ئەردەڵان عەبدوڵڵا
خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی نیشتمانی سارا
پێشتر رۆمـانی(خانەقای میرزا)ی رۆماننووس (میران ئەبراهام)م خوێندەوە، بەلامەوە رۆمانێکی تایبەت بوو، لەهەمانکاتیشدا شێوازی نووسینەکەی بەتایبەتی لەڕووی گێڕانەوەوە، مایەی سەرنجم بوو، هەربۆیە وتارێکیشم لەبارەوە نووسیوە. من لێهاتووییەکی زۆر باشم لە نووسەرەکەیدا بەدیکرد، هەرئەمەش وایکرد، بە دوای رۆمانێکی تری ئەم نووسەرەدا بگەڕێم، کە لەوەی پێشووتری زیاتر قسەی لەبارەوە کراوە و ناسراوە، ئەویش رۆمانی(نیشتمانی سارا)یە. دەتوانم بڵێم ئەم رۆمانەی لەوەی پێشووتری، زۆرتر مایەی سەرنجە، هەرچەندە وەکو وتم ئەم رۆمانە قسەی زۆری لەبارەوە کراوە، من چوارەم چاپیم خوێندەوە کە لەلایەن دەزگای رەهەند لە سلێمانی چاپکراوە.
رۆمانەکە لە رووی شێوازی نووسینەوە، بەتوانایی زۆری نووسەر دەردەکەوێت لەپێش هەموویانەوە، لە رووی گێڕانەوە و دروستکردنی رووداوەوە، نووسەر توانایەکی زۆرباشی هەیە، کە لەناو کەم نووسەری کورددا، ئەم توانا و لێهاتووییەم بەدیکردووە.
بەڵام لە رووی ناوەڕۆکەوە، ئەم رۆمانە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، نووسەر بابەتێکی مێژوویی هەڵبژاردووە، من لەو باوەڕەدام سەرکەوتوو نەبووە لە باسکردنی رووداوەکاندا، کە ئەوەش پەیوەندیی بە مەسەلەی (بوونی کەمینەی جووەوە هەیە، لە سلێمانی و کوردستان بەگشتی) لەمبارەوەیە من هەستدەکەم نووسەر سەرکەوتوو نەبووە.
لەم رۆمانەدا هەموو گەلی کورد تاوانبار دەکرێت، بە تاوانێک کە هیچ رۆڵی تێدا نەبووە، ئەمەش لەکاتێکدا دەرکردنی جووەکان و دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکیاندا، لەلایەن حکومەتی عیراقەوە دەردەچێت، کوردیش هەتا ئەوکاتە، هیچ رۆڵی نەبووە لە بڕیاری سیاسی، بگرە بە دڕندەترین شێوەش چەوساوەتەوە
گەڕەکی جوولەکانی سلێمانی
لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، جووەکان بوونیان هەیە، لە هەرێمی کوردستان و عیراقیش، جووەکان مێژوویەکی دێرینیان هەبووە، بەڵام لەپاش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و دەرکردنیان لەلایەن رژێمی عیراقەوە، ئەم کەمینە ئایینییە لە عیراق و کوردستان نەماون.
نووسەر وەکو کامێرامانێک دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و بەناو گەڕەک و کۆڵانە کۆنەکانی سلێمانیدا، پیاسەیەکی خێرای مێژووییمان پێدەکات و باسی یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانیمان بۆ دەکات کە ئەویش گەڕەکی جوولەکانە.
یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی، گەڕەکی جوولەکانە، کە لە دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە دروستبووە، جووەکان پێش مەسیحییەکان لە سلێمانی بوون هەر لە قەڵاچواانەوە، لەگەڵ بابانییەکان هاتوونەتە سلێمانی و رۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی شاری سلێمانی بەتایبەتی لە رووی بازرگانییەوە. نووسەریش هەوڵیداوە لە رێگەی گێڕانەوەی ژیانی بنەماڵەی(خایم) کە مانای (ژیان) دەگەیەنێت، ژیانی جووەکانی سلێمانی باس بکات. لە رووی زەمەنیشەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، خایم کوڕی بازرگانێکی جووە لە سلێمانی دوکانی لە بازاڕی نەقیب هەیە، کە یەکێکە لە بازاڕە کۆنەکانی شاری سلێمانی، چەقی بازرگانی ئەم شارە بووە و جووەکانیش کۆمەڵێک دوکانیان لەم بازاڕەدا هەبووە.
دایکی خایم حەزدەکات کوڕەکەی ببێتە حاخام (واتە زانای ئایینی یەهودی)، سەرەتا ئەو حەز ناکات، بەڵام دواتر کاتێک دایکی دەمرێت، باوکی بەزۆر دەینێرێت بۆ بەغدا، بۆئەوەی لەوێندەر زانستی ئایینی بخوێنێت و ببێتە حاخام. لە رێگەی چوونی خایم بۆ بەغدا، ئێمە ئاشنای گەڕەکی تەورات و ژیانی جووەکان لە بەغدا دەبین، هەروەها لەرێگەش بە قەرەداغ و کەرکوکدا تێدەپەڕێت، ئاشنای جووەکانی ئەم شارەش دەبین. پاشانیش لە رێگەی سەفەرێکەوە بۆ هەولێر و کۆیە، ئاشنای ژیانی جووەکانی ئەم دوو شارەی کورستانیش دەبین. هەربۆیە نووسەر هەوڵیداوە، لە رێگەی ئەم رۆمانەوە، تیشک بخاتە سەر ژیان و گوزەرانی جووەکانی کوردستان و عیراق، لەهەمانکاتیشدا باسی مامەڵەی خراپی خەڵکی کورد و عەرەب بکات بەرامبەر بەم کەمینە ئایینییە.
لە رۆمانەکەدا چەندین رووداوی دڵتەزێنی باسکردووە، کە چۆن لە سلێمانی بەتایبەتی و عیراق بەگشتی، جووەکان رووبەڕووی جوداکاریی و مامەڵەی خراپ بوونەتەوە، لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە کە باسی ئەو هەموو رووداوانە بکەین کە نووسەر باسیکردوون.
لەلایەکی ترەوە نووسەر هەوڵیداوە لە رێگەی سێ نەوەوە، باسی تەواوی ژیانی جووەکان بکات لە سەرەتای سەدەی بیستەم، تا دەرکردنیان، پاشان چوونیان بۆ ئیسرائیل و دەرەوەی وڵات. سەرەتا لە رێگەی (خایم)ەوە، باسی ژیانی جووەکان دەکات لە سەرەتای سەدەی بیستەم، بەتایبەتی ساڵانی حوکمی عوسمانی، پاشان ئینگلیز و شێخ مەحمود و دواتریش رژێمی عیراق. خایم کچێکی جووی خزمیان لە قەرەداغ دەخوازێت، لێرەشەوە ئێمە تیدەگەین کە لە قەرەداغیش جوو هەبووە، لەرێگەی چەند رووداوێکی ناخۆشەوە، باسی مامەڵەی خراپی خەڵکی دەکات لەگەڵیان. خایم منداڵێکی دەبێت بەناوی(حەکیم) بەڵام هەرزوو ژنەکەی دەمرێت، دواتر دەیداتە(کەتانی) خوشکی ئەو بۆی بەخێودەکات. لە بەشێکی تردا، نووسەر باسی مانەوەی بنەماڵەی خایم دەکات لە سلێمانی، کاتێک ناوی خۆیان دەگۆڕن، لێرە خایم و حەکیمی کوڕی و کەتانی خوشکی دەمێننەوە، حەکیم کوڕ و کچێکی دەبێت(مەحمود و سارا)، کەتانی خوشکیشی پاش چەندین ساڵ(سالار)ی کوڕی لەدایک دەبێت. بۆئەوەی لە سلێمانی بمێننەوە، ناو و ئایینی خۆیان دەگۆڕن. سالار حەز لە سارا دەکات، هەرچەندە حەکیمی باوکی سارا و مەحمودی برای، حەزیان بەم پەیوەندییە نییە. لەپڕ رژێم دەستدەکات بە دەستگیرکردنی خایم و حەکیمی کوڕی و بنەماڵەکەی بەزۆر لە عیراق دەردەکات، بە رێکەوت سارای کچەزای خایم ئەو شەوە لەوێ نابێت، دەچێتە ماڵی سالار. پاش چەندین ساڵ ئینجا دەزانن کە خایم و بنەماڵەکەی رەوانەی ئیسرائیل کراون. سالار و سارا زەماوەند دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سالار پەیوەندی بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەوە هەیە، ژیانی زۆر ئاڵۆز دەبێت و پاشان رادەکات بۆ گوندی زەڵێ، ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر سارا نەخۆش دەکەوێت دەمرێت. سالار و (ئارۆ)ی کوڕی دەمێننەوە، پاشان ئەمانیش بۆ هۆڵەندا کۆچ دەکەن. دواجار پاش چەندین ساڵ باپیرە خایم دێتە لایان بۆ هۆڵەندا و ساڵی 1996، پێکەوە دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی هەر لێرەش دەمرێت.
شێوازی نووسین
یەکێک لە خاڵە جوانەکانی ئەم رۆمانە شێوازی نووسینیەتی، بەڕاستی دەتوانم بڵێم، نووسەر لە بەکارهێنانی تەکنیکی رۆماننووسیندا، سەرکەوتووبووە، بەتایبەتی لە رووی بەکارهێنانی تەکنیکی(گێڕانەوە، گرێی ئەدەبی، دروستکردنی رووداو، فلاشباگ) بۆ رۆماننووسین تەنها فکرەکە گرنگ نییە، بەڵکو دەبێت نووسەر شارەزایی باشی لە تەکنیکەکانی رۆماننووسین هەبێت. نووسەر بەتایبەتی لە رووی گێڕاوەنەوە و خەیاڵ فراوانییەوە، زۆر بەتوانایە، هەرئەمەش وایکردووە، کە رۆمانەکە ماگنێتێکی گەورەی هەبێت، وا لە خوێنەر بکات، دوای نووسەر بکەوێت و دەست لە خوێندنەوەی رۆمانەکە بەرنەدات. هەرچەندە لە هەندێک تەکنیکی تردا سەرکەوتوو نەبووە کە دواتر باسی لێوە دەکەین.
ژیانی جووەکانی کوردستان
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێکرد، جووەکان لە کوردستان و عیراقدا، مێژوویەکی ئێجگار دێرینیان هەیە، بەشداربوون لە ژیانی سیاسی و فەرهەنگی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتە، ئەوانیش وەکو هەموو گەلانی عیراق، شەقی رژێمە دیکتاتۆر و ستەمکارەکانیان خواردووە و چەوسێنراونەتەوە. لەوانەبێت بەشێکی زۆری نەوەی تازە، نەزانن کە جووەکان ماوەیەکی زۆر لە کوردستان ژیاون، گەڕەکی خۆیان هەبووە، بەڵام لە رێگەی ئەم رۆمانەوە دەتوانن کەمێک زانیارییان لەبارەی ئەوانەوە هەبێت. هەرچەندە ئەمە یەکەمین رۆمانی کوردی نییە کە باسی جووەکانی کوردستان بکات، پێشتر چەند نووسەرێکی تر، باسی ئەوانیان کردووە. هەرچەندە بە بڕوای من لەمەشدا نووسەر سەرکەوتوو نەبووە لە باسکردنی ئەو کەمینە ئایینییە لە کوردستان، کە دواتر باسی سەرنجەکانی خۆم دەکەم.
چەند سەرنجێک
دیارە ئەم رۆمانە قسەوباسی باشی لەبارەوە کراوە، دەتوانم بڵێم بە باشی ئاوڕ لەم رۆمانە دراوەتەوە، هەر کەسە و تێڕوانینی خۆی لەبارەی ئەم رۆمانەوە نووسیوە، بەشی زۆریش بە باشی وەسفیان کردووە، لێرەدا منیش پێمباشە چەند سەرنجێکی خۆم باس بکەم، لەوانەبێت جیاوازتر بێت لەوانەی پێشووتر.
یەکێک لە رەگەزە گرنگەکانی رۆمان بوونی رەگەزی(فرە رەهەندی)یە، کە ئەمەش یەکێک لە سیما و بنەما سەرەکییەکانی رۆمانە و بۆیەکەمجاریش رەخنەگری ناسراوی روسی(باختین)درکی بەم رەگەزە لە رۆمانەکانی دۆستۆیڤسکیدا کردووە. هەموو رۆمانێک بۆئەوەی سەرکەوتوو بێت، دەبێت رەچاوی ئەم خاڵە بکات، ئەوەی من هەستم پێکرد، ئەم رەگەزە لەم رۆمانەدا بوونی نییە ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە. رۆمانەکە بە یەک نەفەس نووسراوە و تەنها یەک رەنگ بەسەریدا زاڵە، ئەویش پیشاندانی جووەکانە وەکو قوربانی و گەلی کوردیش بەگشتی وەکو جەلاد و تاوانبار.
(باپیرە خایم لە دوالاپەڕەکانی یاداشتنامەکەیدا نووسیبووی: زۆرینەی خەڵکی بەشداربوون لە سڕینەوەی کەلتور و ئاسەوار و هەڵدانەوەی گۆڕی باوباپیرانماندا. زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە جێبەجێکردنی پلانی عەرەبە شۆڤێنیستییەکاندا بەشداربوون. ل208)
(ئێمە زیاتر لە هەزار ساڵە لەلایەن کوردە موسوڵمانەکانەوە وەکو قەومێکی زەلیل و دڵدەدرا و حسابمان بۆ دەکرێت.ل 348)
بۆچوونێکیش دژی ئەم بۆچوونە لەناو تەواوی رۆمانەکەدا نادۆزیتەوە، ئەمەش مانای یەک رەنگی دەگەیەنێت و لاوازی بە رۆمانەکەش بەخشیوە. نووسەر نابێت وەکو حاکمێکی دیکتاتۆر حوکمێکی گشتگیر بەسەر گەلێکدا بدات، ئاخر ئەوە لە ئەدەب دەردەچێت و دەبێتە شتێکی تر، کە ناتوانین ناوی لێبنێین ئەدەب و راستگۆیی لە گێڕانەوەی رووداوەکاندا.
لەم رۆمانەدا هەموو گەلی کورد تاوانبار دەکرێت، بە تاوانێک کە هیچ رۆڵی تێدا نەبووە، ئەویش راونان و دەرکردن و چەوساندنەوەی جووەکانی کوردستانە، ئەمەش لەکاتێکدا دەرکردنی جووەکان و دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکیاندا، لەلایەن حکومەتی عیراقەوە دەردەچێت، کوردیش هەتا ئەوکاتە، هیچ رۆڵی نەبووە لە بڕیاری سیاسی، بگرە بە دڕندەترین شێوەش چەوساوەتەوە.
لەلایەکی تریشەوە یەک رەنگ و یەک کەسایەتی بەسەر پاڵەوانی رۆمانەکەدا زاڵن، بۆ نموونە (ماتانی پەیکەرتاش، حەکیم، مەحمود، سالار) هەموویان یەک کەسایەتییان هەیە، تووشی نەخۆشی دەروونی و ئالوودەی عارەق خواردنەوە دەبن، ماتان و حەکیم خۆیان دەکوژن، مەحمودیش لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە ئیسرائیل دەمرێت، سالاریش دواجار لە هۆڵەندا ئالوودەی عارەق خورادنەوە دەبێت تەنانەت ئارۆنی کوڕیشی بەهەمانشێوە. هەروەها سارا و کەتانی دایکیشی تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن. تەواوی پاڵەوانی رۆمانەکە، لە رووی کەسایەتیی و ژیان و هۆشمەندییەوە، لەیەک دەچن.
لەلایەکی ترەوە نووسەر زۆر بەتوندی رەخنە لە خەبات و تێکۆشانی شێخ مەحمود دەگرێت، بگرە بنەماڵەی شێخ مەحمودیش بە چەوساندنەوەی جووەکان تاوانبار دەکات.
خایم دەڵێت: (ویستم خۆم بگەینمە لای شێخ مەحمودی حەفید و پێی بڵێم، دەستم دامێنت و دەستەکانت ماچ دەکەم، خەیاڵت لای میللەتەکەت بێت و واز لە غەزاکردن بێنە و لەبەر خاتری دەستبەرکردنی بەهەشت بۆ شەخسی خۆت ، ماڵی کوردان لەوە زیاتر وێران مەکە،،ل259)
ئەمەش سووکایەتییە بە خەبات و تیکۆشانی شێخی نەمر، شێخ مەحمود هێندە کەسایەتییەکی خێڵەکیی و ئیماندارێکی وشک نەبووە، بگرە هەمیشە داوای مافی گەلی کوردی کردووە، نامەی بۆ لینینی سەرۆکی روسیا و ویلسۆنی سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و داوای مافی گەلی کوردی کردووە. ناساندنی هەموو خەبات و تێکۆشانی شێخ مەحمود، وەکو شێخێکی تەریقەتی مێشک وشک، کارێکی باش نییە. هەرچەندە بەداخەوە ماوەیەکە لایەنێکی سیاسیی، دەیەوێت لە رێگەی چەند مێژوونووس و نووسەرێکەوە، خەبات و تێکۆشانی شێخ مەحمود ناشیرین و لەکەدار بکات، هیوادارم ئەم رۆمانەش بەشێک نەبێت لەو ئەجێندایە.
هەروەها نووسەر بەشێوەیەکی زۆر خراپ باسی هەمەوەندییەکان دەکات و حوکمێکی گشتگیرانەش بۆ ئەمان دەردەکات و دەڵێت: (هەمەوەندییەکان مانای پێکەوە ژیان نازانن، ئەوەتەی هەن لەسەر ماڵی ئەوانی تر خۆیان دەژێنن و لە چەتەیی زیاتر هیچ کار و پیشەیەکی تر نازانن، تاوانبارن، هەتاوەکو خوا حەزکات، تاوانبارن و دەستیان سوورە بە خوێنی هەزاران بێ گوناح.ل35)
ئەم حوکمە گشتگیرانەیە، لاوازی بە رۆمانەکە بەخشیوە، ناکرێت خێڵێکی گەورەی وەکو هەمەوەند، لە رۆمانێکی کوردیدا بەم شێوەیە وەسف بکرێت.
من ناڵێم جووەکان لە کوردستان رووبەڕووی جوداکاریی و مامەڵەی خراپ نەبوونەتەوە، هەروەها خەڵکانێکیش پەلامار و و ئازار دراون، بەڵام ئەمە کاری چەند کەسێک بووە و هەموو کورد وا نەبووە و نابێت گشتگیرانە قسە بکرێت، هەروەها نابێت تەنها لایەنە ناشیرینەکانی پێکەوە ژیانی کورد و جوو باسبکرێت، بگرە ئێمە زۆر شتی جوانمان لەگەڵیان هەبووە، کە لەم رۆمانەدا باسی نەکراوە. رۆمان نابێت تەنها لایەنێکی ناشرین بەسەریدا زاڵبێت، بگرە دەبێت هەمەڕەنگ بێت، چونکە خوێنەر تووشی بێزاریی و نیگەرانی دەکات. یەکێک لە سیما و بنەما سەرەکییەکانی نووسەری سەرکەوتوو ئەوەیە، کە دەبێت بێلایەن بێت و نابێت تەرەفگیر بێت، بەڵام بەداخەوە نووسەری رۆمانەکە، یەکلایەنانە رووداوە مێژووییەکانی باسکردووە.