فێستیڤاڵی ئەپیداورۆس لە یۆنان

10:46 - 2024-03-31
دووتوێ
82 جار خوێندراوەتەوە
لە فێستیڤاڵەکەدا میوانان دەتوانن بە بەرهەمەکانی ئۆپەرای نیشتیمانی وڵاتەکە ئاشنا ببن

گەورەترین و نایابترین فێستیڤاڵە لە یۆنان لە شانۆی کۆنی Epidaurus لە نزیک ئەسینای پایتەخت لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئاب و بۆماوەی سێ مانگ بەڕێوەدەچێت، تەمەنی فێستیڤاڵ 69 ساڵە و بەپێی پلانێکی پێشوەختە هەموو رۆژیک شانۆ، کۆنسێرت، هونەری بینراو، یاری سێرک، بەرهەمی هونەری شێوەکاران، کەلوپەل و شمەکی کەلەپوری و دەیان جۆری تری هونەری و کەلتوری پێشکەش بە میوانان دەکرێت، هەروەها میوانان دەتوانن بە بەرهەمەکانی ئۆپەرای نیشتیمانی وڵاتەکە ئاشنا ببن، شەوانی هاوین دانیشتن لەم شوێنە دێرینە کە تەمەنی نزیکی 2000 ساڵ دەبێت لە دیار هونەری ئەستێرە و کەسایەتییە بەناوبانگەکاندا چێژێکی تایبەتی هەیە.

پەرستگەیەکی گرنگ 
هەروەها ئەو شوێنە جاران گرنگترین پەرستگەی خواوەندێکیان بووە بەناوی «ئەسکلیپیۆس» دەوترێت ئەو خواوەندە بەهۆی هێزێکی خۆڕسکەوە چارەسەری زۆر نەخۆشی کردووە، بۆیە خەڵک بۆ ماوەی هەزار ساڵ پەرستویانە و لەدوای مردنیشی چوونەتە سەر مەزارەکەی کە لەم شوێنەیە، هەر نەخۆشێک چووبێتە خزمەت ئەو خواوەندە چاک بۆتەوە و ئەوەی شتێکیشی لە دڵیدا   دابێت مرازی حاسڵ بووە.

هونەری کۆن و هاوچەرخ
لە ئەسینای پایتەخت، ئەو شوێنە جوانترین و کراوەترین سەکۆی شانۆیە، ئۆدیۆنی هیرۆدس ئاتیکوس شوێنی میوزیک و سەما و شانۆ و سێرکە لەوێ راستەوخۆ و بەشێوەیەکی زیندوو بەرهەمە کلاسیکییەکان نمایشدەکرێن، ئەو شانۆ کراوەیە بە شێوازی نیوەبازنەیی لەنێو بەردەڵانی بنار شاخێک بەدیزاینێکی نموونەیی دروستکراوە و پێنج هەزار کورسی و سەکۆ دروستکراوەکانیشی شوێنی دانیشتنی 14 هەزار بینەری تێدا دەبێتەوە، کورسی هەرەبەرزی شوێنی دانیشتن 30 مەتر بەرەو ئاسمان هەڵکشاوە و دیمەنی شاری ئەسینا وەک پانۆرامایەکی رەنگاوڕەنگ نیشان دەدات،  ئەو شوێنە هەموو شەوێ قەرەباڵغە، گەشتیارانی هەموو دنیا سەردانی ئەو شوێنە مێژووییە دەکەن و بە شارستانیەت و کەلەپوری ئەو وڵاتە ئاشنا دەبن، لە شانۆی کۆنی ئێپیداورۆس، هەشت بەرهەمی شانۆیی لە هەفتەیەکدا نمایشدەکرێت، لە دەقی شانۆنامەنووسانی کۆنی یۆنانی یۆریپیدس، سۆفۆکلیس و ئەرستۆفانیس و هونەرمەندانی ناوخۆ و دەرەوەی یۆنان پێشکەشی بینەرانیان دەکەن، لە هەموو بوارەکاندا پێشبڕکێی باشترین و نایابترین دەکرێ و خاوەنی بەرهەمە سەرکەوتەکان خەڵاتی تایبەتی پڕ شکۆ دەکرێن.

کەشێکی ئەفسوناوی هەیە
کاتێک شەودادێ گڵۆپەکان دەکوژێننەوە، بینەر لەو کەشە ئارامە بۆ ساتێکی کورت هەموو شتێک لە هەوای گەرمی ئێوارەدا بێدەنگ دەبێت، لەم بێدەنگییەدا بە سەلیقەوە ڕابردوو بەئەمڕۆ و داهاتوو دەبەسترێتەوە و بینەر دەخەنە بەردەم وەڵامی پرسیارێک کە دەرهێنەرەکان مەبەستیانە، لەکاتی نمایشدا وێنە و ڤیدیۆ و بەکارهێنانی مۆبایل و خواردن و خواردنەوە و جگەرەکێشان قەدەغەیە، هەموو نیگای بەرهەکان دەدەن و بە چاوێکی هونەرییەوە سەیریان دەکەن، هونەری هاوچەرخ پێ بەپێی تەکنەلۆژیای سەردەم نمایشدەکرێن و ئەوانەی لەوێن بەو بەرهەمانە بە سەرەتایەک لە مێژوو و شارستانیەتی یۆنانیەکان ئاشنا دەبن.
سەرچاوە:
Athens Epidaurus Festival

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان