ئا: د. یاسین رەشید
مەڵبەندی کوردۆلۆجی زانکۆی سلێمانی رۆژی (19/12/2024) پانێڵێکی بۆ چوار ئەکادیمیستی پسپۆڕ لە بوارەکانی رامیاریی و ئابووریی و یاسای نێودەوڵەتییدا رێکخست بە ناونیشانی «جەنگی حەماس – ئیسرائیل» دوای ساڵێک لە بەرپابوونی، پرسی مرۆڤبوون و دەرئەنجامە هەرێمیی و ئابووریی و دادوەرییەکانی.
لەو پانێڵەدا دوای ساتێك وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان، پ.ی.د.محەمەد سابیر کەریم و د. هەڵاڵە محەمەد تەقی محەمەد ئەمین، د.یەعقوب مەهدی عارف، د.سامان ساڵح فەرەج، چوار بابەتیان پێشکەشکرد.
چەند ئامارێکی ترسناک
بابەتی یەکەم کە لەلایەن (پ.ی.د.محەمەد سابیر)ەوە پێشکەشکرا، بەناونیشانی (راڤەیەك بۆ جەنگی حەماس – ئیسرائیل و چەند وەدەستهاتوویەک) ی بوو، تێیدا کاردانەوەی توندی ئیسرائیل لەو جەنگەدا بە مرۆڤکوژیی ناوبرد و رایگەیاند هێرش و گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بوونەتە هۆی کوشتنی مرۆڤی بێ تاوان و چەند ئامارێکی ترسناکی بەدواداچوونی رۆژانەی لەو بوارەدا خستەڕوو، لەگەڵ هێنانەوەی کامپی جەبالیا بە نموونە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی بانگەوازی بەردەوام هەیە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامن، لەوانە داواکاریی جویس مسویا یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و هەماهەنگکاری فریاکەوتنی باری لەناکاو بە وەکالەت بۆ راگرتنی پرۆسە سەربازییەکان لە غەززە، لەگەڵ کاریگەرییە سیاسییەکانی ئەو جەنگە و چەند بابەتێکی تری گرنگ لەسەر ئەو پرسە.
لە بڕگەی دووەمی پانێڵەکەدا، (د.هەڵاڵە محەمەد تەقی محەمەد ئەمین) پسپۆڕ لە یاسای نێودەوڵەتییدا لە زانکۆی سلێمانی، بابەتێکی پێشکەشکرد بە ناونیشانی (هەڵوێستی دادگای دادی نێودەوڵەتیی لەبەرامبەر تاوانی کۆمەڵکوژیی لە غەززە) تێیدا وردەکاریی خستەڕوو لەمەڕ زەمینەی یاسایی سکاڵاکەی باشووری ئەفریقا دژی ئیسرائیل، لەسەر ئەو تاوانانەی لە دوای حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لە غەززە دەکرێن. لەو رووەوە د.هەڵاڵە ئامادەبووانی ئاشناکرد بە پەیماننامەی رێگرییکردن لە تاوانی کۆمەڵکوژیی و سزادانی، کە ساڵی 1948 بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکرا و لە ساڵی 1951 دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها روونکردنەوەی پێویستی خستەڕوو دەربارەی تایبەتمەندییەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتیی و چۆنییەتی وەرگرتنی سکاڵای هەر وڵات و لایەنێك کە بۆ دادگایی کردنی تۆمەتبارانی کۆمەڵکوژیی لەسەر ئاستی جیهان پێشکەش بەو دادگایە دەکرێن.
لێکەوتە ئابوورییەکان
لە بڕگەی سێیەمیشدا، (د.یەعقوب مەهدی عارف) توێژەر و مامۆستا لە کۆلێجی زانستە رامیارییەکانی زانکۆی سلێمانی بابەتێکی پێشکەشکرد بە ناوی (لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی حەماس – ئیسرائیل، دوای ساڵێك لەبەرپابوونی) تێیدا بە پێشکەشکردنێك لە شێوەی پاوەرپۆینتدا، وردەکارییەکانی بابەتەکەی خستەڕوو، ئاشکرای کرد، کۆی خەرجی سەربازیی ئیسرائیل لەو جەنگەدا تا ئێستا 66 ملیار دۆلارە و بڕی کورتهێنانی بودجەی داراییشی گەیشتۆتە 53 ملیار دۆلار. هەروەها روونیکردەوە، نرخی دراوی شێکلی ئیسرائیلی بە بڕی لەسەدا پێنج لە ئاڵوگۆڕدا دابەزیوە و ئاستی وەبەرهێنانیش بەڕێژەی 30-40 ٪) کەمبۆتەوە و زیانە داراییەکانیش بە 20 ملیار دۆلار مەزەندەکراون.
شیکردنەوەیەکی بابەتییانە
لە دوا بابەتی پانێڵەکەشدا، (د.سامان ساڵح فەرەج) مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بابەتەکەی خۆی بە ناونیشانی (ئاڕاستەکانی پرسی کوردان دوای ساڵێك لە 7 ی ئۆکتۆبەر) پێشکەشکرد، کە بریتی بوو لە شیکردنەوەیەکی بابەتییانە بۆ وەڵامی چەندین پرسی پەیوەست بە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و ئەو جەنگە فراوانەی بەدوایدا هات و کاریگەرییان لەسەر کورد و کوردستان.
لەو بارەیەوە د.سامان رای وابوو کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستاندا، هاوشێوەی گەلی فەلەستین وەك نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، لە بەردەم هەڕەشەی وڵاتانی ناوچەکەدان بەتایبەت تورکیا و ئێران و عیراق، کە باکوور و رۆژهەڵات و باشووری کوردستانیان پێوە لکێنراوە.
لە کۆتاییدا، ئامادەبووان پرسیار و تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان لەسەر بابەتەکانی پانێڵەکە خستەڕوو و بە وەڵامدانەوە و روونکردنەوەی پێشکەشکارانی بابەتەکان، پانێڵەکە کۆتاییهات.