داهاتووى رۆژئاوای کوردستان دوای رووخانی بەشار ئەسەد

10:50 - 2024-12-17
کوردستان
234 جار خوێندراوەتەوە
کورد مافەکانی بەدەست دێنێت لە سوریای نوێدا؟

سیاسەتمەداران و شرۆڤەکارانی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان، داوای یەکڕێزی ناوماڵی کورد دەکەن، بۆ چه‌سپاندنی مافەكانی ئەم گەلە له‌ رۆژئاوای کوردستان، هەروەها ئامادەی هه‌ر جۆره‌ گفتوگۆیه‌كن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی سوریاو رۆژئاوای کوردستان. جەخت لەوەش دەکەنەوە کە سوریای ئێستا پێویستی به‌ كاریزمایه‌كی وه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌یه‌، بۆ كوكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسی و پێكهاته‌كان له‌سه‌ر یه‌ك مێزی گفتوگو بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و چارەسەر.

 

دیداری/ ئیبراهیم قامیشلۆیی 

 

بەرامبەر بە کورد بێدەنگن
لەم بارەیەوە دكتۆر ئەحمەد بەرەکات، سکرتێری پارتی پێشکەوتوخوازی کورد لە سوریا بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتیان لە شام بەدەستە، دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، بەرامبەر کورد بێدەنگن و هیچ قسه‌یه‌كی نەرێنییان دژ بە كورده نەوتووە، لەم قۆناغەدا زانیارییەکی کەممان لەسەر نیازی ئەوان بەرامبەر بە مافه‌كانی گەلی کورد هەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە، دیالۆگی کوردی- کوردی لە رۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە مافەکانی کورد، تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووەو ململانێکان بەردەوامن و لە زیادبووندان، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان رەچاوی بارودۆخی دۆخی نائاسایی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان و ئاوارەکانیش بکەن.

د. ئەحمەد بەرەکات، سکرتێری پارتی پێشکەوتوخوازی کورد: 
پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کورد لە سوریا، ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و به‌ یەک پاكێچ سەردانی شام بکەن بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد 

 

نایانەوێت کورد یەکگرتوو بن
سکرتێری پارتی پێشکەوتوخوازی کورد لە سوریا جەختی لەوەش کردەوە و وتی: پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کورد لە سوریا، ناکۆکیەکانیان وەلا بنێن و به‌ یەک پاكێچ سەردانی شام بکەن بۆ چەسپاندنی مافەکانی نەتەوەی کورد لە سوریای نوێدا، وتیشی: بەداخەوە هەندێک لایەن لەناو بزووتنەوەی سیاسی کورددا هەن، کە نایانەوێت کورد لەناو خۆیاندا یەکگرتوو بن و خۆیان بە بەرپرسیار نازانن بەرامبەر بە مافەکانی نەتەوەکەیان لە سوریا.
هه‌روه‌ها وتی: نابێت هیچ هێز و لایەنێكی کوردی، بە جیا سەردانی دیمه‌شق بکات، پێویستە وه‌فدێك بە نوێنەرایەتی هەموو پارت و پێکهاتەكانی ناوچەکانی باکوور و خۆڕهەڵاتی سوریا بە یەک پڕۆژه‌وه‌ سەردانی دیمەشقی پایتەختی سوریا بکەن و بەم شێوەیەش سەرکەوتوو دەبین، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ ئومێدێک بۆ پێکهێنانی وەفدێکی یەکگرتووی کوردی له‌ ئارادا نییە.

رۆڵی سه‌ره‌كی لە سوریای نوێدا هەبێت
 دكتۆر ئەحمەد بەرەکات سەبارەت بە رۆڵی کورد لە سوریای نوێ دەڵێت: لەبەر ئەوەی‌ کورد بە درێژایی مێژوو پێکهاتەیەکی سەرەکی و چەوساوەش بووه‌ لە سوریا و نەتەوەیەکی مکوڕیش بووە لەسەر مافەکانی، ئەوا پێویستە رۆڵی سه‌ره‌كی لە سووریای نوێدا هەبێت، ئەگەر سێانزە ساڵە گەلانی سوریا تووشی زوڵم وستەم بوونەتەوە، ئەوا سەد ساڵە، بەتایبەتی دوای دامەزراندنی کۆماری عەرەبی سوریا، ئێمه‌ی كورد چەوسێندراوین و مافەکانمان پشتگوێ خراوە. 

قۆناغێکی مێژوویی بۆ کورد
ئاماژه‌ به‌وه‌ش دەکات و دەڵێت: ئەمڕۆ قۆناغێکی مێژووییە بۆ کورد و دەرفەتێکیشە بۆ چەسپاندنی مافەکانی ئەم گەلە لە سوریای نوێدا، بێگومان ئەمەش بە هەوڵ و یەکڕێزی ناوماڵی کورد بەدی دێت.
سەبارەت بە هه‌یئه‌ی ته‌حریر شام، دكتۆر ئەحمەد بەرەکات دەڵێت: ئێمە وەک پێویست هه‌یئه‌ی ته‌حریر شام ناناسین،. پێشتر پەیوەندیمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریادا هەبوو و بۆچوونی یەکترمان دەزانی، بەڵام ئێمە ئەزموونی حەلەبمان له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌ی ته‌حریر شام هەیە، بۆ پاراستنی دوو گەڕەکی کوردی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەو تا ئێستا هەڵوێستیان باشه‌ به‌رامبه‌ر كوردانی شاری حه‌له‌ب.

سوریا پێویستی بە کاریزمایەکی وەک «مام جەلال»ە
سکرتێری پارتی پێشکەوتوخوازی کورد لە سوریا جەخت لەوە دەکاتەوە و دەڵێت: سوریای ئێستا پێویستی بە کاریزمایەکی وەکو رەوانشاد، سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی هەیە، بۆ ئەوەی هەموو هێز و لایه‌نی سیاسی و پێکهاتەكان لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە.

محەمەد موسا، سکرتێری پارتی چەپی کورد لە سوریا:
وەکو کورد به‌ هەموو پێکهاتەکانمانه‌وه‌ لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی  نوێی سوریادا

 

بەردەوام بوون لە خەبات
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د موسا، سكرتێری پارتی چه‌پی كورد له‌ سوریا، له‌ قامیشلۆ به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند: دوای سیانزە ساڵ بەسەر شۆڕشی گەلانی سوریادا، نەتەوەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، بەردەوام لە خەباتدایە بۆ پاراستن و گەیشتن بە مافە دیموکراسییە سەرەتاییەکانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا، جگە لەوەش خاک و خەڵکی کوردستان بە بەردەوامی هێرشیان کراوەتە سەر و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانیش لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە داگیرکراون، هاوكات تا ئێستا شەڕ بەردەوامە و مەترسیی ئەو گروپانە بۆسەر گەل و خاکەکەمان بوونی هه‌یه‌.
محه‌مه‌د موسا دووپاتیشی دەکاتەوەو دەڵێت: دوای رووخانی رژێمی بەعس لە سوریا و گرتنه‌ده‌ستی دەسەڵات لە لایەن هەیئەی تەحریر شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، وەکو کورد به‌ هەموو پێکهاتەکانمانه‌وه‌ لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریادا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵات کە زیاتر لە په‌نجا ساڵە بەردەوامە و لە سەروو هەمووشیانەوە کێشەی کورد له‌م وڵاته‌دا.

ناچارین په‌یوه‌ندیمان لەگه‌ڵ شام هەبێت
سكرتێری پارتی چه‌پی كورد له‌ سوریا هه‌روه‌ها دەڵێت: وەک گه‌لی کورد و ده‌سه‌ڵاتی رۆژئاوای كوردستان، ناچارین په‌یوه‌ندیمان لەگه‌ڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای شامدا هه‌بێت، بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی کورد لە سوریا و پاراستنی ناوچەکانمان، بێگومان رێکەوتن و دانوستاندنی زۆر هه‌بوون پێشتر، بۆ چارەسەركردنی کێشەکانی نێوان لایەنە كوردییەکان بۆ پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام بەداخەوە هەموو ئەو دانوستانانە سەرکەوتوو نەبوون.
 ئەو کەسایەتییە سیاسییە روونیشـیكرده‌وه‌و وتی: چەند رۆژێک لەمەوبەر، لەگەڵ وەفدێکی فەرەنسی کۆبووینەوە و ئەوان داوایان لێ کردین، کێشەکانی نێوان هێز و لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان چارەسەر بکرێن و ئێمە یەکڕیزبین. دووپاتیشی کردەوە، هەرچەند گفتوگۆ له‌ نێوان لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، بەڵام لە قۆناغی چارەنووسسازی ئێستادا، پێشبینی ناکەم وەفدی دانوستانکاری کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بە یه‌ك پرۆژە و به ‌یه‌كه‌وه‌ بچێته‌ دیمەشق. 

دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کورد
محەمه‌د موسا له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا دەڵێت: هیوادارم هێزه ‌سه‌ره‌کییه‌کانی باشووری کوردستان، وه‌ک یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ته‌واوی هێزه ‌کوردییه‌کانی به‌شه‌كانی دیکه‌ی کوردستان، به‌ پرۆژه‌ییه‌كی نیشتیمانییه‌وه‌، پاڵپشتی لە مافه‌كانی خه‌ڵكی رۆژئاڤای کوردستان بکه‌ن، لە پێناو تێپەڕاندنی دۆخی سەختی رۆژئاوای کوردستان و چه‌سپاندنی مافەکانی نەتەوەی کورد لە ده‌ستووری كۆماری سوریای نوێدا، وتیشی، بێگۆمان بارودۆخی ئێستا دەرفەتێکی مێژووییە بۆ نەتەوەی کورد لە سوریادا، ئەگەر لە دەستی بدەین، رەنگە سەد ساڵی تر دەرفەتی لەو جۆرەمان نەیەتەوە بەردەست.

کورد مافەکانی بەدەست دێنێت لە سوریای نوێدا؟

#رۆژئاوای كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان