سازدانی/ زەینەب ئەرکەوازی
یاریی هێزی جەستە یەکێکە لە یارییە قورسەکانی دنیای وەرزش، لە رابردوودا راهێنانی وەرزشیی لەلایەن ژنانەوە لە خانەقی تەنها بە چەند یارییەک سنووردار کرابوو، لە کاتێکدا دەبینین ئەمڕۆ لەگەڵ پیاواندا لە یارییەکانی تایبەت بە هێز، پێشبڕکێ دەکەن. کاپتن دیلان شەریف راهێنەر و ناوبژیوانی یەکێتیی هێز و جەستەی عیراق، لە دایكبووی ساڵی 1991 ی کەرکوکە و لە خانەقی نیشتەجێیە، لە ساڵی 2017 ەوە چووەتە نێو گۆڕەپانی وەرزشیی هێزی جەستە. کاپتن دیلان دەڵێت: بەرواری پەیوەندیکردنم بە یاریی هێزی جەستەوە ساڵی 2019 بوو، بەڵام سەرەتام زۆر سەخت بوو، پێشتر لە ماڵەوە بە پەیڕەوکردنی رێجیمێک و ئامێری سادە راهێنانم دەکرد، لەو کاتەدا لە نزیک ماڵەکەم هۆڵی وەرزش نەبوو، لە خانەقی تەنها یەک هۆڵی وەرزشیی هەبوو تەنیا بۆ پیاوان بوو، بۆیە من پێم باش بوو لە ماڵەوە یاریی بکەم. دوای ئەوە هاوسەرەکەم توانی کلیلی هۆڵی کاپتن سەرحان، خودا لێی خۆش بێت، لە وێستگەکە وەربگرێت، دوای رۆیشتنی پیاوەکان، لە شەودا بە تەنیا راهێنانی پێدەکردم، ئامانجێکم هەبوو کە بگەم بەوەی ئەمڕۆ.
دیلان شەریف باس لەوە دەکات هەر لە منداڵییەوە، بەهێز بووە و هیچ شتێک بۆ ئەو قورس نەبووە، هاوکات باس لەو دۆخە سەختانە دەکات کە لە کاتی کارکردنیدا وەک راهێنەری لەشجوانی رووبەڕووی بووەتەوە و وتی: کاتێک بۆ یەکەمجار هۆڵی وەرزشییم کردەوە رووبەڕووی زۆر کێشە بوومەوە، زۆربەی خەڵکی منیان بە باشی نەدەناسی، هەروەها وەک دایکی چوار منداڵ، کاتێکی کەمم هەبوو بۆ ئەوەی ئاگاداری منداڵەکانم ببم، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، کاتەکانم رێکخستەوە و بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بووم.
خەونەکەی هێشتا نەهاتۆتە دی
خەونی کاپتن دیلان هێشتا نەهاتۆتە دی، چونکە خەونی ئەوەیە هۆڵێکی وەرزشیی گەورەتر و فراوانتری هەبێت و بتوانێت خزمەتی زیاتر بە خانمانی خانەقی بکات. ئەو دەڵێت: پێشتر هەمووان خۆیان لە چوونە هۆڵی وەرزشیی بەدوور دەگرت، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و جیاوازییەکی بەرچاو دەبینین.
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم وەرزشی ژنان لە خانەقی، کاپتن دیلان وتی: وەرزشی ژنان هێشتا لێرە لەلای زۆر کەس بە شەرمەزارکەر دادەنرێت، لە سەرەتای کارەکەمدا هەمووان سەرزەنشتی خۆم و خێزانەکەمیان دەکرد، بەڵام بە بڕوا بەخۆبوونمەوە مامەوە بۆ بەدواداچوونی خەونەکەم و ئەو ئامانجەی کە خەونم پێیەوە دەبینی، جگەلەوەی هاوسەرەکەم پشتگیریی لێ دەکردم، تا توانیمان کۆتایی بە قسەکانیان بێنین.
خەڵات و بڕوانامە و پاڵەوانێتییەکان
سەبارەت بە گرنگترین پاڵەوانێتییەکانی بەشداری تێدا کردووە وتی: پاڵەوانێتی کوردستان بۆ ساڵی 2019 وەک یاریزانێک بە ناوی خانەقییەوە بەشدار بووم، پلەی دووەمم بەدەستهێنا، هەروەها پاڵەوانێتی عیراق بۆ 2019، پلەی یەکەمی لیژنەکەم وەرگرت. بەشداری پاڵەوانێتی خانەقییم لە ساڵی 2021 دا کرد، وەک ناوبژیوان بەشدارییم لە پاڵەوانێتی کوردستاندا کرد لە شاری کفری، کە پاڵەوانێتییەکی سەرکەوتوو بوو، هەروەها وەک ناوبژیوان بەشدارییم لە پاڵەوانێتی عیراقدا لە خانەقی کرد کە لەژێر سەرپەرشتی خۆمدا بەڕێوەچوو، هەروەها وەک ناوبژیوان لە پاڵەوانێتی کوردستان لە کەلار بەشدارییم کردووە، هاوکات وەک ناوبژیوان بەشدارییم لە پاڵەوانێتی دیالەدا کردووە.
کاپتن دیلان بڕوانامەی راهێنان و ناوبژیوانی بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2020 وەک خوێندکاری پلە یەک بەشداریی لە خولی عیراق لە کەرکوک کردووە، هەروەها بەشداریی خولێکی ناوبژیوانی و راهێنانی لە سلێمانی لە ساڵی 2021 کردووە و وەک خوێندکار بە پلەی دووەم دەرچووە، جگەلەوە بەشداریی خولێکی ناوبژیوانی کردووە لە بەغدا لە زانکۆی (التوراث) یەکەم ژن بووە کە لە خانەقییەوە بەشداریی پاڵەوانێتییەکانی لەشجوانی بکات و یەکەم ناوبژیوان بووە لەو بوارەدا.