رۆڵی ژن لە نۆڤلێتی (کارەکەر)ی گەلاوێژ-دا

10:38 - 2025-06-01
کەلتور
115 جار خوێندراوەتەوە

دیمەن عەبدوڵڵا
ئەوەی لەم نۆڤلێتەدا بەرچاو دەکەوێت، هێز و ئیرادە و خۆڕاگریی ژنە، بەرامبەر بە هەموو ئەو زۆڵم و گرفتانەی رووبەڕووی بۆتەوە

ئەگەر تەماشای ژن وەک پراکتیکی بکەین، لە تێکستە ئەدەبییەکان و بەتایبەتی رۆمانە کوردییەکاندا، ئەوەی بەرچاومان دەکەوێت ئەوەیە، چۆن باس لە قوربانییەکانی ژن دەکەن و کێشە و گرفتەکانی ژن دەخەنە بەردیدەی ئێمە، لە زوڵم و ستەم و نەبوونی ئازادی و دەست بەسەرداگرتنی تەواوی جەستەشیان. بۆ نموونە: (نۆڤلێتی کارەکەر)، پڕە لە ئازار و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و کێشە و گیروگرفتەکانی ژن. لە کۆندا نیشاندانی ژیانی نەهامەتی و بێ دەسەڵاتی و تلانەوەی ژن، بەدەست دەسەڵاتی پیاوسالاریی و کەلتور و دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردییەوە. هەروەها بەزۆربەشوودان و فرۆشتنی کچەکان و چەوساندنەوەیان و بێ ڕێزی پێکردنیان و سەیرکردنیان وەکو پلە دوو.
نیشاندانی وێنەی کۆمەڵگەی کوردی، لە سەردەمێکی کۆندا و لە نێوان دوو کەلتوردا، کە کەلتوری عەرەبی و کوردیی، ئاماژەیەک دەکات بە نیشاندانی کچەکانمان بە دەستی کاربەدەستانی رژێمی پێشوو، کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کچەکانمان کردووە. کەواتە ژن، لە نێوان دوو کەلتور و دوو زمان و دوو نەتەوەدا، چۆن دەتوانێت هەڵبکات و پێشکەوێت؟!
ئەوەی لەم نۆڤڵێتەدا بەرچاو دەکەوێت، هێز و ئیرادە و خۆڕاگریی ژنە، بەرامبەر بە هەموو ئەو زۆڵم و گرفتانەی رووبەڕووی بۆتەوە. ئەمەش نیشاندانی خۆڕاگریی ژنە بەرامبەر بە ئەم ئاڵنگاری و بەربەستانەی دێنە بەردەم ژنان، بەڵام دیسان بە مۆراڵێکی پڕ وزەوە، دەکەونە بەرگرییکردن لە خۆیان.
دیسان هەر لەم نۆڤلێتەدا هێزی ژن نیشان دەدات، بەراورد لەگەڵ هێزی پیاودا، چونکە کاتێک کارەکتەر (گوڵە) لە تەمەنی 10 ساڵاندا دایکی دەمرێت، باوکی دەیبات بۆ ماڵێک وەک (کارەکەر). هەموو ئەرکی ئەم ماڵە، دەکەوێتە سەر شانی ئەم منداڵە، کە خێزانێکی قەرەباڵغ بوون. گوڵە مافی خوێندنی نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆر شت بێبەری کرابوو. هەروەها بە چاوێکی کەم سەیریان دەکرد، تەنانەت منداڵەکانیش لێیان دەدا، بەڵام خاوەن ماڵ خاتوو (مەلیحە)، کە بینی گوڵە بەتەنیا فریای ماڵ و منداڵ و خواردن ناکەوێت، کارەکەرێکی دیکەیان بە ناوی (شوکریە) بۆ هێنا. کاتێک شوکریە هات، گوڵە کەوتە دۆخێکی ترەوە، تۆزێک ئەرکی سەرشانی کەم بۆوە و بە باشی رەفتاری لەگەڵ گوڵە دەکرد. کاتێک مەلیحە خاتوون دەڕۆی بۆ سەردانی ماڵان، شوکریەی لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ خۆدەرخستن. بەداخەوە ئێستاش ئەم رەفتارە دووبارە دەبێتەوە و خەریکە دەبێتە دیاردە لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا. 
رۆژێک شوکریە لە داوەتێکدا کارەکەرێک بەناوی فەیروز دەناسێت، کە وەک خۆی لەو ماڵە میوان بوو، دەبینێت دەگری و دەکروزێتەوە، ئەویش لێی دەپرسێت چیتە بۆ ئاوای؟ (فەیروز) باسی بارودۆخی خۆی بۆ دەکات و دەڵێت: من باوکم بە زۆر بەشوویدام بە پیاوێک، زۆر لە خۆم گەورەتر بوو، دواتر ئەویش منی فرۆشت بەو ماڵەی ئێستا تێیدا کارەکەرم، بەڵام پیاوی ئەم ماڵە هەموو شەوێک بە زۆر لەگەڵم دەخەوێت و ناوێرم هێچ بڵێم. ئەم پیاوە ئەفسەرێکی حکومەت بوو، بۆیە شوکریە بڕیارییدا رزگاری بکات، لە هەمانکاتدا توانی گوڵە-ش لەو ماڵە بەرێتە دەرەوە و دایکایەتی بۆ بکات. 
لێرەدا هێز و توانای ژنمان بۆ دەردەکەوێت، چەند بەرز و گەورەیە، چونکە کاتێک باوکی گوڵە نەیتوانی ئەمە بکات بۆ کچەکەی بە بیانووی ئەوەی هەژارە، هەرچەندە شوکریەش هەر هەژارە و کارەکەرە، بەڵام توانی دوو کەس لە نەهامەتی و ئەشکەنجەدان رزگار بکات. یەکێکیان گوڵە و ئەویتریان فەیروزە. لێرەوە گەلاوێژ-ی نووسەر، نموونەی ژن لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا دەخاتە بەردیدەمان، ژن بووە بە بەشێک لە هێز و ئازادیی، بەتایبەت لەم سەردەمەدا. 
کەواتە وەک لە کوردەواریدا هاتووە دەڵێن: (ئەوەی بەژنێک دەکرێت، زۆرجار بە پیاو ناکرێت) بەتایبەتی ئەوکاتە و لەو سەردەمدا، چونکە لەو رەوشەدا سەرباری ئەوەی ژن ژێردەستەبووە، بەڵام ئەو هەست و سۆز و هێزە لە ژندا هەبووە، کە جیهانێکی شاراوە و پڕە لە جوانی و ئیرادەیە. بۆ نموونە: بەشداریی ژن لە رێکخستنی نهێنی و پێشمەرگایەتیدا، کە تووشی  زیندان و  لە سێداردان هاتوون. سەرباری ئەوەش، چەند ژنە شەهیدمان هەیە، بە هەژاری و لە نەبوونی پیاودا، منداڵەکانیان پێگەیاندووە، ئەمەش لە روانگەی پەروەردەییەوە جۆرێکە لە خەبات و شۆڕش.
هەروەها لە نۆڤلێتەکەدا ئەوەمان بەرچاومان دەکەوێت، گەلاوێژ هەوڵیداوە کەلتوری کورەدەواریی نیشان بدات، بە تایبەتی لە روانگەی شەرەف و نامووسەوە، چونکە لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا، تائێستا مژاری نامووسی ژن بابەتێکی زۆر هەستیارە. ئەو توانیویەتی گەورەیی نامووس لە نێو خێزانە کوردەکاندا پیشان بدات، بۆ نموونە: کارەکتەری شوکریە لە خێزانێکی کوردە، وەک نامووس توانیویەتی لە ماڵێکی کوردا بە ئاسوودەیی ئیشی خۆی وەک خزمەتکار بکات. لەم ماڵەدا و تەنها بۆ جارێکیش دەستدرێژی سێکسی نەکراوەتە سەری، بەڵام فەیروزی کارەکەر لە ماڵی ئەفسەرێکی عەرەب، هەمووشەوێک دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری. ئەمەش دەتوانرێت وەک دوو ئاماژە سەیر بکرێت، یەکەم هاتنی ئەفسەرێکی عەرەب بۆ کوردستان، خۆی لە خۆیدا تەجاوزێکە بۆ سەر خاکی کوردستان، چونکە خاکیش وەک (دایک)، ژن، سەیرکراوە و رەفتاری بەم شێوەیە بووە لەگەڵ ژنی کورد. دووەم تەجاوزە لە سەر نامووسی کورد، کە (خاک و ژن) لە فەرهەنگی مرۆڤایەتیدا، بە واتای شەرەف و نامووس هاتووە. لێرەوە مامەڵەی خێزانی کوردی، لەگەڵ (خاک و ژن) لە بواری شەرەف و نامووسەوە، ئەوەندە گەورە بووە یان بڵێین هێڵی سوور بووە، کە زۆر بە چاوێکی گەورەوە پارێزگارییان لێکردووە.
لە کۆتاییدا، لەم نۆڤلێتەدا بەکارهێنانی (ژن، شەرەف و نامووس)، ئاماژەن بۆ خاک و نیشتمان و ئەو دەستەڵاتەی کە چۆن لە سەردەمی حوکمڕانییە جیاوازەکانی عیراقدا، مامەڵەی لەگەڵ کورد دا کردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان