راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی
لە ساڵی 1975، کاتێک حکومەتی ئه‌وكاتی عیراق نزیکەی 58 گوندی لە دەوروبەری چیای شنگاله‌وه راگواست و لە كۆمه‌ڵگه‌ی زۆرەملێدا نیشتەجێی كردن، تا ئه‌مڕۆ کێشەی کەم ئاویی لە قەزای شنگال بەردەوامە و بۆ چارەسەرکردنی دانیشتووانی قەزاکە داوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی رووباری دیجلە ـ رەبیعە بۆ قه‌زای شنگال دەکه‌ن.
بارگرانیی کەم ئاوی لەسەر هاووڵاتیان
محسن شنگالی چالاكوان لە قەزاکە بۆ كوردستانی نوێ وتی: كێشه‌ی كه‌م ئاویی له ده‌ڤه‌ری شنگال چەندین ساڵە به‌رده‌وامه و له سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كانی پێشوو تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه. رۆژانە کێشەی کەم ئاویی لە ناحیه‌ی سنۆن و كۆمه‌ڵگه‌كانی سیپا شێخ خدر، دۆگرێ، تل عزێر، خانەسۆر، زۆراڤا و گۆبال هه‌یه، هەروەها چەند گوندێکی دیکەی ناوچه‌كه رۆژانه كێشه‌ی كه‌م ئاوییان هەیە و دۆخەکە بارگرانییه‌كی زۆری له‌سەر هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ری شنگال به گشتیی دروستکردووە.
وتیشی: ساڵانێکی زۆرە باس لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی رەبیعە بۆ قه‌زای شنگال و بەعاج و زوممار دەکرێت، بەڵام تائێستا ئەم پڕۆژەیە بۆ چارەسەرکردن و نه‌هێشتنی کێشەی کەم ئاویی جێبه‌جێ نه‌كراوه، به تایبه‌ت له دەڤەری شنگال، داوا لە ئیدارەی پارێزگای موسڵ دەکەین پرۆژەکە بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە لەبەرئەوەی هاوکات لە رووی كه‌رتی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە سوودی زۆری بۆ هاووڵاتیانی دەڤەرەکەمان دەبێت.
هاووڵاتیان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، چەند بیرێكی ئیرتیوازی نوێ لە گوند و ناحیەکانی قه‌زای شنگالدا هەڵبکەنن و دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی رووباری دیجلە ـ ره‌بیعه بكەن، کە ساڵانێكی زۆره لە بەرنامەدایە
داواکاریی دانیشتووانی شنگال
هێشتا لە وەرزی بەهارداین و کێشەی کەم ئاویی لە شنگال سەریهەڵداوە، ئەمە جگە لەوەی رۆژانە خێزانە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سنووری قەزاکە، بەمەش خواست و پێداویستیی بۆ خزمەتگوزارییەکان بە تایبەت لەسەر ئاو زیاتر دەبێت.
مه‌هداوی عیدۆ هاووڵاتییه‌كی دیكه‌ی قه‌زای شنگالە، بۆ كوردستانی نوێ وتی: کێشەی سەرەکیی قەیرانه‌كان له ده‌ڤه‌ری شنگال و کەمیی خزمەتگوزارییەکانی ئاو، خراپیی رێگەوبان و ئاوەدان نەکردنەوەی گوندەکان بوونی چەند ئیدارەیەکی نا رەسمییە له قه‌زاكه‌دا.
وتیشی: هاووڵاتیانی شنگال داوای دامەزراندنی ئیدارەیەکی رەسمی لە قەزای شنگالدا ده‌كه‌ن، بۆئەوەی بتوانێت خزمەت به هاووڵاتیانی دەڤەرەکە بە گشتیی بکات.
وەڵامی لایەنی پەیوەندیدار
زۆرینەی هاووڵاتیانی شنگال بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پشت بە ئاوی بیر دەبەستن، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە بیرەکان وشکبوون، ئەوەش گرفتی کەم ئاویی لە قەزاکەدا زیاتر کردووە.
مه‌هدی قاسم به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی قه‌زای شنگال، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: ساڵانێكی زۆره قەیرانی کەم ئاویی لە تاخه‌كانی شنگال و ده‌وروبه‌ری بەردەوامە و چەندین جارهەوڵمانداوە لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار چارەسەری بكات، به‌ڵام تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه.
وتیشی: هەرچەندە چەند بیرێکمان هەیە رۆژانە ئاو بۆ هاووڵاتیان دابین دەکەن، بەڵام ئەمە پێویستییه‌كانی رۆژانه‌ی هاووڵاتیان پڕناکاته‌وه، له كاتێكدا چەند بیرێكیش ئاویان كه‌م بووەته‌وه و به ته‌واوی وشکبوون. هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین چەند بیرێكی ئیرتیوازی نوێ لە گوند و ناحیەکانی قه‌زای شنگالدا هەڵبکەنن و دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی رووباری دیجلە ـ ره‌بیعه بكەن، کە ساڵانێكی زۆره لە بەرنامەدایە.
ماوەی پێنج ساڵە، زۆربەی ناحیە، كۆمه‌ڵگه و گونده‌كانی قەزای شنگال کێشەی کەم ئاوییان هەیە و به‌شێكی زۆری هاووڵاتیانی قەزاکە مانگانه نزیکەی 70 هەزار دینار بۆ کڕینی ئاوی خواردنەوە خەرج دەکەن، كه بارگرانییەکی دیكه‌ی لەسەر هاووڵاتیان دروست کردووە، سەرەڕای چەندین کێشە و قه‌یرانی دیكه لە قەزاکەدا.