كیومینگ شاری هەمیشە بەهار و پایتەختی گوڵ

10:45 - 2024-03-24
دووتوێ
347 جار خوێندراوەتەوە
كەشوهەوای ئەم شارە بەجۆرێكە ئەگەر هەموو جیهان بگەڕێیت پێناچێت هاوشێوەی هەبێت

ئا: فەرید دڵشاد

شارێك دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای چین پایتەختی پارێزگای یونانە، بە دەرگای چین بۆ وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا دادەنرێت، یەكێكە لە شارە سەرەكییەكانی چین، دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا لە سەردەمی (رێگەی ئاوریشم) تا ئێستا كە سەردەمی پڕۆژەی(پشتێن و رێگە)یە، پێگەی كراوەی خۆی پاراستووە وەك خوێنبەرێكی وشكانی بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی و پەیوەندی سیاسی چین بە وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیاوە، مێژووی گەشەكردنی شارەكە بۆ ساڵی 1910 دەگەڕێتەوە كاتێك شەمەندۆفێری هانۆی دروستكرا.

پێگەی كیومینگ
ئەم شارە لە سێ‌ لاوە بە شاخ دەورەدراوە، خاوەنی چەندین دەریاچەی ناوازە و دارستان و ئەشكەوتی بەردینە، ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاترە لە هەشت میلۆن كەس، بنكەی سەرەكی زۆربەی كۆمپانیا گەورەكانی پارێزگای یونان لەم شارەیە،  بەپێی توێژینەوەكان یەكێكە لە 200 شارە سەرەكییەكانی جیهان، ژمارەیەکی زۆر لە زانكۆی پێشكەوتووی تێدایە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و تەكنەلۆجی و پزیشكی، بە رێگەی شەمەندۆفێر بە ڤێتنام و بە رێگەی وشكانیش بە (بۆرما و لاوس و تایلەند) بەستراوەتەوە. فڕۆكەخانەی شارەكە بە یەكێك لە 40 فرۆكەخانە قەرەباڵغەكەی جیهان دادەنرێت، لەم شارە پیشەسازی(مس، قوماش كاغەز، چیمەنتۆ) دەكرێت.

شاری پێكەوەژیانی نەتەوەكان
مێژوونووسان لەسەر ئەوە كۆكن ناوی كیومینگ ناوی نەتەوەیەكی كۆنە لە باشووری رۆژئاوای چینەوە هاتوون، لە كۆنەوە شارێكی فرەنەتەوە بووە 26 نەتەوەی جیاواز تێیدا دەژین لەوانە (هان، یی، بای، هویی...هتد) ئەم نەتەوانە پێكەوە كەلتوری خۆیان ئاڵوگۆڕ كردووە و كاریگەریان لەسەر یەكتری هەبووە، لە هەمانكاتدا دابونەریتی خۆیان پاراستووە، ئەوانەی سەردانی شارەكە دەكەن هەست بە تایبەتمەندی نەتەوە جیاوازەكان دەكەن بەتایبەت لەڕووی خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون.

شارێكی یاخی لە دوژمن
كیمینگ لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهاندا رۆڵێكی گرنگی هەبووە، لە ساڵی 1931 كاتێك ژاپۆن هێرشێكی بەرفراونی بۆ سەر چین دەستپێكرد، ئەم شارە بوو بە بنكەی دواوەی بەرخۆدانی سوپای چین دژی هێرشەكە بەتایبەت دوای ئەوەی شارەكانی باكوور و شارەكانی سەر كەنارە ئاوییەكانی لەلایەن ژاپۆنەوە كۆنترۆڵكران، دوای ئەوەی لە ساڵی 1941 جەنگی زەریای هێمن دەستیپێكرد سوپای ژاپۆن لە تایلەندەوە هێرشیكردە سەر میانمار و دواتر هێرشی كردە سەر پارێزگای یونان-ی چین و سێ‌ كیلۆمەتری پارێزگاكەی داگیركرد، بەڵام جارێكی تر لەم جەنگەشدا كیومینگ یاخی بۆوە و بووە هێڵی پێشەوەی جەنگ و دژی ژاپۆنییەكان وەستایەوە.

بڕیار لەسەر نرخی گوڵ دەدات
كەشوهەوای ئەم شارە بەجۆرێكە ئەگەر هەموو جیهان بگەڕێیت پێناچێت هاوشێوەی هەبێت، تێكڕای پلەكانی گەرمان لەم شارە 15 پلەی سیلیزییە، نە زستانی ساردە نە هاوینی گەرم، بەدرێژایی ساڵ لەم شارە وەرزەكانی وەك بەهارە هەوایەكی پاك و خۆرێكی هەمیشە درەوشاوە و بەردەوام گوڵەكان گەشاوەن، ئەمەش وایكردووە نازناوی شاری بەهار و پایتەختی گوڵ وەربگرێت، كەشوهەواكەی گونجاوە بۆ گەشەكردنی چەندین گوڵی جۆراوجۆر و رەنگی جیاواز، بە درێژایی ساڵ لەسەر شەقام و پارك و شاخەكان تا چاو بڕكات گوڵی جۆراوجۆر دەبینیت، خەڵكی كیومینگ ئارەزوویەكی زۆریان بۆ گوڵ هەیە، تەنانەت باڵكۆنی ماڵەكانیش بەگوڵ رازاندۆتەوە، شارەكە بووەتە شاری پیشەسازی گوڵ، سەدان دۆنم زەوی بەگوڵ چێنراوە، بە گەورەترین بنكەی بازرگانی گوڵ لە چین دادەنرێت، لەم شارەوە نرخی گوڵ دیاری دەكرێت، زیاتر لە 200 جۆر گوڵ بۆ بازاڕەكانی ناوخۆ و دەرەوە هەناردە دەكەن لەوانەش كۆریا و تایلەند و ژاپۆن و سەنگافورە. 
لە سەرەتای سەدەی 19 ەوە هەوڵەكانی چین بۆ مۆدێرنەكردنی شارەكە بەردەوامە بۆ گەشەسەندنی خێرا بەزوویی شارەكە و شەقامەكانی فراوانكران، پرۆژەی نیشتەجێبوون بەزوویی گەشەی كرد، بوونی سروشتەكە و چەندین هۆتێل وایكرد ببێتە ناوەندی گەشتیاری و لە سەردەمی شی جین پینگ سەرۆكی ئێستای چین ئەم شارە پێشكەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینی و گرنگی زیاتری لەسەرجەم بوارەكاندا پێدراوە لە ئێستادا بووەتە ناوەندێكی بازرگانی گرنگ لە ناوچەكەدا.  

سەرچاوە: china today

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان