وتەبێژی كۆمسیۆن: كێشەی پەنجەمۆر لە هەرێم ئاساییە و ستانداردە

10:55 - 2024-03-28
عیراق
81 جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایدەگەیەنێت: «گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەر ئاساییە و %15ی تێنەپەڕاندووە و ستانداردی جیهانییە»، ئەوەش دەخاتەڕوو كە كورسییەكانی پارێزگای هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتوانەكەیەتی.

كۆمسیۆن وەڵامی سەرۆكایەتیی هەرێم دەداتەوە
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، وەڵامی داواكاریی سەرۆكایەتیی هەرێم دەداتەوە سەبارەت بە ژمارەی كورسییەكانی پارێزگای هەڵەبجە و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و چەند داوایەكی تر، جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنەكەش بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: «نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران بەپێی ستانداردی جیهانی، پێویستە لەنێوان %9 بۆ %15دا بێت، كە بێگومان لە هیچ پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەو رێژەیە و لە پارێزگای هەولێر كە 962239 دەنگدەری هەیە، تەنها %14 دەنگدەر پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، هاوكات لە سلێمانی كە 1113302 دەنگدەری تێدایە تەنها %13ی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، لە پارێزگای دهۆكیش كە 708011 دەنگدەری هەیە، تەنها %11 دەنگدەر پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە». وتیشی: «لەدوای بەدواداچوون و پشتبەستن بە بڕ‌یارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ پرسی كورسییەكانی پارێزگای هەڵەبجە، دەركەوت 79729 دەنگدەر لە پارێزگاكە هەن، بەوپێیەش هەڵەبجە سێ كورسی بەردەكەوێت، هاوكات پێنج بنكەی تۆماركردنیشی دەبێت».

لە 24 سەعاتدا ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن بڵاودەكرێتەوە
جومانە غەلای راشیگەیاندووە: «كۆمسیۆن هاوڕ‌ایە لەگەڵ داواكەی سەرۆكایەتیی هەرێمدا كە پێویستە لەدوای هەڵبژاردن لەماوەی 24 سەعاتدا ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن و ئەنجامی كۆتایی وێستگەكان بڵاوبكاتەوە، بۆ ئەمەش هەموو هەوڵێك دەدەین».
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا داوای لە كۆمسیۆن كردووە، كە كێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران و زیادكردنی كورسییەكانی هەڵەبجە چارەسەربكرێت، هاوكات داواشیكردووە كە بەڕ‌ێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەسەرەتا تا كۆتایی لە پارێزگای هەولێر بەڕ‌ێوەبچێت و هەژماری دەنگەكانیش هەر لەو پارێزگایەدا بكرێت، هەروەها داواشیكردووە لەماوەی 24 سەعاتدا كۆمسیۆن بە ر‌ە‌سمی ئەنجامە سەرەتاییەكان رابگەیەنێت.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان