ساڵانی گەرمتر چاوەڕێمان دەکات

11:32 - 2025-05-19
ڕاپۆرت
54 جار خوێندراوەتەوە
بەرنامەی کۆپەرنیکۆس بۆ کەشوهەوا رایگەیاندووە ساڵی 2024 گەرمترین ساڵ بووە لە مێژوودا

ئا: دڵان سامان

هەرچەندە سەرکردەکانی جیهان دەیەیەک پێش ئێستا بەڵێنیان دابوو زەوی لە گەیشتن بەو پلەیە بپارێزن، بەڵام داتا نوێیەکان دەریدەخەن کە زەوی بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما دەچێت و لە 1.5 پلەی سەدی نزیک دەبێتەوە.
بەرنامەی کۆپەرنیکۆس-ی ئەوروپی بۆ کەشوهەوا لە ماوەی رابردوودا رایگەیاند ساڵی 2024 یەکەم ساڵ بووە تێیدا ئەو ئاستەی تێپەڕاندووە، جگە لەوەی گەرمترین ساڵ بووە لە مێژوودا، راستە ئەمە ئاماژە نییە بۆئەوەی لەسەر ئەو پلەیە بەردەوام دەبێت، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی لێچوونی گازە گەرمخانەییەکان و بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرزبوونەوەی ئەم دواییانەی پلەکانی گەرمای گۆی زەوی بە «داڕمانی کەشوهەوا» وەسفکرد و وتی:«دەبێت لەم رێگەیەی بەرەو لەناوچوونمان دەبات بێینە دەرەوە کاتمان نییە بەفیڕۆی بدەین».

گەرمترین ساڵەکان کامانە بوون؟
بەپێی داتاکانی کۆپەرنیکۆس بۆ کەشوهەوا، تێکڕای پلەی گەرمای جیهانی لە ساڵی 2024 دا نزیکەی 1.6 پلەی سەدی زیاتر بووە لەچاو پلەکانی گەرما لە سەردەمی پێش پیشەسازیدا، واتا ئەو سەردەمەی پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بکات بە سووتاندنی بڕێکی زۆر لە سووتەمەنیی بەردینی، ئەم پێوانە نوێیەی بۆ پلەکانی گەرما تۆمارکراوە، ئەو ژمارە پێوانەییە دەشکێنێت کە لە ساڵی 2023 دا تۆمارکرابوو بە نزیکەی 0.1 پلەی سەدی، واتە 10 ساڵی رابردوو گەرمترین ساڵەکان بوون کە تۆمارکراون.
بێگومان هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای گۆی زەوی بە پلەی یەکەم بۆ لێچوونی ئەو گازانە دەگەڕێتەوە کە دەبنە هۆی دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرما، وەک گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە هێشتا لە بەرزترین ئاستەکانیدایە.
هەر سەبارەت بەو مەسەلەیە سامانسا بۆرگێس جێگری بەرنامەی کۆپەرنیکۆس رایگەیاند: «گەورەترین هۆکار و کاریگەریی لەسەر کەشوهەوا چڕبوونەوەی ئەو گازانەیە کە دەبنە هۆی پەنگخواردنەوەی گەرما».
ئامانجی 1.5 پلەی سەدی بووەتە بڕگەیەکی هێمادار لە دانوستانە نێودەوڵەتییەکانی کەشوهەوادا، لەو کاتەوەی لە ساڵی 2015 دا لە پاریس وەک سنوورێک بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانی رێککەوتنی لەسەر کرا، زۆرێک لەو وڵاتانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زۆرترین مەترسییان لەسەرە، بە پرسێکی چارەنووسسازی دەزانن کە مانەوەیانی لەسەر بەندە.
داتاکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو رێڕەوەی ئێستا وڵاتان بۆ ژینگە و کەشوهەوا پەیڕەوی دەکەن، تا دەگەینە سەرەتای ساڵانی 2030 پلەکانی گەرما لە 1.5 پلەی سەدی زیاتر بەرزدەکەنەوە، ئەمە لە رووی سیاسییەوە گرنگە، بەڵام بە مانای کۆتاییهاتنی چالاکییەکانی پاراستنی کەشوهەوا نایەت.
زیک هاوسفاتەر، زانای کەشوهەوا لە گروپی توێژینەوەی بێرکلی زەوی لە ئەمریکا روونیکردەوە، «وەک ئەوە نییە کە پلەی گەرمی 1.49 پلەی سەدی پێشکەوتنێکی پۆزەتیڤ بێت، هەروەها 1.51 ی پلەی سەدی کۆتایی جیهان بێت» چونکە هەموو 10 یەکی پلەیەکی سەدی گرنگە، هەروەها تا پەنگخواردنەوەی گەرما زیاتر بێت کەشوهەوا گەرمتر دەبێت و وردە وردە کاریگەرییە خراپەکانی دەردەکەون». تەنانەت پلەیەکی کەم لە گەرمبوونی جیهان دەتوانێت ببێتە هۆی رووداوە توندەکانی کەشوهەوا، وەک شەپۆلی گەرما و 

بارانبارینی بەخوڕ. وشکەساڵیی درێژخایەن
لە ساڵی 2024 دا جیهان پلەی گەرمی بەرزی لە رۆژئاوای ئەفریقا، وشکەساڵیی درێژخایەن لە بەشێک لە ئەمریکای باشوور، بارانبارینی بەخوڕ لە ئەوروپای ناوەڕاست و هەندێک زریانی بەهێز لە ئەمریکای باکوور و باشووری ئاسیا تۆمار کرد، ئەم رووداوانە تەنها نموونەیەکن لەوەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا روویاندا و توندتر بوون.
زانایان پێیانوایە سەیر نییە جیهان ژمارەی پێوانەیی پلەی گەرمیی دەشکێنێت، چونکە پێشبینی کراوە پلەکانی گەرما لە ساڵی 2024 دا بگاتە ئاستێکی پێوانەیی بەهۆی کاریگەرییەکانی دیاردەی کەشوهەوای ئێڵنینۆ، کە لە دەوروبەری مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا کۆتاییهات، جگە لە گەرمبوونی جیهان بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە.
ئەو پەراوێزەی چەندین پلەی گەرمیی پێوانەیی لە ساڵانی رابردوودا بۆ دانراوە، چاوەڕواننەکراو بوون و زانایان ترسیان هەیە ئەوە دەستپێکێک بێت بۆ خێراتربوونی گەرمبوونی جیهانیی.
زیک هاوسفاتەر زانای کەشوهەوا وتیشی: «پێموایە ئێستا دەتوانین بڵێین پلەکانی گەرما لە ساڵی 2023 و 2024 زۆربەی زانایانی کەشوهەوای تووشی شۆک کرد، چونکە پێمان وا نەبوو، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهان بەو خێراییە، 1.5 پلەی سەدی تێپەڕێنێت».
تیۆری جۆراوجۆر
هێلگێ گۆسلینگ-یش زانای فیزیای کەشوهەوا لە پەیمانگەی ئەلفرێد ڤیگنەر لە ئەڵمانیا هاوڕایە و دەڵێت: «لە ساڵی 2023 ەوە پلەی گەرمی زیاترمان بینیووە کە نزیکەی 0.2 پلەی سەدییە، هەرچەندە ئەوە لە گۆڕانی کەشوهەوا و دیاردەی ئێڵنینۆ چاوەڕێ دەکرا».
تیۆری جۆراوجۆر پێشنیار کراون بۆ روونکردنەوەی ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە، وەک کەمبوونەوەی بەرچاوی رووپۆشی هەورە نزمەکان کە رۆڵیان هەیە بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی هەسارەکە، هەروەها بەردەوامبوونی گەرمبوونی زەریاکان دوای کۆتاییهاتنی دیاردەی ئێڵنینۆ.
سەرەڕای ئەوە زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە، هێشتا دەتوانرێت لە داهاتوودا کەشوهەوا کۆنترۆڵ بکرێت بە کەمکردنەوەی گازی کاربۆن، تەنانەت ئەگەر نەتوانرێت بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ 1.5 پلەی سەدی سنووردار بکرێت، ئەوا دەتوانین لەم سەدەیەدا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ 1.6 پلەی سەدی، 1.7 پلەی سەدی، یان 1.8 پلەی سەدی سنووردار بکرێت، ئاماژە بەوەش دەدەن، ئەوە باشتر دەبێت لەوەی بەردەوام بین لە سووتاندنی خەڵوز و نەوت و گاز بەبێ وەستان و کۆتاییەکەی بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ نزیکەی 3 یان 4 پلەی سەدی کۆتایی بێت.
سەرچاوە: BBC عەرەبی

بابەتە پەیوەندیدارەکان