وەرزشکردن فشەڵبوونی ئێسک کەمدەکاتەوە

11:28 - 2024-04-07
دووتوێ
75 جار خوێندراوەتەوە
لە دەستدانی چڕیی کانزاکانی ئێسک لەگەڵ تەمەندا هۆکارێکی گرنگە بۆ پووکانەوەی ئێسک

توێژینەوەیەکی ژاپۆنی ئاشکرایکردووە، ئەو کەسە بەتەمەنانەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا وەرزشیان کردووە، سوودی درێژخایەنیان هەیە لەڕووی تەندروستی ئێسک و بەرزبوونەوەی چڕی کانزاکانی ئێسک.
توێژەران روونیان کردەوە خووەکانی شێوازی ژیان لە تەمەنی هەرزەکاریدا بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر تەندروستی و دەرکەوتنی نەخۆشی لە تەمەنی پیریدا هەیە و ئەنجامەکانیشیان لە گۆڤاری «فرۆنتیس» بڵاوکردەوە.
لە دەستدانی چڕیی کانزاکانی ئێسک لەگەڵ تەمەندا هۆکارێکی گرنگە بۆ پووکانەوەی ئێسک لەنێو کەسانی بەساڵاچوو ئەمەش دەبێتە هۆی شکان کە پێویستی بە چاودێری درێژخایەن دەبێت، بۆیە خۆپاراستن لە پووکانەوەی ئێسک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بارگرانی نەخۆشی و تێچووی چاودێری تەندروستی بەشێوەیەکی بەرچاو.
تیمەکە توێژینەوەیان لەسەر هەزار و 596 کەسی بەساڵاچوو لە نێوان تەمەنی 65-84 ساڵیی لە ژاپۆن کرد، هەروەها هەڵسەنگاندنی لەشجوانیی جەستەیان و ئاستی نیشانە گرنگەکانی ناو خوێنیان کردن، لەوانە ڤیتامین دی، جگە لە پێوانەکردنی چڕیی کانزاکان لە ناوچەی سەرەوەی بڕبڕەی پشت و ناوچەی خوارەوەی حەوز.
جگە لەوەش چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشداربوان کرا بۆ هەڵسەنگاندنی بەشداریکردنیان لە چالاکییە وەرزشییەکان لە کاتی هەرزەکاریدا.
توێژینەوەکە دەریخست کە چالاکییە جەستەییەکان لە ساڵانی هەرزەکاریدا دەتوانێت رێگەیەکی باش بن لە پاراستنی تەندروستی درێژخایەن بە زیادکردنی بارستەی ئێسک کە لە ماوەی بیستەکاندا دەگاتە لوتکە و دواتر لەگەڵ تەمەندا دەست دەکات بە دابەزین.
بە گشتی توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەو کەسە پێگەیشتوانەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا بەشدارییان لە چالاکییە وەرزشییە خاوەن فشاری بەرز، لە تەمەنی پیریدا چڕی کانزاکانی ئێسک و تەندروستی ئێسکیان بەرزبووەتەوە، سوودبەخشترین وەرزشیش بۆ پیاوان و ژنان باسکە بووە، لە کاتێکدا تۆپی بالە سوودی زیاتری هەبووە بۆ تەندروستی ئێسک بۆ ژنان بە بەراورد بە پیاوان.
لای خۆیەوە دکتۆر هێرۆکی تەباتا توێژەرێکی بەشدار لە توێژینەوەکەدا لە زانکۆی جونتێندۆ لە ژاپۆن وتی: هەرزەکاری قۆناغێکی زۆر گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی چڕی ئێسک «نزیکەی 40 ٪ بارستەی ئێسکی گەورەساڵان لەم ماوەیەدا دیاری دەکرێت.»
روونیشیکردەوە وەرزشکردن لە تەمەنی هەرزەکاریدا کاریگەرە لە زیادکردنی بارستەی ئێسک بە گشتی، لەبەرئەوەی ئەو هاندەرە گرنگە دروست دەکات کە پێویستە بۆ گەشەکردنی زیاتری ئێسک و دووبارە داڕشتنەوەی ئێسک، ئاماژەی بەوەشدا وەرزشەکانی وەک باسکە، لەشجوانی، جودۆ، کاراتێ، تۆپی بالە و وەرزشەکانی تری بازدان کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە لە زیادکردنی چڕیی کانزاکانی ئێسک و هاندانی گەشەی ئێسک لە هەرزەکاری، لەبەر ئەم هۆکارە زۆر سوودبەخشن، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی شکان و پووکانەوەی ئێسک لە تەمەنی پیریدا.
سەرچاوە: الشرق الأوسط

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان