له فارسییه‌وه/ جه‌واد حه‌یده‌ری
هاووڵاتیبوون یه‌كێكه له چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كان له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئه‌رستۆدا كه پاش تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی دوو هه‌زار و 500 ساڵ، هێشتا یه‌كێكه له پرسه نوێ و گرنگه‌كانی ناو گۆڕه‌پانی فه‌لسه‌فه و سیاسه‌تیش، هه‌رچه‌ند ئه‌و چه‌مكه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ چه‌مكی فه‌زیله‌ت هه‌یه.
ئازادی باوه‌ڕ گرنگه
ئه‌رستۆ له كتێبی سیاسه‌تدا باس له‌وه ده‌كات كه هه‌ر وڵاتێك له كۆمه‌ڵێك هاووڵاتی پێكدێت. ئه‌و پێگه‌ی تاك له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵات ده‌بینێت، نه‌ك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی دیكه كه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسی‌دا ده‌ژین. به رای ئه‌رستۆ هاووڵاتی كه‌سێكه كه له شارێك ده‌ژی و مافی ژیان و مافی موڵكداری و خاوه‌ندارێتی و ئازادی باوه‌ڕ و راده‌ربڕین و باقی ئازادییه‌كانی تری هه‌یه. به رای ئه‌و ئازادی باوه‌ڕ له هه‌موویان گرنگتره.
ئه‌رستۆ به دوای پێناسه‌یه‌ك بۆ مرۆڤ ده‌گه‌ڕێت كه پڕ به پێستی بێت، به شێوه‌یه‌ك كه بتوانێت به‌بێ هیچ كۆتوبه‌ندێك به كه‌سێك بڵێت هاووڵاتی. له روانگه‌ی ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌وه هاووڵاتی كه‌سێكه كه مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بتوانێت پۆسته ره‌سمییه‌كان وه‌ربگرێت و ئه‌ركه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا هه‌ر حكومه‌تێك به شێوازێكی جیاواز پێناسه‌ی بۆ هاووڵاتی هه‌یه، به‌ڵام به باوه‌ڕی ئه‌رستۆ هاووڵاتیبوون، به واتای ئه‌وه‌یە كه كه‌سێك سه‌ربه‌ست و ئازاد بێت و خاوه‌نی مافه مرۆییه‌كان بێت و ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ناو سیستمێكی دیموكراتدا دێته‌دێ.
چوار فه‌زیله‌ته مه‌زنه‌كه
مرۆڤی باش كێیه؟ و هاووڵاتی باش به كێ ده‌ڵێن؟ ئەمانە دوو بابه‌ت و چه‌مكی گرنگن كه چ له سه‌رده‌می یۆنانی كۆندا و چ له سه‌رده‌می ئێستادا، بۆته جێی سه‌رنجی فه‌یله‌سوفان و كۆمه‌ڵناسان و شاره‌زایانی ئاكار و ره‌وشت.
به رای ئه‌رستۆ هاووڵاتی باش كه‌سێكه، كه خاوه‌نی فه‌زیله‌ت بێت. فه‌زیله‌تیش له روانگه‌ی ئه‌رستۆوه خاوه‌نی چوار تایبه‌تمه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقییه و بریتین‌له: حیكمه‌ت، بوێری، دادپه‌روه‌ری و میانه‌ڕه‌وی. هه‌رچه‌ند هاووڵاتیان هه‌ركامێکیان خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ئه‌ركن، به‌ڵام هه‌موویان دواجار ده‌بێت له رێگه‌ی عه‌داله‌ت و له‌پێناو عه‌داله‌ت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌نگاو بنێن و هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ. كۆمه‌ڵگه شتێك نییه جگه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی رێكخراو، هه‌ر كاتێك كه كۆمه‌ڵگه‌كان جیاواز و فره چه‌شن بوون، ئه‌وكاته فه‌زیله‌تی هاووڵاتیانیش یه‌ك ره‌نگ و تاقانه و ره‌ها نابن. هه‌ر بۆیه ئه‌رستۆ پێی وایه« ده‌كرێت هاووڵاتییه‌كی باش بیت به‌بێ ئه‌وه‌ی كه فه‌زیله‌تی مرۆڤێكی باشت هه‌بێت. مه‌حاڵه كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌بێت كه هه‌موو مرۆڤه‌كان تێیدا باش بن، كه‌وابوو نابێت به دوای شتی مه‌حاڵدا رابكه‌ین. به‌ڵكو باشترین رێگه ئه‌وه‌یه، كه ده‌ست به په‌روه‌رده‌كردنی هاووڵاتی باش بكه‌ین ئه‌مەش شتێكه كه ده‌كرێت و مه‌حاڵ نییه، به‌ڵام پێویستی به هه‌وڵ و تێكۆشانه.
جیاوازی نێوان هاووڵاتی باش و مرۆڤی باش
ئه‌رستۆ به‌نیازه له نێوان هاووڵاتی باش و مرۆڤی باش‌دا جیاوازی دابنێت و هه‌ر كامیان به شێوازێك پێناسه بكات. بۆیه زۆر به راشكاوی ده‌ڵێت: بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتێك شیاو و ژیر بێت، ده‌بێت هه‌موو تاكه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه فه‌زیله‌تی یه‌ك هاووڵاتی باشیان هه‌بێت. لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته گۆڕێ ئایا به راستی شتی وا ده‌كرێت؟.
ده‌كرێت هه‌مووان خاوه‌نی فه‌زیله‌تی یه‌ك هاووڵاتی باش بن، به‌ڵام به راستی مه‌حاڵه هه‌موو خاوه‌نی فه‌زیله‌تی یه‌ك مرۆڤی باش بن. مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه بڕیار بدرێت ته‌نها مرۆڤه باشه‌كان، یان خراپه‌كان، مافی هاووڵاتیبوونیان هه‌یه. جیاكردنه‌وه و لێك هه‌ڵاواردنی هاووڵاتی باش و مرۆڤی باش له‌یه‌كتر، كارێكی زۆر قورس و مه‌زنه كه ئه‌رستۆ كردوویه‌تی.
شتێكی مه‌حاڵه كه دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵگه و دروستكه‌رانی ده‌سه‌ڵات و هێز هه‌موویان له مرۆڤه باشه‌كان بن، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر نەتوانین مرۆڤێكی باش له‌ناو كۆمه‌ڵگه و گه‌لدا په‌روه‌رده بكه‌ین، یه‌كه‌م كارێك كه ده‌بێت بیكه‌ین و ئه‌گه‌ری كردنیشی هه‌یه ئه‌وه‌یه، كه هاووڵاتی باش په‌روه‌رده بكه‌ین. ئه‌گه‌ر بڕیارماندا كه مرۆڤی باش له كۆمه‌ڵگه‌دا په‌روه‌رده بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وان رازی نه‌بوون، ئه‌وكات چاره‌نووسی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئێمه پێمان خراپن، چی ده‌بێت؟ ئایا له مافی هاووڵاتیبوون بێبه‌ش ده‌كرێن؟ ئایا وه‌ك كه‌سانی زیاده و بێ كه‌ڵك و بێسوود په‌راوێز ده‌خرێن؟.
ئه‌رستۆ بۆ پێناسه‌كردنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه، له بازنه‌ی بچووك تێده‌په‌ڕێت و بازنه‌یه‌كی گه‌وره له هاووڵاتیانی باش دروست ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌بێ هیچ كۆت و به‌ند و مه‌رجێك، وه‌ك هاووڵاتیان حسابیان بۆ بكرێت. بۆیه له‌و شاره‌ی كه ئه‌رستۆ دروستیكردووه هاووڵاتی ره‌سه‌ن و ناره‌سه‌ن، خۆمانه یان بێگانه‌ی تێدا نییه. له شاره‌كه‌ی ئه‌رستۆدا فه‌زیله‌تی هاووڵاتی باش گرنگتره، له فه‌زیله‌تی مرۆڤی باش، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موویان له‌ناو شاره‌كه‌دا به خۆشی و شادی له پاڵ یه‌كتردا بژین و وڵاتێكی باشیان هه‌بێت.
نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه فه‌زیله‌ت له‌لای ئه‌رستۆ، چه‌مكێكی ره‌ها نییه و شوناسه‌كه‌ی بۆ جیاوازی تاكه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌لایه‌كی تره‌وه فه‌زیله‌تی مرۆڤ وه‌ك كه‌سێك له‌گه‌ڵ فه‌زیله‌تی مرۆڤ وه‌ك ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسی جیاوازه، هه‌روه‌ها له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی فه‌زیله‌تی هاووڵاتیان له‌گه‌ڵ یه‌كتری جیاوازه.
هاووڵاتی راسته‌قینه كێیه؟
به لای ئه‌رستۆوه هاووڵاتی راسته‌قینه ئه‌و كه‌سانه‌ن كه له به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ت و پڕۆسه‌ی سیاسی به‌شدارن و خاوه‌نی رێز و حورمه‌تن. به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له‌پڕۆسه‌ی سیاسی به تایبه‌تی له ئیداره‌دانی حكومه‌ت به‌و مانایه‌یه كه هه‌ر هاووڵاتییه‌ك له ده‌سه‌ڵات و هێزی سیاسی خاوه‌نی به‌ش و پشكی خۆیه‌تی و هه‌ر كه‌سێك به پله‌ی هاووڵاتیبوون ده‌توانێت سیاسه‌ت بكات. ئه‌رستۆ پێی وایه ئه‌گه‌ر كه‌سێك له شارێك له رێز و پۆستی حكومی بێبه‌ش بێت، وه‌ك ئه‌وه وایه كه بیانییه و بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه.
له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌شه كه ئه‌گه‌ر حكومه‌تێك ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵك له به‌شداریكردنی سیاسی بێبه‌ش بكات و رێز و حورمه‌تی ئه‌وان له‌به‌رچاو نه‌گرێت، ئه‌وه له راستیدا به چاوی بێگانه و نامۆ ده‌ڕوانێته ئه‌و كه‌سانه و وه‌ك ره‌عییه‌ت سه‌یریان ده‌كات، نه وه‌ك هاووڵاتی. هه‌ر بۆیه به رای ئه‌رستۆ گه‌ل به سه‌ر دووبه‌شدا دابه‌شده‌كرێت، به‌شی یه‌كه‌م: ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه مافی به‌شداریكردنی سیاسی‌یان نییه و شایسته‌ی ریز و حورمه‌ت نین، به‌مانه ده‌وترێت جه‌ماعه‌تی(ناخۆمانه). به‌شی دووه‌م ئه‌و هاووڵاتیانه كه خاوه‌نی رێز و حورمه‌تن و مافی به‌شداریكردنی سیاسی‌یان هه‌یه و ده‌توانن خاونی پۆست و پێگه بن كه به‌مانه ده‌وترێت جه‌ماعه‌تی( خۆمانه).
چ كات دیموكراسی، دیموكراسییه؟
به باوه‌ڕی ئه‌رستۆ هاووڵاتیان كاتێك ده‌توانن هاووڵاتی یه‌ك وڵات بن كه له هیچ مافێكی هاووڵاتیبوون بێبه‌ش نه‌كرێن و وه‌ك غه‌واره و بێگانه و بیانی سه‌یر نه‌كرێن، چونكه ئه‌رستۆ پێی وایه دیموكراسی كاتێك دیموكراسییه، كه هه‌موو چین و توێژه‌كان تێیدا به‌شدار بن و دیموكراسی هی هه‌مووان بێت، نه‌ك دیموكراسی زۆرینه، چونكه دیموكراسی زۆرینه بۆ هه‌موو وڵاتێك باش نییه و مه‌رج نییه هه‌موو وڵاتێك بتوانێت قبووڵی بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه له هه‌موو وڵاتە دیموكراسییه‌كاندا سه‌ركرده سیاسییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن ژماره‌ی هاووڵاتیان زیاتر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هێزی نیشتمانیی به‌هێز و خۆڕاگرتر بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه مافی هاووڵاتیبوون به هه‌موو كه‌سێك ده‌ده‌ن.
هێزی شه‌ڕ و هێزی خێر
له‌وباره‌یه‌وه ئیمانوێل كانت پێی وایه له‌ناخی هه‌ر مرۆڤێكدا دوو هێز هه‌یه، یه‌كێکیان هێزی خێر و ژیرییه كه مرۆڤ به‌ره‌و باشی هان ده‌دات، هێزێكی تر هه‌یه كه هێزی شه‌ڕه و مرۆڤ به‌ره‌و خراپه دەبات. ئه‌و پێی وایه ئه‌گه‌ر نه‌توانین مرۆڤێكی باش په‌روه‌رده بكه‌ین، ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین كه هاووڵاتییه‌كی باش په‌روه‌رده بكه‌ین. ئه‌و به‌شێكی زۆری له ته‌مه‌نی خۆی بۆ بواری فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق ته‌رخان كرد. بڕوای به په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاق و ئاكار بوو، هاوكاتیش پێی وابوو كه ناكرێت و نابێت هه‌موو دانیشتوانی یه‌ك وڵات له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وه‌ری ئه‌خلاقی په‌روه‌رده بكرێن و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌مای ویژدانی ئه‌خلاقی هه‌نگاو بنێن.
كانت جه‌ختی له په‌روه‌رده‌كردنی هاووڵاتی باش كردۆته‌وه و په‌روه‌ره‌كردنی هاووڵاتی باش، هه‌رگیز به واتای پشتگوێخستنی په‌روه‌رده‌ی مرۆڤی باش نییه و په‌روه‌رده‌ی هاووڵاتی باش، هه‌میشه له‌سه‌ر بنه‌مای ماف و یاسا و رێساكان بووه.
ئه‌رستۆ و كانت به جیاكردنەوەی هاووڵاتی باش و مرۆڤی باش، رێگه‌ی باشیان بۆ پێكه‌وه‌ژیانی مرۆڤ خستۆته‌به‌ر ده‌م مرۆڤایه‌تی و تێپه‌ڕكردنی ئه‌و رێگه‌یه‌ش پێویستی به تێگه‌یشتن و ئیراده‌ی مرۆڤه‌وه هه‌یه.
سه‌رچاوه:
كتاب خرد سیاسی، سید علی محمودی