قوباد تاڵەبانی و کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێم کۆبوونەوە

02:24 - 2024-08-08
کوردستان
408 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە لیو جون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکرا لەبارەی  چۆنییەتی پەرەدان بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی لەبوارە جیاوازەکاندا.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە 8/8/2024 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی چینی کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا هاوکار بووە لەوەی فێرخوازان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم  لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ بەشداربوون لە خولەکانی راهێنانی پیشەیی سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
هاوکات جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد پێکەوە کاربکەن بۆ پەرەپێدانی زیاتر و بەردەوامیدان بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی، تاکو لە داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتر فێرخوازی هەرێم لەبوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لەبوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و ژینگە و گەشتوگوزاردا بەشداری بکەن لە خولەکانی راهێنانی پیشەیی وڵاتی چین، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سودێکی زیاتر لە ئەزموونی دەوڵەمەندی گەشەسەندنی وڵاتی چین وەربگرێت.
لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی چین ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی زیاتر بە بەرنامەی راهێنانی پیشەیی بە فێرخوازانی هەرێمی کوردستان لەبوارە جیاوازەکاندا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی بەرنامەیەکی تایبەتی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، کە تایبەتە بە پەرەپێدانی تواناکانی وەرزشوانانی کورد و ئێستا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا، ژمارەیەک لە وەرزشوانی کورد، بە تایبەتی لە بواری هونەرە جەنگییەکاندا، لە وڵاتی چین سەرقاڵی راهێنانن. 
هەر لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بە پلانی بەشی وەرزشی نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران کرا، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا تیمێک لە راهێنەرانی ئاست بەرزی وڵاتی چین لە بواری هونەرە جەنگییەکاندا بۆ کردنەوەی خولی راهێنان و ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی بێنە هەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە هەماهەنگی پێویست کرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان