پرسی پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆران دەجووڵێنرێت

10:16 - 2024-03-27
عیراق
108 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم داوا لە وەزارەتەكان دەكات لەگەڵ ئامادەكردنی لیستی مووچە، لیستی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش ئامادەبكەن كە ماوەی هەشت ساڵە راگیراوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: «یەكێك لە سوودەكانی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆرانە، كە ماوەی هەشت ساڵە بە نایاسایی حكومەتی هەرێم رایگرتووە».
پلە بەرزكردنەوە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانە
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە رۆژی 24/3/2024 ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی كردووە و ئیمزای وەزیری دارایی هەرێمی لەسەرە، تیایدا سەرجەم یەكە ژمێریارییەكان ئاگاداركراونەتەوە، كە لەگەڵ ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی 3ی 2024 لیستێكی تریش ئامادەبكەن كە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی تێدابێت.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «بەوپێیەی لە داهاتوودا حكومەتی عیراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین دەكات، هیچ ئەركێكی دارایی ناكەوێتەسەر حكومەتی هەرێم بۆیە دارایی هەرێم لەم كاتەدا داوای لیستی پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆرانی لە وەزارەت و دەستەكان كردووە». وتیشی: «هەشت ساڵە حكومەتی هەرێم ستەم لە مووچەخۆرانی دەكات و بەنایاسایی پلەبەرزكردنەوەی راگرتووە، ئێستاش یەكێك لە مەرجەكانی گواستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆران دەبێت، كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانە».
مووچە بچێتە سەر بەغدا راگرتنی پلەبەرزكردنەوە نامێنێت
دادگای فیدراڵی لەبارەی سكاڵای ژمارەیەك فەرمانبەر، كە بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم ئاڕاستەیان كردبوو، ئاماژەی بەوەداوە: «لەگەڵ ئەوەی ئەو پرسە تایبەتمەندیی دادگاكەمان نییە، بەڵام بە دروستبوونی هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، بە ئاسایی پلەبەرزكردنەوەش دەستپێدەكاتەوە و هاوشێوەی مووچەخۆرانی عیراق شتێك نامێنێت بەناوی راگرتنی پلەبەرزكردنەوە».
ماوەی هەشت ساڵە بەهۆكاری قەیرانی دارایی‌ لە هەرێم پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆرانی مەدەنی هەرێمی كوردستان راگیراوە كە بۆ زۆرینەی فەرمانبەران دوو یان سێ پلەبەرزكردنەوە دەكات، بەپێی بەدواداچوونەكانی PUKMEDIA هەر فەرمانبەرێك بەهۆی ئەو بڕیارەوە بەپێی خشتەی پلەبەرزكردنەوە بڕی پێنج ملیۆن و 700 هەزار دینار تا نۆ ملیۆن و 600 هەزار دینار زیانی بەركەوتووە.
مووچەخۆران بە دوو شێوە پلەكانیان بەرزدەكرێتەوە
راگرتنی پلەبەرزكردنەوە كاریگەریی لەسەر مووچە و پلەی مووچەخۆران كردووە، لەكاتێكدا بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی دەبوایە هەر فەرمانبەرێكی هەرێم 4-5 ساڵ جارێك پلەكەی بەرزبكرێتەوە، بۆیە هەر فەرمانبەرێك دوو یان سێ پلەبەرزكردنەوەیان راگیراوە.
بەگوێرەی سیستمی بایۆمەتری حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی‌ مووچەخۆرانی‌ هەرێم یەك ملیۆن و 249 هەزار و 481 مووچەخۆرە و لەو ژمارەیەش 483 هەزار مووچەخۆری مەدەنییە، كە هەشت ساڵە پلەبەرزكردنەوەیان راگیراوە.
پسپۆڕێكی ژمێریاریی، بە PUKMEDIAی وتووە: «ئەگەر حكومەتی هەرێم بڕ‌یاری پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران جێبەجێ بكات ئەوا هەر فەرمانبەرێك مانگانە (60بۆ100) هەزار دینار بەپێی پلەی وەزیفی لە مووچەكەی زیاددەكات. بەپێی یاسا مووچەخۆران بە دوو جۆر پلەیان بەرزدەكرێتەوە، پلە 1تا5 پێنج ساڵ جارێك و پلە 6بۆ10 چوار ساڵ جارێك پلەیان بەرزدەبێتەوە، بەمجۆرە هەم پلەی وەزیفی لە قۆناغێكەوە‌ بۆ قۆناغێكی دیكە بۆ بەرزتر دەگۆڕ‌ێت، هاوكات مووچەكەشی‌ زیاد دەكات».
راگرتنی پلەبەرزكردنەوە فەرمانبەرانی خستووەتە هێڵی هەژارییەوە
بەپێی بەدواداچوونێكی PUKMEDIA، راگرتنی پلەبەرزكردنەوە لە كابینەی هەشتەمەوە دەستیپێكردووە لە رۆژی (1/1/2016)ەوە و بڕ‌یارەكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەشت ساڵە درێژەی هەیە و لەو ماوەیەوە فەرمانبەران دوو یان سێ پلەبەرزكردنەوەیان فەوتاوە».
د.خالید حەیدەر مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «راگرتنی پلەبەرزكردنەوە كاریگەری زۆری لەسەر بژێویی ژیانی فەرمانبەران و مووچەخۆران دروستكردووە بەجۆرێك ئەگەر پێشتر بارودۆخی مووچەخۆران لەڕووی ئابوورییەوە لە پلەی مامناوەندیدا بووبێت، ئێستا هاتووەتە هێڵی هەژاری».
نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی درێژكردەوە
سەبارەت بە راگرتنی پلەبەرزكردنەوە، رێنمایی وەزارەتی دارایی ژمارەی 11ی ساڵی 2016 هەیە و دەڵێت: «پێویستە هەموو فەرمانبەرێكی پلە وەزیفییە گشتییەكان پلەبەرزكردنەوەیان رابگیرێت، هەتا پەسندكردنی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2016)، هەروەها لەساڵی 2017ش بە درێژكردنەوەی راگرتنی پلەبەرزكردنەوە پشتی بەهەمان رێنمایی بەست و ئەو ساڵەش درێژە بە راگرتنی پلەبەرزكردنەوە دراوە، لەم كابینەیەشدا حكومەت ئامادەنەبوو بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەمەش درێژە بەڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە درا».
لە (1ی1ی2016) پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ر‌اگیراوە و بەپێی بەدواداچوونەكانی PUKMEDIAش ئەو داهاتەی بەهۆی ر‌اگرتنی پلەبەرزكردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانەوە لە ساڵانی ر‌ابردوودا لە هەردوو كابینەی هەشتەم و نۆیەمدا بۆ حكومەتی هەرێم گەڕ‌اوەتەوە، نزیكەی شەش ترلیۆن دینارە.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان