ژمارەیەک گەڕەک و کۆڵان و گوندی سلێمانی تاپۆ دەکرێن

05:51 - 2024-05-11
کوردستان
418 جار خوێندراوەتەوە

شارەوانی سلێمانی، هەوڵەکانی بۆ تاپۆکردنی خانووەکانی دەوروبەری سلێمانی دەست پێکردووە و ئەوانەی بە یاسا تاپۆ ناکرێن، لەلایەن لیژنەیەکەوە قەرەبوو دەکرێنەوە.
لەو بارەیەوە لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی، راگەیاند: زەوی و خانووی فۆرم چەند جۆرێكی هەیە، ئەوانەی بڕیاری ژمارە 3ی ساڵی 2019 دەیانگرێتەوە، كاری جدی لەسەر دەكرێت، پاشان هەر گەڕەك و كۆڵانێك نۆرەی تاپۆکردنیان بێت، ناوەکانیان بڵاو دەکرێتەوە.
هەروەها وتیشی: ئەوانەی یاساکە نایانگرێتەوە، لەڕێگەی لیژنەیەکەوە قەرەبووەکەی بۆ دیاری دەکرێت. 
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کرد:  29 گوند لەسنووری سلێمانی، یاساکە دەیگرێتەوە، بەڵام تاکو ئێستا وەڵامی نووسراوەکەیان لە وەزارەتی ناوخۆوە نەهاتووەتەوە. هاوکات ئەگەر کاتەکەی تێپەڕێت و ئیمزا لەسەر ئەو نووسراوە نەکرێت، ئەوا هاووڵاتیان بێبەش دەبن لە تاپۆکردن.
باسی لەوەشکرد تاکو ئێستا توانراوە کێشەی تاپۆکردنی 25 بۆ 30 هەزار کەس چارە بکرێت و خانوو و موڵکەکانیان تاپۆکراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان