فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، کوردەکانی سووریا نایانەوێت حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن بەڵکو دەیانەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لامەرکەزیدا کاروبارەکانیان بەڕێوەببەن.
مە.زڵوم عە.بدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هە.سە.دە) بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتێد پرێسی راگەیاند، لەم دواییانەدا چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر کەوتووە و ئێستا هەردوولا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ داهاتووی سووریا دەدەن لەگەڵیدا داهاتووی کورد.
مە.زڵوم عە.بدی ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەد هەنگاوێکی مێژوویی بوو، لەسەر ئەو بناغەیەش پێویستە سووریایەکی نوێ بنیادبنرێت کە حزبی بەعس و ئایدۆلۆجیاکەی تێدا دووبارە نەبێتەوە.
لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەی لە دیمەشق لەهەفتەی رابردوو ئەنجامدرا و تێیدا ئەحمەد شەرع بە سەرۆک کۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر هەڵبژێردرا، فەرماندەی گشتیی هە.سە.دە وتی، ئێمە لەو کۆبوونەوەیە ئامادەنەبووین و لێدوانیشی لەسەر نادەین.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بابەتە لەگەڵ ئەواندا گفتوگۆی لەسەر نەکراوە، دانوستان لە نێوان ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە و هەڵوێستیان بە گوێرەی ئەنجامی دانوستانەکانیان دەبێت.
باسی لەوەشکردووە، سەردانی بەرپرسانی هە.سە.دە بۆ دیمەشق بەردەوام دەبێت لەپێناوی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ دەسەڵاتدارە نوێیەکان. عەبدی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش وەک ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا نێوەندگیری لە نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی دیمەشقدا دەکەن.
فەرماندەی گشتیی هە.سە.دە دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت سووریا دەوڵەتێکی یەکپارچە بێت و خاوەنی حکومەتێکی ناوەندی بێت لە دیمەشق. کوردانی سووریا نایانەوێت لە وڵاتەکە جیاببنەوە یاخود هاوشێوەی هەرێمی کوردستان حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ دابمەزرێنن، گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەیەوێت کاروبارە ناوخۆییەکانی خۆی لە دەوڵەتێکی لامەرکەزی بەڕێوەببات و دەشڵێت، سووریا عیراق نییە و عیراقیش سووریا نییە، هەروەها باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەرێمی کوردستان نییە.
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هە.سە.دەشەوە، مە.زڵوم عە.بدی دەڵێت، دەمانەوێت هە.سە.دە ببێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری و بەشێکی ستراتیجی بەرگریی سووریا، لەوبارەیەشەوە پێشنیازێکمان ئاڕاستەی دیمەشق کردووە و چاوەڕێی وەڵامین