سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، یەکێک لە کارمەندەکانیان لەبەشی ژمێریاری کە ئەرکەکەی وەسڵبڕین بووە، بڕی 100 ملیۆن دیناری بردووە و هەڵاتووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، هەر کارمەندێکی وەسڵبڕ قاسەی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەو بڕە پارەیەی بردراوە داهاتی یەک هەفتەی کارکردنی ئەو کارمەندە بووە وەکو وەسڵبڕ لە بەشی تۆمار.
باسی لەوەشکرد، ئەو کارمەندە لە ساڵی 1987ەوە کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانییە و چەند رۆژێکە نەهاتووەتەوە بۆ دەوام، بۆیە گومانمان لا دروستبووە و قاسەکەمان کردووەتەوە بۆمان دەرکەوتووە پارەی ناو قاسەکەی بردووە و هەڵاتووە.
لای خۆشیەوە، ئاسۆ محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، چەند رۆژێک پێش ئێستا كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەڵاتووە كە تۆمەتبارە بە بردنی بڕە پارەیەكی زۆر و لایەنە ئەمنییەكانی وەكو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و پۆلیس، دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.