وا ژمارە 400 ی ستادیۆم دەرچوو، ژمارەیەكی تایبەت و ناوازە و جوانە، ئەم دووتوێ هەفتانەیەی ستادیۆم، درێژەی دووتوێکانی پێشووتری ستادیۆمە كە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، وەك خزمەتێكی بچوك بە راگەیاندنی وەرزشی كوردی، دەریدەكات.
ئەم ستادیۆمە، بەم فۆرمە نوێیەی ئێستای، درێژە پێدەری ستایۆدمی پەروەردە و ستادیۆمی هەفتانە و ستادیۆمی رۆژانەیە كە هەریەكەیان بۆخۆی، مێژوویەكی جوانی راگەیاندنی وەرزشیی نووسراوی رۆژنامەی كوردستانی نوێیە و كۆمەڵێك نووسەری وەرزشیی هەر لە سەرەتای دەرچوونییەوە پێوەی ماندوو بوون و رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە دەرچوونیدا.
ستادیۆم –ی كوردستانی نوێ وەك بیرۆكە و سەرەتای دەرچوونی، دەگەڕێتەوە بۆ 16/3/2002 ، واتە 23 ساڵ پێش ئێستا، كە یەكەم ژمارەی ستادیۆمی پەرەوەردە بە قەبارەی ئەی 4 دەرچوو، ئەم پاشكۆیەی ستادیۆمی پەروەردە، بۆ روماڵی خولە وەرزشییەكانی پەروەردەكانی كوردستان - ئیدارەی سلێمانی بوو، كە ئەوسا دوو ئیدارەی حكەمەتی هەرێمی كوردستان هەبوو، پاشان 30/3/2002 دووەم ژمارە و 1/5/2002 سێیەم ژمارەی ستادیۆمی پەروەردە دەرچوو.
ئیتر ئەم پاشكۆیە بوو بە بیرۆكە و هەوێنی دەرچوونی پاشكۆیەكی تر كە هەفتانە بوو، بەڵام تەنیا ناوی ستادیۆم بوو، رۆژی 21/7/2002 یەكەم ژمارەی هەفتانەی ستادیۆم دەرچوو، 29 ژمارە هەر بە قەبارەی ئەی 4 دەرچوو، بەڵام ساڵی 2003، لەبەر پرۆسەی ئازادیی عیراق و لەگەڵ وەستانی پاشكۆكانی كوردستانی نوێدا ئەم پاشكۆیە راگیرا.
دواتر رۆژی 15/6/2005، جارێكی تر ستادیۆمی هەفتانە لە ژماەر 30 یەوە دەستی بەدەرچوون كردەوە و بەقەبارەی ئەی 3 دەردەچوو، تا ژمارە 75 بەردەوام بوو، رۆژی 1/6/2006 ستادیۆم لە ژماەر 76 -یەوە بوو بەرۆژانە و بە قەبارەی ئەی 3، بەڵام جارێكی تر و لەڕۆژی 1/4/2014- دا، ستادیۆم وەستا، ئەوەش لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی كوردستان بۆ لیستەكانی یەكێتی 266 - ی پەرلەمانی عیراق و 77 – ی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كوردستان كەڕۆژی 31/3/2014 كراو رۆژی 31/3/2014 دوا ژمارەی ستادیۆم دەرچوو، كەژمارەی 2037 بوو.
ئەم وەستانە نزیكەی دووساڵی خایاند، دواتر لە 21/1/2016 - ەوە بەم شێوەیەی ئێستا و هەفتانە دەستی بەدەرچوون كردەوە، کە ئێستا وا ژمارە 400 ی دەرچووە و تەمەنێكی نزیكەی 9 ساڵەی بەڕێكردووە.