لە پەراوێزی کتێبی (ئاگرەکانی رق) دا

گەورەترین مێژوونووسی ئەمەریکی، نەتەوەی کورد ناناسێت

09:45 - 2025-01-15
کەلتور
360 جار خوێندراوەتەوە

و: پ.ی د. ماجد خلیل


کتێبی ئاگرەکانی رق، سڕینەوەی نەتەوەیی سەدەی بیستەمی ئەوروپا، کتێبێکی ناوازە و نەستیلەیە، بەشوێن بڕستێکی مرۆڤانەوەیە تا تۆرمەی رق بچنێتەوە، کەچی بۆخۆی خەریکی چاندنی رقە و رازی گەورەترین نەتەوەی بندەستی رۆژگار نادرکێنێت! نۆرمان م. نایمارک، مێژوونووسی مەزنی ئەمریکی ساڵی 1944لە دایک بووە. لە زانکۆی ستانفۆرد بڕوانامەی دکتۆرای بەدەست هێناوە، هاوکات لە سەنتەری توێژینەوەی روسیا لە زانکۆی هارڤارد و دواتر لە زانکۆی بۆستن مامۆستا بووە. ناوبراو خاوەن تیۆری تایبەت بە چەمک و چوارچێوەی جینۆسایدە، پسپۆڕییەکەی و بەرهەمەکانی زیاتر زەمینەیەکن بۆ خستنەڕووی خەسڵەتی توندوتیژی و رق و کینە. لەهەمبەر جینۆسایدی ستالین و سۆڤیەتی پێشوو دیارترین توێژینەوەکانی بڵاوکردوونەتەوە. ئەو بەهێزترین مێژوونووسە کە کۆی مێژوونووسانی روسیای راچڵەکاندووەو رێگەیان بەخۆیان داوە رەخنە لە کۆی بەرهەمەکانی بگرن. لە حەفتا و هەشتاکاندا، جەنگی جینۆساید خزابوویە ناو توێژینەوە زانستییەکانەوە، جەنگە ساردەکە، سیمایەکی گەرمی گەیاندبوویە گەمەی نێوان مێژوونووسان. ئێمە لە کۆی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە، ناکرێت بێ ئاگابین، چون ئەرمەنەکان بەشێکی گەورەی گرەوی بەڵگەکانیان، لە ناساندنی جینۆسایدی نەتەوەکەیان، بە پشتیوانی ئەم مێژوونووسە بردەوە، هەروەکچۆن نەتەوەکانی یوگسلافیاش یادگاریەکی شیرینیان لەگەڵیدا هەیە، تەنانەت تاڕادەیەک تورکەکانیشی پاراستووە. وەلێ دەرهەق بە نەتەوەی کورد، کارێکی ئێجگار نامرۆڤانەی کردووە. کارێک کە بەبێ ئاماژە بە نەتەوەی کورد، وەک بندەستترین نەتەوەی نەزمە جیهانییەکە، وەک چەوساوەترین چارەنووسی نێو گەلانی سەدەی بیستەم، وەک وێرانترین وڵاتێکی رەسەن و ریشەدار، کە لەسەر دەستی داگیرکاریدا دادگای مێژوو لەهەمبەریدا لۆژیکی مردووە. 
بەڵێ ئەم مێژوونووسە زەقترین و زیندووترین مێژوونووسی ئەمریکایە، کە لە ئاست ئەوانی چەوساوەی دەستی سیستەمەکانی ئەوروپای خۆرهەڵات راسانی کردووە، وەلێ لەهەمبەر نەتەوەی کوردا خۆی بواردووە. 


لە کۆی پێنج نموونەی بەرجەستەی جینۆسایددا، جووڵەیەکی نەکردووە، جووڵەیەک کە باس لە بندەستیی کورد بکات

 

لە کاتێکدا لە کتێبی ئاگرەکانی رق، پاکتاوی نەتەوەیی لە سەدەی بیستەمی ئەوروپادا FIRES OF HATRED ETHNIC CLEANSING IN TWENTIETH-CENTURY EUROPE   باشترین کتێبێکی نووسەرە کە بە بڕوای توێژەر و رەخنەگران، لەژێر لۆژیکی لیبڕالیزمە سەرمایەداریەکەی ئەمریکا هاتووەتە دەر. باشترین کتێبێکە کە مشتی لە مۆدێرنە خۆشکردووەو داویەتە بەر رەخنە، باشترین کتێبە کە کەلتووری کینە و رقی رازاندووەتەوە بە بەڵگەی جوامێرانە و دۆزینەوەی سەرچاوەکانی رق. 
نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێ بۆچی نامرۆڤەکان نیازی مرۆڤکوشتنیان هەیە، دەیەوێت نامرۆڤمان پێ بناسێنێ، دەیەوێت پێمان بڵێ بۆچی مێژووی نەتەوەو پێکهاتەکان پلیشاوەیە، بۆچی سڕینەوەی ئەوانی تر، بۆچی رق، تاکەی تاوان و هەڵپە و هەژموونی ناڕەوا. بەڵام زۆر بێباکانە، زۆر بەڕوونی دژی سەرلەبەری ناوەڕۆکی کتێبەکەی خۆی وەستاوەتەوە، ئەو هاتووە بۆ گەڕانەوەی مافی زەوتکراوی نەتەوەکان گڕی خواردووەتەوە، لەم گڕی رقەدا، دەیەوێت رەخنە لەوانە بگرێت کە ئەوانی تر نابینن، ئەوانی تر ناخوێننەوە، مێژووی ئەوانی تر دەشێوێنن. بەڵام لە کۆی پێنج نموونەی بەرجەستەی جینۆسایددا، جووڵەیەکی نەکردووە، جووڵەیەک کە باس لە بندەستی کورد بکات. ئەو هاتووە باسی تاوانەکانی ستالین و هیتلەر و پاڤلیچ دەکات. باس لە پاکتاوی نەتەوەیی ئەوروپا دەکات. باس لەو سیستەمانە دەکات کە کیشوەرەکانی تریان بە ئامانج گرتووە. لە باسی ئەرمەن و تورکدا، لە باسی سایکس- پیکۆدا، لەباسی تێکڕای ستەمکاریەکانی سیستەمی خۆرئاوا لە پشتیوانی ناتۆدا، چون باسی تێکڕای جموجۆڵەکانی ناتۆ و پشتیوانی ئەوروپای کردووە لە دەوڵەت نەتەوەکانی خۆرهەڵات. بەهیچ جۆرێک جێگەی نەتەوەی کوردی نەکردووەتەوە. 
رەنگە پرسیار بکرێت، ئەو باس لە پاکتاوی نەتەوەیی دەکات لە ئەوروپا، کەوایە لەهەمبەر دەیان سەرچاوەی دیکەی ئەوروپییەکان لەبارەی سوچی سەرەکی ئەوروپا لە پاکتاوی نەتەوەیی کورددا چی دەڵێت، لەکاتێکدا بڕیارە کتێبەکەی ئەو رچەشکێنێکی رەخنەیی بێ لە کەلتووری خۆبواردن لە هەر ستەمکارییەک! نایمارک بۆخۆی دەڵێت:(هەمیشە مرۆڤ لەبەردەم مەیدانخوازیی نامرۆڤدایە، ئەدی ئەم ئاستەنگە، ئاتاجی بە چییە، چۆن بتوانین نامرۆڤایەتی رابگرین؟ )
نۆرمان نایمارک وەک دەرچوویەکی زانکۆ لە کۆتایی شەستەکاندا، زۆر بە باشی ئاشنای یوگسلافیای جاران بوو. ئەوکات یوگسلاڤیا تێکەڵەیەک بوو لە سێ ئایینی سەرەکی و چەندین زمان و گروپی نەتەوەیی و ئیتنی جیاوازی لەخۆگرتبوو. هەڵبەتە تێکڕاش لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی و لە ژێر نەزمێکی سۆشیال ناسیۆنالیستیدا، بەڕێبەرایەتی مارشاڵ تیتۆ ئاڕاستەی سیاسەت و فەرهەنگی حوکمڕانی وڵات دەکرا. نایمارک سەبارەت بەو قۆناغە نووسیویەتی:(هەموو ئەو کەسانەی کە لەوێ ناسیمن، بەدڵم بوون). هەروەها نووسیویەتی: (کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوەیی راستەقینە، بە شێوەیەکی تەواو ئاشتیانە پێکەوە گونجاو بوون، وەلێ لە دوای سی ساڵ، ئەو پێکهاتە پتەوە نیشتمانییە، بەهۆی زریانە یەک لە دوای یەکەکانی توندوتیژی تائیفییەوە، پاکتاوێکی رەگەزی رۆحی رۆژگارەکەی سرەواندە سیاسەتێکی زۆر نامرۆڤانەوە.) 
دیارە نایمارک ساڵی 1972 بووە سەرۆکی بەشی مێژوو، پسپۆڕییەکەی لە ئەوروپای خۆرهەڵاتدا بوو. لە درێژەی نووسینەکانیدا پێمان دەڵێت، پاڵنەرەکانی رق و کینە لە کوێوە دەڕژێنە ناو زیهنیەتی زەمینە کۆمەڵایەتییەکەوە. ئەو زۆر بەڕاشکاوی و بە سادەیی ئەوە رووندەکاتەوە کە نەیتوانیوە لەوە تێبگات،  لە یوگۆسلاڤیادا چی روودەدات. 

دواجار نایمارک لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا، بەناوی (گڕکانی ڕق: پاکتاوی نەتەوەیی لە ئەوروپای سەدەی بیستەم)دا، کە ساڵی 2001 لە چاپخانەی هارڤارد چاپکرا، گەیشتە چەند سەرەداوێکی گرنگ. نایمارک بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکەکانی مێژووی بەراوردکاریی، لە پێنج دۆسیەی توندوتیژیی سەدەی رابردووی ناوچەکەی کۆڵییەوە. ئەوانیش: تارنانی ئەرمەن و یۆنانییەکان لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانی، هێرش و هەژموونی نازییەکان بەسەر جووەکاندا، هەڵکەندنی پێکهاتە نەتەوەییەکانی چیچانی و ئینگوش و تاتارییەکان لەلایەن ستالینەوە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، تارنانی ئەڵمانییەکان لە پۆڵەندا و چیکۆسلۆڤاکیا لە پاش جەنگ، جەنگەکانی یوگۆسلاڤیای نەوەدەکان، لەنێویاندا کۆسۆڤۆ.

خۆبواردنی ئەمەریکییەکان
نووسەر لە کتێبەکەیدا و لەکاتی لێکۆڵینەوە لەم بابەتەدا، لە سیمینارێکیدا لەگەڵ خوێندکارانی قۆناغی یەکەمدا، وەک خستنەڕووی تیۆرێکی نوێ، وەک دۆزینەوەی داهێنانێک لەهەمبەر راچەنینی رۆحی باڵادەستترین سیستەمی جیهانی کە ئەمەریکایە،  ئەوەی خستەڕوو، کە خوێندکارانی ئەمریکی کێشەی راستەقینەیان لەگەڵ چەمکی (پاکتاوی نەتەوەیی)دا هەیە، ئەوان وەک ئەوەی لە زەمینێکی تردا بن و لەهەمبەر رق و کینە و پاکتاوی نەتەوەیی، نەیاندەویست خۆیان تێبگەیەنن، بۆیە خێرا رەهەندەکەی گەڕاندەوە بۆ خۆبواردنی ئەمەریکییەکان، کە دیارە دەربڕینەکەشی راست بوو، ئەو خۆبواردنەی کە لە رۆحی خودی خۆشیدا بوونی هەبوو. ناوبراو بابەتی ئەمەریکییەکانی گەڕاندەوە بۆ  دەرکردنی هیندییەکانی باشووری رۆژهەڵات لەلایەن ئەندرۆ جاکسۆنەکانەوە. بەتایبەتی لە ساڵانی 1830دا. دواتریش  بیرۆکە و لۆژیکی لینکۆڵن بۆ ناردنی کۆیلە ئازادکراوەکان بۆ دەرەوەی وڵات، زیندانەکانی رۆزڤێڵت، دەرهەق بە ژاپۆنی -ئەمریکییەکان لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانی، هەموو ئەمانە پشتگیرییەکی بەرفراوانی بیرۆکەکانی بوون، کە بۆچی ئەمەریکییەکان تا ئەو ئاستە لە ئاستی ئایدیایەکدا کە کەلتوری رق و پاکتاوی رەگەزی رۆشنبکاتەوە رێگەیان بە تێگەیشتنی خۆیان نەدەدا.

فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخ
پاش سەیرکردن و شرۆڤەی  بەڵگە مێژووییەکان، نایمارک لە ناوەڕۆکی کتێبەکەیدا لەبارەی سروشتی پاکتاوی نەتەوەیی لە 100 ساڵی رابردوودا گەیشتە چەند سەرەداوێکی گرنگ، ئەو سەرەداوانەی کە چارەسەریشی بۆیان دیاری کردبوو. بۆ نموونە ئاماژەی  بە سنووردارکردنی خۆبواردن و نەزم و نەریتی نائەنقەست کردبوو لە دۆزینەوەی دەرهاویشتەی رق و کینەدا. دیارە هەموو ئەو خۆبواردنانە لە ئاکامی ئایدیۆلۆجیا، ئایین، ئەندێشەی بەڕبەڕیانە و بەرژەوەندییخوازی و پراگماتیزمی پێکهاتەکانەوە دێت، کە بوویە فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخ و خودی ئەمەریکییەکان رێبەرایەتیان کرد. هەروەها دەرهەق بە سڕینەوەی زۆرەملێی گروپێکی کەمینە، یان پاکتاوکردنی نەتەوەیی و تەنانەت جینۆساید و پاکتاوی  بە مەبەستی  ئەو گروپانە کە لە زۆربەی جاراندا گروپێک لەناو ئەویتردا دەتوێتەوە و دەبێتە میراتگریی هەر مەیدانخوازێکی مێژوو، یاخۆ خاوەندارییەتی خەسڵەتە نەتەوەییەکانی ئەوانی تر دەکات.
میتۆدێکی رقاوی
 ئەم مۆدێلەش، میتۆدێکی رقاوی و رەهەندێکی ئێجگار ترسناکترە، چونکە تەنها بە لۆژیکی لەناوبردنەوە ناوەستێ، هەروەک ئەوەی ئەمەریکییەکان کردیان، بەڵکو لە چەندین دۆسیەی سەدەی بیستەمی ئەوروپای رۆژهەڵاتدا، نەتەوەی باڵادەست بوونەتە براوەی شانازییەکانی ئەوانی تر، بۆیە ئەوە توێژینەوەکانن کە مافی زەوتکراوی زیهنییەتی نەتەوەیەکی پلیشاوە، پێ بە پێی پەیجورییەکانی وەردەگرێتەوە. نووسەر بۆ ئەو نموونەیە، نموونەیەکی زیندووتری لە نموونەی نەتەوەی کورد بەدەست نەدەکەوت، کە دەبوو زۆر بە راشکاوانە رەخنەکانی ئاڕاستەی دەوڵەت نەتەوەکانی ئێران و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی بکردایە.  هەڵبەتە نووسەر نەهاتووە نیازی نەتەوە باڵادەستەکان، لە چوارچێوەیەکی چارەنوسسازدا روونتر شیبکاتەوە، کە ترس لە گەشەی ئابووری، فەرهەنگ، بوونی نەتەوەیی ئەوانە هۆکارێک بووە بۆ دوورخستنەوەیان نەک هاوکاریکردنی نەیارانی نەتەوە باڵادەستەکان.  نایمارک بە شێوەیەکی گرافیکی وەسف و وێنای جۆری (پاکتاوکردنی نەتەوەیی) دەستنیشان کردووە، بۆ نموونە چەکدارەکان چۆن بەشێوازێکی دڕندە، دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنان و  منداڵان. 

بە کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی دەوڵەت و میدیا و پارتە سیاسییەکانیان، سەرکردە نەتەوەییەکان دەستکاریی دنیای ئەوانی تریان کردووە و بوونی ئەوانی تریان وەک پۆخڵەواتێک ناشتووە

 سەرچاوەی رقی نەتەوەکان
لە کۆتاییدا و بەگشتی نووسەر گەیشتووەتە باوەڕێک کە رق و توندوتیژیی نەتەوەیی دیاردەیەکی قووڵی مۆدێرنەیە. ئەو لە دوا پەڕەدا دەنووسێت: (ئەزموونی ئێستای یوگۆسلاڤیا پەیوەندیی بە نموونەکانی پێشووی سەدەی بیستەمەوە هەیە، کە بەهیچ جۆرێک بەرهەمی رق و کینەی پێشووی نەتەوەکان شوێنی نابێتەوە، وەک ئەوەی زۆرجار لەلایەن سیاسەتمەداران و رۆژنامەنووسانەوە رەخنە لە نەریتی کۆنی نەتەوەکان دەگیرێت  و بە سەرچاوەی رقی نەتەوەکان ناویان دەبەن).
ناوبراو دەیەوێت بڵێت نوخبە سیاسییەکان لە دەوڵەتە نەتەوەییە مۆدێرنەکاندا، بە بەکارهێنانی تێڕامان و تیۆرییە رەگەزپەرستییە باوەکانی تری سەدەی رابردوو، جیاوازییە نەتەوەییەکانیان خستووەتە روو و گرووپە کەمینەکانیان لەکەدار کردووە، هەڵبەتە بۆ ئەوەی ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان بەرەوپێش ببەن. بۆ نموونە  تورکە گەنجەکان، هیتلەر، ستالین، میلۆسۆڤیچ، هەموویان بێبەزەییانە دوژمنی ناوخۆییان بەکارهێنا بۆ یارمەتیدان و  چەسپاندنی دەسەڵات و دەسەڵاتیان. ئەو دەڵێت: (بە کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی دەوڵەت و میدیا و پارتە سیاسییەکانیان، سەرکردە نەتەوەییەکان دەستکاریی دنیای ئەوانی تریان کردووە و بوونی ئەوانی تریان وەک پۆخڵەواتێک ناشتووە). هەروەها نایمارک دەڵێت: (پاکتاوی نەتەوەیی) تەنیا لەو کاتەدا دەتوانرێت رێگری لێ بکرێت کە دەزگا فرەنەتەوەییەکانی وەک ناتۆ یان نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی زیاتر بۆ دەستێوەردان نیشان بدەن، تەنانەت لە کاروباری ناوخۆی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریشدا. هەروەها نایمارک پێی وایە تاڕادەیەک دەزگا نێودەوڵەتییەکان هەوڵدەدەن  (پاکتاوکردنی نەتەوەیی) بوەستێنن، بەڵام مەترسییەکی تر لە ئەگەریی ئایدیۆلۆژیا کاریگەرەکان دەخاتەڕوو، کە ئایا بە تێپەڕبوونی کات رەگی هۆکاری لێبوردەیی نەتەوەیی لەناو دەبرێت؟ چون راستە لە راستیدا لە 100 ساڵی رابردوودا شتەکان گۆڕاون. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان