بەمەبەستی چاودێریکردنی ئاگربەستی نێوان تورکیاو هێزەکانی سوریای دیموکرات، بڕیارە ئەمریکا بنکەیەکی سەربازی لە کۆبانێ دابمەزرێنێت، تا ئێستاش شەڕو پێکدادان لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی توركیاش بەردەوامە.
سەرچاوەیەک لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەمریكا بڕیاریداوە بنكەیەكی سەربازی لە شاری كۆبانێ بكاتەوە و چاودێری ئاگربەستی نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات ناسراو بە هەسەدە بكات.
دەشڵێت، شەڕ و پێكدادانی نێوان هەسەدە و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا لە بەنداوی تشرین و پرسی قەرەقۆزاق بەردەوامە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێكی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك هەسەدە بڵاویكردوەتەوە كۆبونەوەی ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوریا، لەگەڵ وەفدی هەسەدە ئەرێنی بوە و تاوتوێی پێگەی كورد و هێزەكانیان لە سوریای داهاتوودا كراوە .