شێوە عومەر کەریم
ئەگەر باس لە مێژووی هاتنی جوولەكە بكەین بۆ ناوچەكە، دەبێت بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان بگەڕێینەوە بۆ پێش زایین. گۆڤاری دۆسیەی ئیسلام كە لەلایەن سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژی دەردەچێت، سەبارەت بە هاتنی جوولەكە بۆ هەرێمی كوردستان دەڵێت: جوولەكە بە چەند شەپۆلێك هاتوونەتە كوردستان، كە رەنگە یەكەم شەپۆلیان لە ساڵی 732 پ. ز بێت كاتێك ئاشوورییەكان بە سەرۆكایەتی پاشای ئاشووری «تێگلات پیلاسەر»ی سێیەم «727-745 پ. ز» ساڵی 732 پ. ز. دیمەشقیان رووخاند و هێرشیان كردە سەر شانشینی ئیسرائیل (شانشینی باكوور)، كە زاڵبوون بەسەر ناوچەی (جەلیل)ی باكووری فەلەستین و خۆرهەڵاتی ئوردندا (خێڵی نەفتالی) و دانیشتووانی شارەكانی خۆرهەڵاتی ئوردن بەدیل گیران و بران بۆ ئەو ناوچەیەی كە دەكەوێتە باكووری ئاشوورەوە و لەژێر دەسەڵاتی ئاشوورییەكاندا بوو كە دەكاتە باكووری كوردستانی ئەمڕۆ. ئاشوورییەكان لە سەردەمی فەرەمانڕەوایی شارۆكیندا، سەرجۆنی دووەم لە ساڵی (722-705 پ. ز) كە پایتەختی شانشینی ئیسرائیلی گرت. لە ئەنجامدا ئاشوورییەكان شێوازە كۆنەكەیان بەكارهێنا كە ژمارەیەكی زۆریان لە پیشەگەری جوولەكە راگواست بۆ چەند ناوچەیەكی دوور لە ئیمپراتۆرییەتەكەیان بۆ (مەلەج) و كەناری رووباری خابوری گەورە، خابوری فورات و بۆ شارەكانی هەرێمی میدیا (باشووری خۆرهەڵاتی كوردستانی ئەمڕۆ).
كەواتە یەكێك لە هۆكارەكانی هاتنی جوولەكە بۆ كوردستانی گەورە، راگواستنی جوولەكە بووە لەسەر دەستی ئاشوورییەكان، ئەم جوولەكانە دابەشبوون بەسەر شار و ناوچەكانی كوردستاندا و دواتر رۆڵیان گێڕاوە لە بەڕێوەبردنی ناوچەكەدا. جوولەكەکان زیاتر پیشەگەر بوون و زۆر دەستڕەنگین بوون، بە هاتنیان بۆ شارەكان، کەم تێكەڵی خەڵكی شارەكان دەبوون، زیاتر ماڵەكان كارەكانیان بۆ خۆیان بە كۆمەڵ دروست دەكرد، هەربۆیە هەر شارێك بە نموونە دەهێنینەوە بیرەوەرییەكی جوولەكەی پێوەیە یان گەڕەكێك یان بازاڕێك یان جێگەیەك بەناوی جوولەكەوەیە، ئەگەر باسەكەمان وردتر بكەینەوە لەسەر شاری سلێمانی و گەڕەكی جوولەكان، ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی كە لە شاری سلێمانیدا جوولەكە ژیاون و گەڕەكێكیان بۆ خۆیان لە خواروەی شار بنیاتناوە، لەلای خەڵكی شارەكە بە گەڕەكی جوولەكان ناسراوە.
گەڕەكی جوولەكان
ئەم گەڕەكە لە سەردەمی كاك ئەحمەدی شێخدا دروست كراوە، كاتێ ویستویانە خانوو دروستبكەن، خەڵكی ئایینی شارەكە نەیانهێشتووە، دواتر جوولەكەكانی سلێمانی شكاتی خۆیان بردۆتە لای كاك ئەحمەدی شێخ و ئەویش پشتگیری كردوون، داوای لێكردوون لە خوار شارەوە كە دەكاتە گەڕەكی جوولەكانی ئێستا، بۆ خۆیان ماڵ و خانوو دروستبكەن. كاك ئەحمەدی شێخ هەم داری پێداون و هەم لە ناڕەزایی خەڵكی پاراستوونی.
یەكێك لەو سەرچاوانەی باسی جوولەكەكانی سلێمانی كردبێت. گەشتنامەكەی (كلۆدیۆس جەیمس ریچ، ساڵی 1820)ە، كە لەبارەی شارەكەوە دەڵێت: ژمارەی دانیشتوانی 10 هەزار كەسێكە و 2144 خانووشی تێدایە كە 130یان جوولەكەن. ئەگەر تێكڕای ژمارەی دانیشتوانی هەر خانوویەك وەربگرین ئەوا هەریەكەیان كەم و زۆر، پێنج كەسی بەردەكەوێ. بەو پێیە كۆی ژمارەی جوولەكەكان لەو ساڵەدا نزیکەی 750 كەس بووە.
«مێجەر سۆن» وەك لە كتێبەكەیدا ئاماژەی پێداوە دەڵێت: شاری سلێمانی لە ساڵی 1825دا هەزار ماڵ بووە، لەوە بەشێکیان جوولەكە و مەسیحی و كلدان بوون.«لیك لامایش» ساڵی 1868 نووسیویەتی سلێمانی شەش هەزار ماڵی كورد و 30 ماڵە كلدان و 15 ماڵە جوولەكەیە. واتە ژمارەی جوولەكەكان بە دانانی تێكڕاییەكەی پێشوو 75 كەس بووە. كە ئەمە دوورە لە راستییەوە، هەروەك مامۆستا سدیق ساڵح لە كتێبی تۆمارێكی شاری سلێمانیدا دەڵێ: وای بۆ دەچم ئەو ژمارە(15)یە لە نووسینەوەدا یا چاپدا هەڵەی تێدا كرابێ، لەڕاستیدا (150) ماڵ بووبێ.
گەڕەكی جوولەكان لەسەرەتای ساڵانی بیستدا هەروەك ئەدمۆنس دەڵێت: لە شێوەی كلكێكی درێژدا و لە خوارووی ئەوسەری ئاوەڕۆی زێرابی گەڕەكەكانی تری شاردا بووە
شارەكە ساڵی 1892 بە قسەی مونسل 2500 خانوو بووە، دەبێ پێ بە پێ جوولەكەكانیشی تێدا بووبێ، ژمارەیان ساڵی 1913 لەناو شاردا (1000) کەس بووە لە كۆی 26 هەزار و (2100) کەسیش بووە لەكۆی (51600) كەسی سەرتاسەری لیوادا. كاتێكیش ئینگلیز تشرینی دووەمی 1918 بەبێ شەڕ هاتنە سلێمانی، ژمارەی ئاسایی دانیشتووانی سلێمانی لە بنەڕەتدا شەش هەزار كەس بووە. هەر 2500 كەسێكیان بە زیندویی مابوونەوە، تەشەنەكردنی پەتاو نەخۆشی هەمەجۆر و خراپی باری ئابووری و گرانی و برسێتی و كارەساتی سروشتی وەك بێ بارانی و باجی قورس و كوشتار و نەهامەتییەكانی بەتایبەت یەكەم جەنگی جیهانی، گاڵەیان بە خەڵكەكەیی كردووە.
جوولەكەكان ساڵانی یەكەم خولی حوكمی راستەوخۆی ئینگلیز لە لیوای سلێمانی، گەڕەكێكی تایبەت و جیاوازیان لەناو سلێمانیدا هەبووە كە یەكێك بووە لە حەوت گەڕەكەكەی ئەودەمەی شار، واتە (مەڵكەندی، كانێسكان، سەرشەقام، دەرگەزێن، چوارباغ، گۆیژە) گەڕەكی جوولەكان لەسەرەتای ساڵانی بیستدا هەروەك ئەدمۆنس دەڵێت: لە شێوەی كلكێكی درێژداو لە خوارووی ئەوسەری ئاوەڕۆی زێرابی گەڕەكەكانی تری شاردا، واتە باشووری خۆرهەڵات بووە. ئەوانە كار و پیشەیان خومچێتی و دەباغچێتی و عەرەق دروستكردن بووە.
گەڕەكی جوولەكان(9) كۆڵانی هەبوو، ئەترافی كەنیشتە، جادەی كەنیشتە، بەرامبەر كەنیشتە، بەرماڵی شلومی، بەرئاشەكەی هارون، بەرماڵی سەعدە ئیسحاق، پشت ماڵی سەعدە «سەعید» ئیسحاق، سەر شیوەكە، جادەی بەرماڵی ماتان. هاوكات یەك «كەنیشتە» پەرستگای ئایینی جوولەكە هەبووە، ئەگەرچی ناوی دوو موعەلیمی میللەتی مووسەوی لە پیشەیی پیاوەكاندا هاتووە. جوولەكەكان، ئەو رۆژگارە قوتابخانەی خۆماڵی و رەسمی خۆیان لە شاردا نەبووە، ئەشێ ئەو دوو مامۆستایە، مامۆستای ئایینی یان خوێندنی تایبەتی جوولەكە بووبن.تۆمارێكی شارەوانی سلێمانی 1919-1922، لەلایەن مامۆستا سدیق ساڵح- وە ساخ كراوەتەوە لە یەكێك لەو خشتانەی كە لەسەر گەڕەكی جوولەكان ئاماژەی پێدەدا، دەڵێت: خشتەكانی تایبەت بە دانیشتووانی گەڕەكەكە، دەریخست (70) خانوو ئاوەدانە لە كۆی هەر (72) خانووەكە. هەروەها ئاماژە بەوە دەدات كە دانیشتوانی 68 خانوویان سەرژمێری كراون.
ژمارەی جوولەکەکان
(68) خانووەكەی گەڕەكی جوولەكان ئەم ژمارانەی لێ بەئەنجام هات: ژمارەی ژنان 160 لەوانە (11) یان بێوەژنن. ژمارەی پیاوان 249 لەوانە (65)یان سەڵتی تەمەن سەروو 16 ساڵن و 4 یان بێوە پیاون.
ژمارەی ژنی شوونەكردووی تەمەن سەروو 16 ساڵ ،24 ژن بووە. ژمارەی كوڕی تەمەن خوار 16 ساڵ (104) ژمارەی كچی تەمەن خوار 16 ساڵ (75) كۆی ژمارەی جوولەكەكانی گەڕەكی جوولەكانی شاری سلێمانی، 672 كەس بووە. پیشە و كاری جوولەكەكان لەم گەڕەكە و ناوشاری سلێمانیدا. بریتی بووە لە عەتار، رەنجبەر، خەیات، قەزاز، مەیخانەچی، چەرچی، بازرگان، مەئمور،بەزاز، خومخانەچی، سەراف، چاوشی پۆلیس، زەرەنگەر، قەساب.
جۆری پیشەكان و ژمارەی جوولەكەكان وای نیشان دەدەن، كە ئەوانە لەو رۆژگارەدا لەچاو ژمارەی كەمی خۆیاندا، چەمكێكی دیاری بازاڕیان بەدەستەوە بووەو لەبەرئەوەشە كە مەئمورێك، چاوەشێكی پۆلیس زیاتریان لەو ئامارەدا نەبوو. دیارە خۆیان لە قەرەی وەزیفەی حكومەتی نەداوە و بەكاری ئازادەوە خەریك بوون.
لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، زۆربەی وڵاتە عەرەبیەكان، جوولەكەكانی وڵاتی خۆیان دەركرد، عیراقیش یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە هەستا بە دەركردنی جوولەكەكان. هەربۆیە سەرجەم ماڵ و حاڵی خۆیان لەژێر زەبری دەسەڵاتی مەلیكیدا هەراج كرد و خانووەكانیان فرۆشت بە خەڵكی شار. ئەم گەڕەكە لە ئێستادا تێكەڵ بە شاری سلێمانی بووەو زۆرێك لە خانووەكان تێكدراون و لە جێگەیان خانووی نوێ بنیات نراون.