەنگە تەوەری کۆتاییە خۆشەکان لە زۆرێک لە چیرۆکەکاندا دووبارە ببێتەوە، ئەمەش ئەو بیرۆکەیە بەهێزتر دەکات، کە هەموو شتێک باشە و بە باشی کۆتایی دێت.
سەرچاوەکان:
1 - سردیات أدب الطفل في وعي النقاد. د.وصفي یاسین عباس.
المجلة الأکادیمیة للأبحاث و النشر 2020
2 - طرائق تحلیل السرد الأدبي -دراسات-منشورات إتحاد کتاب
المغرب.