تەیب جەبار

راوی ئەستێرە لە شەوێكی خۆرەتاودا دەكات

12:31 - 2024-08-29
ئەدەب و هونەر
218 جار خوێندراوەتەوە

كاوە حاجی عەزیز


هەر دەقێكی شیعری چەند پێناسەیەك هەڵدەگرێ، با واز لە چێژ و فۆرمی شیعری بێنین و لە مەودای پێناسەی ئەو دەقەدا خول بخۆین چونكە دەق موڵكی هەمووانە بۆیە باشترین پێناسە بۆ دەق راچڵەكینە، چونكە دەقێك نەتهەژێنێ و شتێكت لەلا بەجێ نەهێڵێت، لە چوارچێوەی هێما و ئاماژەكانی دەق و رواڵەتەكانیدا خول نەخوات و دەلالەت بەرهەم نەهێنێ ئیدی چ مانایەك بۆ شیعر دەمێنێتەوە؟
(راوە ئەستێرە لەشەوێكی خۆرەتاودا) نامیلكە شیعرێكی كاك تەیب جەباری شاعیرە ئەم ساڵ بەچاپی گەیاندووە، كارێكی باشی كردووە لە نووسینی هەر قەسیدەیەكدا مێژووی نووسینی ئەو دەقەی نووسیووە كە لە 2011 تا شوباتی 2024 دەگرێتەخۆ. مەبەستم لەمە ئەوەیە، نووسینی ئەو دەقانە مەودای 13 ساڵ دەگرێتەخۆ هەست دەكەین لەو ماوەیەدا فاكتەری كولتووری و نەتەوەیی ئەو لەو بازنەیەدا خول دەخوا كە خۆی ناوی ناوە (ئەفسانەی درۆیەكی درێژ  ل 52)، كە لە خوێندنەوەی ئەم دەقانە دەبیتەوە، هەست دەكەیت لە تەختە و داری ئەو كەشتییە نقوومبووە دەچێت شەپۆلەكان بەئارەزووی خۆیان بە دەریایدا دەدەن.

پێكەنینم دێ بە باخەوانێ
باخی با ئاو دەدا
نەڕەنگی گڤە جیادەكاتەوە
نەتامی هاژە دەزانێ  ل20

 

ئەمە و چەندین وێنەی واتادار و پەیوەندار بە یەكترەوە كە وەك چێژی شیعری زێتر ئاستی داهێنانی دەقەكانی بەرزكردۆتەوە. بەلای زۆر لە رەخنەگرانەوە وەزیفەی شاعیر لەدەستنەدانی شیعریەتە و ئەوەی كارەكەش قورس دەكات كە بایەخدانە بەوەی خوێنەر لێی تێبگا و چێژی لێ وەربگرێ چونكە نابێت بۆشاییەكی زۆر دروست بكات لەنێوان خۆی و دەق و خوێنەردا ئەوەتا دەڵێ (تۆ لە خەمی من ناگەی .. تۆ نازانی تا ئێستا كەسێك نییە داڵدەی نیشتمان بدات)ل22  
ئایدیای دەقەكانی خستنەڕووی واقیعە بەئەندێشەكانی و ئەو ئاڕاستەیە دەگرێتەبەر كە خولانەیەوە لەنێو بازنەیەكی داخراودا.
خولقاندنی دەق ئامڕازێكە بۆ بەدەستهێنانی ماناكان هەر ئەم هەستەیە كە شاعیری سەركەوتوو دەیەوێ و هاوكات دەزانێ چی دەڵێ ئیتر دەقی تەمومژاوی بێت یا ئاسایی بێت خوێنەریش بێ گرێ و كۆسپ لێی تێدەگات، بۆیە گەر پێچەوانەی ئەمانە بێت بەهای خۆی لەدەست دەدات و شكڵی عادەتی وەردەگرێت.
لە خوێندنەوەی ئەم دەقانەدا جگە لەچێژ هەست بەریتم و جوانی و وزەی داهێنان دەكەین. ئەو مێژووە دەخوێنینەوە كە ساڵەهایە تا هەنووكە خوێنی لێ دەچۆڕێ!! ئەو لەجیاتی هەمووان دەنگی هەڵبڕیووە و قەتماغەی ئەو برینانە نیشاندەدات كە وەك جوڵەیەكی بزێو و ویژدانمان.. ناخمان دەهەژێنێ، وێنەی كارەساتەكان وەك خۆی دەنەخشێنێ بێ ئەوەی دوای قسەی باق بریق بكەوێت و خوێنەر و خۆی فریو بدات.

هەموو ژیانم لەبەر پەنجەرەی..
ورتە ورتدا بەسەربرد
نە لە سوێری شەو تێربووم
نە پاكێتی رۆژم بۆ ساغكرایەوە ل18


ئەمە و چەندین دانپیانانی تر گەواهی مێژوویەك دەدەن لەلای ئەو بۆتە زادەی هونەری دەربڕینی شیعر، كە دەڵێم هونەری شیعری واتە تەكنیك و ناوەڕۆك كە مەحاڵە بەبێ ئەم دووانە هونەری شیعری لەدایك بێت، خوێنەر بەئاسانی لە كۆدەكانی دەگات و چێژ وەردەگرێت.
گەرچی لە میانەی خوێندنەوەی ئەم دەقانەدا لەوانەیە هەست بە سادەیی بكەین بەڵام مانایەكی قوڵمان لەلا جێ دەهێڵێت. ئەمەش  هونەری (شیعریەت) لەلای شاعیر دەردەخات كە هەوڵێكە بۆ داڕشتن و بونیادی دەق تا لەوێوە ناخی خۆی بۆ خوێنەر ئاشكرا دەكات و بەئاسانیش لێی تێدەگەین. جاری واش هەیە پەنای بۆ جەختكردن و دووبارەكردنەوە بردووە وەك لەم دەقانەدا بەدەردەكەوێت (گۆرانیی ئەوانەی خەویان دەڕزێ، دەردەوان، ئەو نامانەی لە دەر شارەوە بۆم هاتن، جریوەی حەز، نەرمە بای دڵەڕاوكێ) پێموایە پانتاییەكی گەورەی لە دیوانەكەدا داگیركردووە، دەشێ بڵێین ئەو جەخت و دووبارەكردنەوەیە ماناكان زیاتر دەگەیەنێ و ئاستی زمانەوانی دەقەكان باڵاتر دەكات و هیچ لادانێك دروست ناكات و تەبایی دروست دەكات. ئەم جەخت كردنەوانەش بەشێكە لە جوانی شیعریەت و هێز دەداتە دەقەكان و ماناكانیش قوڵتر دەکات، تا بەباشی پەیامەكەی بگات، ئەمەش ئەركی شاعیرە تا خوێنەری بەئاگا رابچڵەكێنێ.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان