فێستیڤاڵی خوێنڕشتن لە پۆلیڤیا

11:20 - 2024-04-07
دووتوێ
60 جار خوێندراوەتەوە
#ئەو فێستیڤاڵە لای ئەوان بە Tinku بەناوبانگە واتە «دیداری توندوتیژی»

 

لای هاووڵاتیانی شارۆچکەی «ماتشا» لە پۆلیڤیا واباوە کاتێک زەوی خوێن هەڵدەمژێت، پڕ بەرەکەت و بەهەڕمێن دەبێت، خێرو خۆشی بەسەر مرۆڤەکانی بە سەردا دەپڕژێنێت، بۆیە سەدان ساڵە خەڵکی ئەو ناوچەیە لەمانگی ئایار و بەر لە وەرزی دروێنەی کشتوکاڵ و رنینەوەی بەروبوومەکانیان فێستیڤاڵێکی ئایینی فۆلکلۆریدا خوێن دەڕێژن و پێشکەش بە خاکی دەکەن، لەوێ خوێنڕژان بە مانای وزە و هەرەکەت دانە بە خاک، زەوی کاتێک خوێن هەڵدەمژێت بەروبوومی وەرزی داهاتووی تام خۆش و بەلەزەت و بەرهەمدار دەبێت.

سەردەمی داگیرکاری ئیسپانیا
هەر لە کۆنەوە ئەو ناوچەیەی پۆلیڤیا لە سەردەمی داگیرکاری ئیسپانییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتەدا رێکخراوە، لەکاتی هاتنی ئیسپانییەکان بەتایبەتی ئەوانەی توندوتیژیان کردووە و نەخوازراوبوون، هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە رووبەڕوویان بوونەتەوە و بە دار و بەرد و چەکی هەمەجۆر رووبەڕوویان بوونەتەوە و خوێنیان لێ رشتون، پێیان وابووە تەڕبوونی زەوی بە خوێنی دوژمن، خاکیان پیرۆز دەبێ و بەرهەمی زیاتر دەبێت.

سێ چوار هەزار کەس شەڕ دەکەن 
ئەو فێستیڤاڵە لای ئەوان بە Tinku بەناوبانگە واتە «دیداری توندوتیژی» دێت،  تێیدا ژمارەیەک خۆبەخش و ئاهەنگساز سەرەتا شایی و گۆڤەندەکە دەکەن و دەیکەنە بەزم  و سەفا، خەڵکەکە دەکەنە بینەری خۆیان، کارەکتەر و شەڕکەرەکان کە سێ چوار هەزار کەس دەبن لە گۆڕەپانێکدا کۆدەبنەوە و بەباشی خۆیان ئامادە دەکەن، ئەوانەی دەچنە بەرەی شەڕ لەگەڵ یەکدی کەسانی سوارچاک و ئازا و چاونەترس و جوامێرن، بە کۆمەڵ لەگەڵ یەکتر شەڕ دەکەن بە دەیان چەکی سووکی جۆراوجۆر لە یەکتر دەدەن تا خوێنیان لێ بێت و بڕژێتە ناو زەوی و بەرهەمی بەپیت و چڕی لێ بدورنەوە، لەو شەڕ و زۆرانبازی و توندوتیژییەدا دەیان کەس دەکوژرێ یان بریندار دەبێت، ئەوانەی سەرکەوتوو دەبن و بە سەلامەتی تێیدا دەردەچن دەبێت لە ساڵی داهاتوو و لەخولێکی تردا بەشداری بکەنەوە، تا خوێن پێشکەش بە خاک بکەن، بەڵام دۆڕاوەکان ئیدی کۆتاییان دێ و ناتوانن جارێکی تر بچنە ناو بەرەی شەڕەکانەوە.

پۆلیس چاودێریان دەکات
جاران لە زۆر شوێن ئەو چالاکییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە دەکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی قوربانی زۆری لێ دەکەوتەوە ئێستا ئەم فێستیڤاڵە لە شوێن و شاری تری وڵاتەکە ناکرێ و قەدەغەکراوە، لەم ساڵانەی دواییدا ئیدارەی شارەکە کە شوێنی لەدایکبوونی ئەو چالاکیەیە خۆی سەرپەرشتی دەکات، چاودێر و پۆلیسی لێ دادەنێت تا شەڕەکان گەرمتر نەبن و کەسی تێدا نەکوژرێت، بەڵکو تەنها خوێن بڕژێت و مەبەستەکانیان بپێکن.

کۆتایی خوێنڕشتن ئاهەنگە
لەدوای تەواوبوونی فێستیڤاڵ بەشداربوان و ئامادەبوان پێکەوە ئاهەنگی خۆشی و سەرکەوتنی چالاکییەکەیان دەگێڕن، گۆرانی دەڵین و لەگەڵیدا هەڵدەپەڕن، بە جلی فۆلکلۆرییەوە لەگەڵ یەک سەما دەکەن و کاتی خۆش لەگەڵ یەکتر بەسەر دەبەن، چەندە خوێن زیاتر رژابێتە نێو خاکەکەیان ئەوەندەی تر ئاهەنگەکەیان گەرمتر دەبێت.

سەرچاوە:
Faszination Latienamrika

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان