سێ هەزار وشە لەرۆژێکدا

01:46 - 2024-06-06
ئەدەب و هونەر
221 جار خوێندراوەتەوە

لوتفیە ئەلدلیمی               
ئامادەکردنی: نەرمین عوسمان محەمەد  


سێ هەزار وشە لەرۆژێکدا نەوەد هەزار وشە لەمانگێکدا ئەمە ئەو رێژەیەیە کە هارۆکی مۆراکامی کردبوویە رێڕەوێکی نووسین و نەیدەویست دەستکاری بکرێت و پێداچوونەوەی بۆبکرێت، ئەم دۆخەشی لەوکاتەوە بەسەریهات کەناوبانگی پەیداکرد و نووسین بووە مایەی دابارینی پارە بەسەریدا. ئایا مۆراکامی بەدڵسۆزی مایەوە بۆ ئەم یاسایە؟ نازانم..بەڵام کتێبە قەبەکانی کەهەندێکجار لەرێژەی هەزار لاپەڕە تێدەپەڕێت. نهێنی پیادەکردنی خوی سێ هەزار وشە لەرۆژێکدا ئاشکرا دەکات، ئایا ئەگەر مۆراکامی وەکو نووسەرێکی نەناسراو بمایەتەوە بەداهاتێکی کەمەوە هەمان پێکهاتەی جادوویی نووسین بەسێ هەزار وشەی بەکاردەهێنا؟ ئەوەیشیان هەرنازانم چونکە زۆر گرانە ئەوەیکە لەدڵی نووسەرێکدا حەشاردراوە بیزانین و بزانین ئەو پاڵنەرانەی کە بۆنووسین لێیدەدوێت ،خۆشەویستی پارە وناوبانگ گەشەیان پيدەدات یاخود چەندپاڵنەرێکی ناوەکی راستەقینە کەسەرچاوەکەی هۆگرییەکی بێ کۆتاییە گەشەی پێدەدات.
کاتێک مۆراکامیم بیردەکەوێتەوە کەسێکی پارادۆکسی ئەویشم ،بیر دەکەوێتەوە کە(جۆن ناش)ە ئەوکەسەی بووە بابەتی فیلمی سینەمایی(ئەقڵێکی جوان) ناش تێزی دکتۆراکەی لە چەند لاپەڕەیەکدا نووسی بەبەکارهێنانی تەنها دووسەرچاوە بەڵام بیرۆکەیەکی رەسەنی لەخۆگرتبوو دوای ئەوە، ناش هیچ کتێبێکی نەنووسی و هەندێک بەشداری لێکۆڵەرانەی بڵاوکردەوە ، بێگوومان جۆرێک لەجیاوازی جەوهەری هەیە لە نێوان ئەوەی کە زاناکان و ئەوەی نووسەرەکان دەینووسن و لەوانەیە بەسوودیش بێت لێرەدا ئاماژە بەوەبدەین جۆرێک لە پەست بوونی جیهانی لەهەڵکشاندایە بەرامبەربەچۆنێتی بابەت بڵاوکردنەوە لەبڵاوکراوە وەرزییە رەسەنەکاندا،چونکە کەسانی پسپۆر پێیان وایە زۆرێک لەم بڵاوکراوانە لەپێناوی چەند مەبەستێکی سوودبەخشی راستەوخۆدا دەنووسرێت و هیچ بەهایەکی لێکۆڵینەوەی راستەقینە لەخۆناگرێت.
 دیدی مۆراکامی لەنووسینی سێ هەزار وشە لەرۆژێکدا سەربە دابونەریتەکانی نووسینە، نووسین گەمەکردنە لەگەڵ بیرۆکەکاندا و راهێنانە لەسەرکاری جیدی و رێکخراو و کۆنترۆڵکراو، بەبێ بوونی ئەم سیمایانە لەنووسیندا ئەنجامێکی کاریگەرمان دەست ناکەوێت، بەڵام ئایا نووسەر لەکوێوە هاندەری پێویستی بۆ ئەم سێ سیمایە دەست دەکەوێت؟ لەسێ سەرچاوەوە دەستی دەکەوێت کە بریتین لەهەستێکیی زاڵ بەسەریدا کە شتێکی پێیە بۆ وتن و ئەوەیشی کە دەیڵێت گرنگی وپسپۆرییەک لەخۆدەگرێت کە بەسوود و رەوشتبەرزانەیە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە لەپێناو دەوڵەمەندکردنی ژیانیان و کارەکەی هۆگرییەک پاڵنەریەتی کە ناکرێت بگەڕێنرێتەوە یابچەپێنرێت یاخود فێڵی لەگەڵ بکرێت. هۆگریی ئەو پایەبەرزەیە کە چالاکیی نووسین یاخود هەرچالاییەکی دیکە لەژیاندا دەڕازێنێتەوە، ئەوە هۆگریە وات لێده کات شەو هەستیت و کۆمپیوتەرەکەت بکەیتەوە تاوەکو دڵنیابیت ئایا دەستەواژەیەکت بەوشەیەکی دیاری کراو کۆتایی پێهێناوە کە چەند رۆژێک لەمەوپێش لەمێشکی خۆتدا وێنات کردووە؟ یاخود دەپرسیت ئایا فڵانە بیرۆکە دەرکەوتن و رێکخستنی بەهەمان شێوەن؟ یان لەوانەیە بتەوێت فاریزەیەکی بەخاڵەوە لەجیاتی فاریزەیەکی ئاسایی لەشوێنێکی دیاری کراودا دابنێیت، مەسەلەکە لەجۆرێک لەپیادەکردنی شێتگەراییانەی نیگەرانکەر دەچێت، تەنها ئەوانەی بەهۆگرییەکی راستەقینەوە دەنووسن دەزانن کە ئەم جۆرەشتانە وشتی دیکەش روودەدەن، بەتەنها هۆگرییە هاوکاریی نووسەر دەکات بەرگەی ئەمجۆرە قورساییانەبگرێت بۆیە ئەگەر هۆگریی لەهەر قۆناغێک لەقۆناغەکانی نووسیندا نەما ئەوا باشتروایە کە ئەوپرۆژەی نووسینە بسڕدرێتەوە و داپۆشرێت چونکە هیچ سوودێک لەکردنی رۆح بەجەستەیەکی مردوودا نیە.
بێجگە لەهۆگریی راستیەکی تایبەتی دیکە هەیە کە هەندێک لەنووسەران جیادەکاتەوە،ئەویش خۆڕاگری و نەفەس درێژی جەستەیییە کە لەکۆتایدا لەنەفەس درێژیەکی زەینی وئارەزوویەکی رۆژانەی نووسینی توندا رەنگدەداتەوە.
هەروەها مۆراکامی ساڵانێکی دوور و درێژە یاریکەرێکی ماراسۆنی بەتوانایە و کتێبێکی تەواوی سەبارەت بەماراسۆن و راکردن بۆ چەند مەودایەکی دوورو درێژ هەموو بەیانییەک نووسیوە،نووسەرێکی دیکەش کە هاوشێوەی مۆراکامی عاشقی ماراسۆنە، ژنە رۆماننووسی ئەمریکی خاتوو(جۆیس کاڕۆڵ ئۆتس) ەکە هەربەشێوازی جەستەیدا دیارە عاشقی ماراسۆنە و پێدەچێت ئەو ماراسۆنە هۆکاربێت بۆهۆگری نووسینی رۆژانەی رێکخراو.
زۆرێک هەن دەناڵێنن بەدەست خوێندنەوەی بابەتێکەوە کە وشەکانی لەچەند سەد وشەیەک زیاترنین، ئەگەر داوایان لێ بکەیت سێ هەزار وشە بخوێننەوە وەکو ئەوە وایە سزای کاری قورسیان بەسەردا بسەپێنیت. هەر ئەمەشە جیاوازیی نێوان ژیانێکی گەشاوە بەهۆگری و ژیانێک کە هۆگریی بەرامبەر بەهیچ شتێک لەژیاندا ،تێدا نەبێت.

سەرچاوە:
هەژماری تایبەتی نووسەرلەFacebookدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان