داری بامبۆ، ژیان لە بارودۆخی وشكدا

11:26 - 2024-04-07
دووتوێ
409 جار خوێندراوەتەوە

ئا: فەرید دڵشاد

حەیزەران بە ئینگلیزی پێی دەڵێن بامبۆ، رووەكێكە سەر بە دەستەی دانەوێڵەكانە، لە شوێنی گەرمدا دەڕوێت و قەدەكەی وەك لاسكی گەنم بەند بەندە و نێوەكەشی بۆشە، لەسەر لقەكانی گەڵای جوان و سەوز دەڕوێن، باڵای ئەم رووەكە لە 20 تا 25 مەتر هەڵدەچێ و زۆر شۆخ و شەنگە، گەڵاكانی درێژن و لە گەڵای دارخورما دەچن، لە بەر شۆخ و شەنگی ئەم دارە زۆرجار هونەرمەندان بەژن و باڵای یارەكەیان بە باڵای حەیزەران دەشوبهێنن.
بە یەكێك لەسەرچاوە گرنگەكانی رووەكی ریشاڵیی هەژمار دەكرێ و گرنگی ئابووری زۆرە بە شێوەیەك لە لاسكی حەیزەران گۆچان و لە توێكڵ و گەڵاكانیشی گوریس و حەسیر درووست دەكرێت، بەپێی سەرچاوەكان زیاتر لە 1400 جۆری هەیە، تەنانەت بەشێك لەوان وەك رووەكی جوانكاری لە نێو بەشێك لە ماڵەكاندا هەیە، جیا لەوانەش لە باكوور و باشووری ئاسیادا تۆوەكەی وەك دانەوێڵە بەكاردێ و دەخورێ، لە چین لقە ناسك و تازە پێگەیشتووەكان وەك سەوزە دەكوڵێندرێ و دەخورێ، هەروەها سوودی زۆر لە گەڵاكانی وەردەگیرێت وەك سەرچاوەیەكی ئالیك بۆ ئاژەڵداری.
 قەدەكەی بەكاردێت لە پیشەسازی دروستكردنی كاغەز، بەهۆی رەقیی و بەهێزییەوە لە دروستكردنی خانوودا بەكاردێت، بۆ مەبەستی ئاودێری لە زۆر شوێندا وەك بۆریی سوودی لێوەرگیراوە هەروەها چەند جۆرێكی بەكاردێت لە بواری رستن و چنین و دروستكردنی قوماش، ئەو رووەكە بەشە جیاوازەكانی لە كەرەسەتەكانی جوانكاری و بۆیاغ و تەنانەت لە دەرمانسازیشدا سودی خۆی هەیە.
حەیزەران توانایەكی ناوازەی هەیە بۆ راگرتن و كۆكردنەوەی ئاو لە لقەكانیدا ئەوەش بەهۆی ئەوەی رەگەكەی بە قووڵی دەچێتە ناو  خاكەوە و شێی زەوییەكە هەڵدەمژێت، هەروەها لەكاتی بارانباریندا ئاو لەرێگەی رەگەكانییەوە دەباتە ناوەوەی لقەكان یان لەڕێگەی وردە درزی لقەكانەوە دەچێتە ژوورەوە، یەك لق لە داری حەیزەران توانانی هەڵگرتنی یەك لیتر ئاوی هەیە، بوونی ئەو لقە زۆرانەش دەتوانێت بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر ئاو كۆبكاتەوە، ئەم كۆكردنەوەی ئاوە دەتوانێت خزمەت بە دارەكە بكات لەكاتی وشكەساڵیدا.
سەرچاوە: britannica

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان