مافمە تەندروست بم

11:12 - 2024-04-07
دووتوێ
66 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

هەموو ساڵێک حەوتی نیسان بە رۆژی تەندروستی جیهانی دانراوە، ئەمساڵ بە دروشمی «مافمە تەندروست بم» رێکخراوی تەندروستی جیهانی یادی دەکاتەوە، ئەو دروشمەش هەڵبژێردراوە بەهۆی ئەوەی ساڵ بە ساڵ لە هەموو دنیادا هەڕەشەکان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ لە زیادبووندان، جگە لە هەموو ئەو نەخۆشی و کارەساتانەی دەبنە هۆی مردن یان کەمئەندامبوون لەگەڵ ئەو  کێشمەکێشانەی ژیانی تاکەکان وێران دەکەن و دەبنە هۆی مردن و ئازار و برسێتی و کێشە دەروونییەکان، هاوکات پیسبوونی ژینگە و زیادبوونی رێژەی گازی ژەهراوی و پیسبوونی هەوا و هەڵمژینی هەوای پیس کە هۆکارن بۆ مردنی یەک کەس لە هەر پێنج چرکەیەکدا.

تەندروستی مافێکە لە مافەکانی مرۆڤ و لە دەستوری زیاتر لە 140 وڵاتدا جێگیرکراوە

لەو بارەیەوە دەستەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەرپرس لە ئابووری تەندروستی بۆ هەموان باسی لەوە کرد تەندروستی مافێکە لە مافەکانی مرۆڤ و لە دەستوری زیاتر لە 140 وڵاتدا جێگیرکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا وڵاتان تەشریعی ئەو جۆرە یاسایانە ناکەن یاخود جێبەجێی ناکەن تا مافی دانیشتوانەکانیان لە وەرگرتنی خزمەتگوزاری تەندروستیدا دەستەبەر بکەن، پێشتر لە راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ساڵی 2021 دا هاتبوو نزیکەی 4.5 ملیار کەس واتا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان بەشێوەیەکی تەواو لە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان سوودمەند نابن، بۆیە بۆ ئەمساڵ رێکخراوەکە ئەو رۆژەی بە رۆژی مافمە تەندروست بم داناوە، بۆئەوەی پارێزگاری لە هەر کەسێک بکرێت لە هەر شوێنێک بێت بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و مافی خوێندن و زانیاری، جگە لە بەدەستهێنانی  ئاو و هەوای پاک و خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوونی باش و کاری گونجاو لەگەڵ کەشی ژینگەیی باش و رزگاربوون لە جیاکاریی.   
 تەندروستی چییە؟ 
تەندروستی واتا حاڵەتێکە لە کامڵبوونی سەلامەتی جەستەیی و ئەقڵیی و کۆمەڵایەتی واتا تەنیا بریتی نییە لەوەی نەخۆش نەبیت یان بێ توانا نەبیت، بەڵکو بریتییە لەوەی لە بەرزترین ئاستی تەندروستیدا بیت ئەوەش یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، بەبێ هیچ جیاکارییەکی رەگەزیی یان ئایینی یان سیاسی یان ئابووری و کۆمەڵایەتی.
بۆیە لەبەر گرنگی ئەو بابەتە و کاریگەری لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگەکان و گەشەسەندنیان رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک بەشێک لە رێکخراوی مافی مرۆڤ گرنگی بەو بابەتە دەدات و هەوڵ دەدات بۆ دروستکردنی فشار لەسەر حکومەتەکان بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هاوڵاتیانیان و دانان و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی ئەو مافانەیان بۆ دەستبەر دەکات، چونکە گرنگی تەندروستی مرۆڤ یەکسانە بەرامبەر گرنگی مافی ژیان و چەندە وڵاتێک گرنگی بە مافەکانی تەندروستی مرۆڤ بدات ئەوە واتای وایە مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا دەستەبەر کراوە و تێیدا تاکەکانی وەک مرۆڤێک نرخ و بەهای مرۆڤایەتی بەرزیان هەیە، هەر کۆمەڵگەیەکیش تێیدا مافە سەرەتاییەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی تێیدا لە ئاستێکی نزمدا بێت ئەوە یەکسانە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا و بێ بەهاکردنی تاکەکانی وەک مرۆڤ و بێ بەشکردنیان لە سەرەتاییترین مافەکانیان.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان