د. سەمەد ئەحمەد
كتێبی (شەوە سپییەكان)، یادداشتەكانی (سەرۆك وەزیرانی پێشوتری ئیسرائیل – مێناحێم بێگن)ە، كە لە ساڵی 1940ی سەدەی رابردوو، لە زیندانەكانی كۆمۆنیستەكانی یەكێتیی سۆڤییەتی سەردەمی (ستالین) زیندانی كراوە. ئەم كتێبە كاك (شەفیقی حاجی خدر) لە ئینگلیزییەوە كردوویەتی بە كوردی، (437) لاپەڕەیە، چاپخانەی رۆژهەڵات لە هەولێر، ساڵی (2019) بڵاوی كردووەتەوە.
(شەوە سپییەكان) كە ناونیشانی كتێبەكەیە، ئاماژە بۆ ئەو ئۆردوگا زۆرەملێیە دەکات كە (بێگن) لێی زیندانی بووە، لە باكوری روسیا، لە شارۆچكەی كۆتلاسە، لە نزیك ئۆقیانووسی بەستەڵەكی باكووری گۆی زەوی، كە تەنها دوو وەرزی هاوین و زستانی هەیە، (3) مانگی هاوینە و تەنها هەر رۆژە و تاریكی شەوی بەسەردا نایەت، (9) مانگیشی زستانە و تەنها شەوی هەیە و رووناكی و خۆری تێدا هەڵنایەت، پلەی گەرمای (124) پلەی ژێر سفرە.
(بێگن) ساڵی (1913) لە (برێست لیڤسیوك – بیلاروسیای ئێستا) لەدایك بووە، ساڵی 1935 لە زانكۆی وارشۆ، كۆلێجی یاسای تەواو كردووە. ساڵی 1939، كاتێك ئەڵمانیای نازی شاری وارشۆ داگیر دەكات، (بێگن) رادەكات و خۆی دەگەیەنێتە روسیا، بەڵام بەهۆی چالاكی سیاسییەوە، كە سەرۆكی رێكخراوی (بیتار) بوو، كە بزوتنەوەیەكی لاوانی زایۆنیستی بووە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی كۆمۆنیستەكانەوە دەستگیر دەكرێت و بۆ ماوەی 8 ساڵ حوكم دەدرێت و دوور دەخرێتەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكانی بەستەڵەكی باكوور، لەوێ رۆژە هەرە رەشەكانی ژیانی بەسەر دەبات.
(بێگن) لە (شەوە سپییەكان)دا، جگە لە تراژیدیای ژیانی خۆی، چیرۆكی زۆرێك لەو كەسانەش دەگێرێتەوە كە رۆژگارێك ئەندامێكی دڵسۆزی شۆڕشی كۆمۆنیستی بوونە، لەوانە (گارین) یاریدەدەری سەرنووسەری رۆژنامەی (پراڤدا) كە رۆژنامەی رەسمی زمانحاڵی پارتی كۆمۆنیستی یەكێتیی سۆڤییەت بوو و لە ساڵی 1912 تا 1991 دەرچووە، بەڵام بە تۆمەتی جیاجیا، لەلایەن دەزگای ئاسایشی كۆمۆنیستی یەكێتیی سۆڤییەتەوە زیندانی دەكرێن، لەگەڵ (بێگن) و هەزاران زیندانی تردا، رۆژانە وەكو كۆیلە كاری زۆرەملێیان پێدەكەن، وەكو چۆن لە كاتی خۆیدا فیرعەونەكان، هەرەمەكان و ئیمپراتۆرەكانی (چین) شورای چینیان بە كۆیلە و دیلەكانی جەنگ دروست كرد، كۆمۆنیستەكانی سەردەمی ستالینیش، هێڵی ئاسنینی سەدان كیلۆمەتریان بە زیندانییەكان دروست دەكرد، كە یەكێك لەوانە (بێگن) بوو.
(گارین) کە یەکێکە لەو کەسانەی هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە، بیروباوەڕی کۆمۆنیستی پەسەند کردووە و تا ئاستی پەرستن حزبی لا پیرۆز بووە، بەڵام ئەم دڵسۆزی و خەباتگێڕییە، هەرگیز نابێتە مایەی ئەوەی لە لایەن دەزگای ئاسایشەوە بێ چاودێری بێت کە چی دەکات و چی دەڵێت: (گارین بە تۆمەتی نەنواندی دڵسۆزیی بۆ حزب دەستگیر دەکرێت، لە گەڵ (بێگن)دا زیندانی دەکرێت و زۆر بێڕەحمانەش ئازار و ئەشکەنجەش دەدرێت).
(گارین) ئەوە بۆ (بێگن) دەگێڕێتەوە کە جگە لەخۆی، ژنەکەشی بە تۆمەتی هاوسۆزی بۆ (ترۆتسکی) دەستگیر دەکرێت، لەدوای هەوڵێکی زۆر و بە بڕیاری خودی ستالین، ژنەکەی (گارین) ئازاد دەکرێت، بەڵام لە دوای تەنها دوو مانگ جارێکی تر لەلایەن دەزگای ئاسایشی کۆمۆنیستی سۆڤێتییەوە دەستگیر دەکرێتەوە و هیچ حیسابێک بۆ بڕیاری ئازادکردنەکەی ستالین ناکرێت. لێرەدا (گارێن) ئەوە رووندەکاتەوە کە ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە فەرمانڕەوایی یەکێتیی سۆڤییەتدا روویداوە، بەڵام گۆڕانکارییەکە لە خراپەوە بۆ خراپترە نەک بە پێچەوانەوە! ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵات لە حزبەوە گوێزراوەتەوە بۆ دەستی دەزگای ئاسایشی کۆمۆنیستی. ئەم دەزگایە دەسەڵاتی هەبوو متمانە لەو ئەندامانەی حزب بسەنێتەوە کە دەزگای ئاسایشی کۆمۆنیستی گومانی لێی هەیە.
(بێگن) لە (شەوە سپییەكان)دا، ئەوە بەیان دەكات كە ئەگەرچی كۆمۆنیستەكان لەهەر شتێك زیاتر باسی گرنگی كۆمەڵگەی بێ چین و دادگەریی و یەكسانییان دەكرد، بەڵام تەنها یەكسانییەكەیان جێبەجێ كرد، ئەویش لە بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندندا بەسەر هەموو كۆمەڵگەی سۆڤییەتیدا وەكو یەك! لە سەردەمی حوكمی ستالیندا، ترس و تۆقاندن گەیشتبووە ئاستێك كە هاووڵاتییان زمانی خۆیان لێ بووبوو بە گەورەترین دوژمن! ئاخر لە بەرامبەر زەلەكردنێكی سیاسی، یان دەربڕینی وشەیەك كە لەگەڵ ئاسایشی كۆمۆنیستیدا ناكۆك بوایە، ملی هەموو كەس لە بڕینی قنچكە سیرێك ناسكتر و ئاسانتر بوو.
چەرخی زەمانە كە راناوەستێت، هەر ئەم پیاوە (بێگن) ساڵی (1977 تا 1983) دەبێت بە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ساڵی (1978) لەگەڵ (ئەنوەر سادات)، خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وەردەگرن. ساڵی (1992) لە تەلئەبیب كۆچی دوایی دەكات.
من پێشتریش دەیان وتار و كتێبم لە بارەی حوكمی رەشی كۆمۆنیستەكانی سەردەمی ستالین خوێندووەتەوە، ئەم كتێبەش بوو بە یەكێكی تر لەو كتێبانەی كە ستالین و دارودەستەكەی دادگایی دەكات.
سەبارەت بە شێوە و شێواز و تەكنیكی نووسینی كتێبەكەش دەمەوێت بڵێم: ئەگەرچی كتێبەكە سەرگوزشتە و تۆماری ژیانی تاكە كەسییە، بەڵام لە قاڵب و فۆرمی رۆماندا نووسراوە، بۆیە جگە لە سوود، چێژی ئەدەبیشی هەیە.