سری سورەیا، ئاشتیخواز ‌و كەلتورپەروەر

10:06 - 2025-05-22
کەلتور
63 جار خوێندراوەتەوە


خەلیل عەبدوڵڵا



مامۆستا شێركۆ بێكەس لەوەسفی د. ئیسماعیل بێشكچیی بیرمەند‌ و زانای كۆمەڵناسی توركدا، دەڵێت: (لەناو نەتەوە سەردەستەكاندا كەسانی وەك بێشكچی دەگمەنە، كە هەموو ژیانی خۆی پێشكەش بەگەلی كورد كردووە، بێشكچی وەك پیاوی داستانە گەورەكان، هەتا هەتایە بە پیرۆزی لەناو دڵ ‌و دەروون‌ و ویژدانی گەلی كوردستاندا دەمێنێتەوە).
بێگومان ئەو جۆرە كەسانەی وەك (د. ئیسماعیل بێشكچی ‌و جەنگیز چاندار ‌و محەمەد مەهدی جەواهیری ‌و د. شاكر خەسباك ‌و ئارام تیگران)، كە لە خزمەتی پرسی رەوای گەلی كوردستاندا بوون دەگمەنن ‌و بە پەنجەكانی دەست دەژمێردرێن.
لەم وتارەدا تیشك دەخەمە سەر ژیان ‌و بەرهەم ‌و بەرخودانی سیاسی ‌و كەلتوریی كەسایەتییەكی دیكەی تورك كە هەموو ژیانی بۆ بەرگری لە مافە رەواكانی گەلی كوردستان ‌و ئاشتی‌ و دیموكراسی ‌و پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی گەلانی دیكەی ناو دەوڵەتی توركیا تەرخانكرد، ئەویش ( سری سورەیا ئۆندەر)ە.
سری سورەیا كەسایەتییەكی مەزنی سیاسی‌ و كەلتوری بوو، بێجگە لە كار ‌و بەرخودانی سیاسی‌ و رێكخراوەیی ‌و پەرلەمانی، لەبواری رۆشنبیری‌ و هونەریشدا شوێن پەنجەی رەنگینی دیار ‌و درەوشاوەیە، ئەو وەك نووسەر ‌و شاعیر ‌و ئەكتەر ‌و رۆژنامەنووس‌ و سینەماكار ‌و سترانبێژ ‌و موزیسیان خزمەتی كردووە.
رۆژی 7ی تەممووزی 1962 لەشاری ئادیامانی باكووری كوردستان لە دایك بووە، لە ئامێزی خانەوادەیەكی رەنجدەر‌ و تێكۆشەری تورك پەروەردە بووە.
باوكی پیاوێكی چەپ‌ و رووناكبیر ‌و دامەزرێنەری لقی ئادیمانی پارتی كرێكارانی توركیا بووە، مامی خوێندكاری (سەعید نەوڕەسی) بیرمەندی ئیسلامی بووە.
ئۆندەر هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بووە، سوودی لە كتێخانە خنجیلانەكەی باوكی وەرگرتووە‌ و كتێبە ئەدەبی ‌و فیكرییەكانی بیری كۆمۆنیستی خوێندۆتەوە، لەلایەكی دیكەوە مامی ئاشنای كردووە بە بیر ‌و باوەڕی ئیسلامی، ئیدی ئۆندەر لە ژێر كاریگەریی ئەو دوو بۆچوونە جیاوازەدا بووە ‌و لە هەڕەتی لاویدا بیروباوەڕی چەپی كۆمۆنیستی هەڵبژاردووە ‌و بۆتە رێبواری ئەو رێبازە.
لەتەمەنی هەشت ساڵیدا باوكی كۆچی دوایی دەكات، ئیدی دایكی ‌و خوشك‌ و براكانی دەچنەوە ماڵی باپیرەیان ‌و لەوێ‌ دەژین.
سری سورەیا بۆ بژێوی خێزانەكەی رێگەی كاركردن دەگرێتە بەر ‌و سەرەتا دەبێتە شاگردی وێنەگرێك، وەك خۆی باسی دەكات ئەو پیشەیە خۆشەویستی هونەری لە دڵ‌ و دەروونیدا چاندووە، هەربۆیەش دواتر روو لە هونەرەكانی شانۆ‌ و سینەما دەكات تێیاندا قاڵ دەبێتەوە. سری سورەیا بۆ بژێوی خێزانەكەی چەندین كاری دیكەی وەك كرێكاری‌ و فیتەری‌ و شۆفێری كردووە.
بەهۆی ئەوەی ئۆندەر لە خانەوادەیەكی رەنجدەر ‌و خاوەن بیری چەپ بوو، لەگەڵ ئازار ‌و مەینەتی گەلەكەی‌ و گەلانی دیكە بەتایبەتی گەلی كورد دەژیا، هەربۆیەش ساڵی 1978 كە خوێندكاری ئامادەیی بوو، بەشداری لە خۆپیشاندانی بەرگری لە كوردە عەلەوییەكانی مەڕەش دەكات‌ و بەهۆی ئەوەوە دەستگیر دەكرێت‌ و دەخرێتە كونجی زیندانەوە.
لەدوای كودەتای ساڵی 1980ی كەنعان ئیڤیرین، جارێكی تر زیندانی دەكرێ‌ ‌و ماوەی 7ساڵ لە زیندان دەمێنێتەوە.
بەڵام زیندان كۆڵی پێنادات‌ و لە خەبات ‌و تێكۆشانی سیاسی ‌و كەلتوری بەردەوام دەبێت، لە ساڵی 2011ەوە تا كۆچی دوایی بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی توركیا دەكات‌ و بە حوكمی پێگەی جەماوەری لە ناو كورد ‌و چەپەكاندا لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا لە بازنەكانی ئەستنبوڵ ‌و ئەنقەرە سەركەوتن بەدەست دەهێنێ ‌‌و دەبێتە پەرلەمانتار ‌و لەم خولەی پەرلەماندا جێگری سەرۆكی پەرلەمان ‌و جێگری سەرۆكی دەم پارتی بوو.
سری سورەیا زۆربەی ژیانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان كورد‌ و دەوڵەتی توركیادا تەرخانكرد، لە ساڵی 2013ەوە وەك كەسایەتییەكی دیاری لیژنەی ئاشتی رۆڵی دیاری گێڕا لە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیمرالی ‌و قەندیل ‌و كۆشكی چانایكا، بەهیوایەكی زۆرەوە هەوڵێكی زۆریدا پرۆسەی ئاشتی بگەیەنێتە كەناری ئارام ‌و هێندە بەخەمی ئەو پرۆسەیەوە بوو كە تەندروستی خۆی فەرامۆش كرد ‌و وەك لە پەیامی جەرەن ئۆندەری كچە تاقانەكەیدا لە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لەتەرمە پیرۆزەكەیدا بڵاوكرایەوە، وایدانابوو، دوای ئیمزاكردنی رێكەوتنی ئاشتی، نەشتەرگەری دڵی بكات، بەداخەوە مەرگ نەیهێشت ئەو ئاواتەی بەچاوی خۆی ببینێت.
سری سورەیا داكۆكیکاری سەرسەختی مافەكانی گەلی كورد‌ و گەلانی دیكەی ئازادیخواز‌ و كرێكاران ‌و رەنجدەران ‌و ژنان‌ و رۆژنامەنووسان‌ و ژینگەپارێزان بوو.
سری سورەیا، بایەخی زۆریشی بە بواری كەلتور دابوو، لەبواری سینەمادا خزمەتی زۆری كردووە، بە 13 فیلم بەشداری فێستیڤاڵە ناوخۆیی ‌و نێودەوڵەتییەكانی كردبوو، چەندین خەڵاتی بەنرخی وەك باشترین فیلم ‌و دەرهێنەر ‌و سیناریۆنووس بەدەستهێناوە.
سری سورەیا وەك نووسەر‌ و شاعیر ‌و چیرۆكنووس‌ و سترانبێژ ‌و موزیسیانیش خزمەتی كردووە‌ و بەرهەمەكانی رەنگدانەوەی خەم ‌و ئازارە چینایەتی ‌و نەتەوەییەكانی كورد ‌و گەلانی دیكەی چەوساوە ‌و ئازادیخوازە.
پاش خزمەتێكی زۆر لە بوارەكانی سیاسی ‌و پەرلەمانی ‌و كەلتوری، سری سورەیا ئۆندەری كەسایەتیی مەزنی بەرەگەز تورك‌ و بە رۆح كورد ‌و موڵكی ئازادیخوازانی گەلانی تر، رۆژی 3ی ئایاری 2025 بەیەكجاری چاوە پڕ لە هیواكانی لێكنا‌و چووە ریزی سەروەرانی جیهانەوە.
مردنی سری سوریا، بووە مایەی خەمی هەمووان لە كۆشكی چانایكا‌ و قەندیل ‌و ئیمرالی ‌و هەرێمی كوردستان ‌و هەموو جیهان، بروسكە ماتەمینیەكان ئاماژەی روونی گەورەیی ئەو سەركردە خۆشەویستە بوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان