فەرەیدوون سامان
لەرۆژانی 28 و 29ی ئایاری 2025، ناوەندی توێژینەوەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، یەکەم خولی خەڵاتی (قەڵەمی هەژار)ی بۆ نووسین و ئەدەبی کوردی رێکخست. رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە لەهۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی کوردستان، بە ئامادەبوونی دەستەبژێرێک لە رووناکبیرانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا چەندان رووناکبیر لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان بەشداربوون و دواتر ژمارەیەک نووسەر لەپای ئەفراندن و خزمەتیان لە بواری کەلتوری کوردیدا خەڵاتکران.
سەلاحەددین ئاشتی: کورد وەک نەتەوەیەکی مێژوویی، سەری لە ناوسەراندا دیارە و لام وایە حکومەتی ئێران تا ئەندازەیەک هەستی بەم پرسە کردووە و بە ئاواتەوەم لەم شێوەکارانە بەردەوام بێ و بوونی پرسی کورد تەنیا لە چوارچێوەی شارێک و پارێزگایەک و بابەتی فەرهەنگیدا نەبینێ
براوەکانی خەڵاتی (قەڵەمی هەژار) راگەیەندران، کە تایبەت بوون بە نووسین، وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە لەم بوارانە:
- ئەدەبی کوردی (رۆمان، کۆ چیرۆک، شیعر، ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵان، شانۆنامە).
- توێژینەوەی زمانناسی و وێژەیی (فۆلکلۆر، فەرهەنگنووسی، توێژینەوەی زمانناسی (تیۆری، پراکتیکی، زاراوەناسیی)، توێژینەوەی بەراوردکارانەی ئەدەبی - زمانناسی بە جەختکردنەوە لەسەر کارلێکی زمانی کوردی و فارسی و زمانەکانی دیکەی ئێرانی و بیانی.
- بوارەکانی ئایینی و عیرفانی، مێژوویی و کەلتوری و کۆمەڵایەتی، هونەری، یاسایی و سیاسی و ئابووری، پەرەوەردە و رەگەز و میدیا.
دوای هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆری تایبەتەوە، ئەو بەرهەمانەی کە لە ئاستێکی شیاودا بوون، خەڵاتکران:
رۆمان: جەبار جەمال غەریب. مێژوو: د.ئیسماعیل شەمس. فەلسەفە: محەممەد کەمال. رەخنەی ئەدەبی و شێوازناسی: عەبدولڕەحمان ئاکداب. فەرهەنگنووسی: سەلاح پایانیانی. کۆمەڵناسی: د. عەلی رەحمەتی.
هەروەها خەڵاتی رێزگرتن پێشکەشی ئەم کەسایەتیانە کرا: توێژینەوەی وێژەیی (شنەی وای شەماڵ، عەلیڕەزا خانی و بێهناز دڵشاد). ساخکردنەوەی دەق (گنجینه متون ادبی زاگروس ـ سەید ئارمان حسێنی). فۆلکلۆر بە هاوبەشی (راسی ناوچەی لەیلاخ ـ ئیبراھیم ئەحمەدی، افسانههای دیار ما ـ کوروش ئەمینی). سینەما (هویت فرهنگی و سینمای کرد ـ خوسرەو سینا). لێکدانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی (حەوتەوانە ـ سەلاحەدین خەدیو). شیعر(زامستان و پشکۆی هاوار - رەحیم لوقمانی، دەسنوێژی شیعر- حەمەسەعید نەجاڕی (ئاسۆ)- بە هاوبەشی). شیعر(مینا ماڵ ـ عەلیڕەزا سپاهی لایین، سوێند به فوڕات ـ یوونس رەزایی بە هاوبەشی، بەڵام رۆژی دواتر خەڵاتەکەی رەتکردەوە.
شیعر: (ئافراندن ـ عەلی ئۆلفەتی - شێعریۆوەنا پەڕ جە شاری ـ رەئووف مەحموودپوور) بە هاوبەشی. شیعر: (چەمێ بارانێ ـ بەرکەن بەرە - خەڵاتی سەربەخۆ). مێژووی هونەر (تاریخ هنر کردستان ـ میکایل رەحمانی).
فەرهەنگنووسی: (فەرهەنگی رووەکناسیی کوردستان ـ ئیرەج مورادی). ئایینی و عیرفانی: (راڤەی مەسنەویی مەولەوی ـ فەخرەدین ئامێدیان). مێژوو: (کۆی بەرهەمەکان ـ د. کەیوان ئازاد ئەنوەر). رۆمان: (سەردەمی تەنیاییەکان ـ ئەسعەد زۆهرایی). شرۆڤەی رۆمان: (بنەماگەلی ئەدەبی چیرۆک ـ زەکەریا بزدوودە). وەرگێڕان: (شهر نوازندگان سفید ـ رەزا کەریم مۆجاوێر). کۆی بەرهەمی وەرگێڕدراو ـ عەبدوڵڵا ئەمینی . دیرۆکا وێژەیا کوردی (حەوت بەرگ) ئیبراھیم شادمان، سەرگوڵ ئارەش، میراد میلان، رۆنیا چالی و بەسام مستەفا. وەرگێڕانی منداڵان (نەقڵەکانی من و بابم ـ زاهید ئارمی، ماسی کۆلکەزێڕینە ـ لەیلا ساڵحی). ئەدەبی منداڵان: (کۆی بەرهەمەکان ـ شیلان گەیلانی). کۆی بەرهەمەکان: سەمیرا زەمانی مونفەرد، کۆی بەرهەمەکان: یەحیا عەلەوی فەرد، کۆی بەرهەمەکان: فەردین راژین.
هەر لەو بۆنەیەدا د. یادگار کەریمی، سکرتێری رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی قەڵەمی هەژار رایگەیاند، 941 بەرهەم بۆ سکرتارییەتی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان نێردرابوون و لیژنەی دادوەران 6 بەرهەمیان هەڵبژارد بۆ پێدانی خەڵاتی تایبەت و 32بەرهەمیش بۆ رێزلێنان. 84 کەس ئەندامی لیژنەی دادوەران بوون لە نێوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستاندا.
بە وتەی بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەکە یەکەمجارە خەڵاتی قەڵەمی هەژار دابەشدەکرێت، گەورەترین خەڵاتی جیهانیی تایبەت بە کتێبی کوردییە. لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا، ژمارەیەک لە نووسەران و وەرگێڕانی هەر چوارپارچەی کوردستان و لە دیاسپۆرا بەشدار بوون.
یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکان کە ئامادەبوو، هونەرمەندی نێوداری کورد شارامی نازری بوو، کە چەند گۆرانییەکی کوردی پێشکەشکرد و دیارترینیان گۆرانیی «کوردستان گەر تۆ نەبی» بوو.
سەلاحەددین ئاشتی، ئەندامی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی باڵای خەڵاتی قەڵەمی هەژار لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد: (هەڵپەساردنی بڕگەی دووهەمی بەندی 15ی قانوونی بنەڕەتیی ئێران، کە خوێندن بە هەموو زمانەکان لە قوتابخانەدا بە رێپێدراو دەزانێ، ناهەقییەکی ئاشکرایە و بەرەو تۆوبڕکردنی زمانەکانی دیکە پەل دەکوتێ. ئەگەر حکوومەتی ئێران رێز بۆ نەتەوەی کورد دادەنێ لە هەر چوارپارچەی کوردستان و سەرانسەری دنیادا و پێی وایە نابێ پشتیان چۆل بکرێت، فەرموون لە هەموو بوارەکاندا هەنگاوی گران و سەنگین هەڵێننەوە و سەرەتا لە رێگەپێدانی خوێندنی قوتابخانەوە دەست پێ بکەن. پێم خۆشە بە روونی بڵێم لەم جەژنەواڵەی خەڵاتی قەڵەمەدا، ئێستا خەڵکی هەر چوارپارچەی کوردستان چاودێر و چاوەڕوانن بزانن ئەم هەڵوێستە تازەی ئێران تا کوێ بڕ دەکات. بێت و مرۆڤی کورد بزانێ بابەتەکە رووکەش و تاکتیکە، نەک هەر ئەوەندەی دیکەش تووشی بێمتمانەیی دەبێ، بەڵکو هەڵوێستەکانی تۆختر دەبن. لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوسەنگیی تای تەرازووی پێکەوەژیانی هێمنانە سەرەتا دەبێ لە حکوومەتەوە دەست پێ بکا و دەرگای گومان و بێمتمانەیی هەڵتەکێنێ، ئەوجا خەڵک بێنە مەیدان و زانست و زانین بکەنە پێوەر و لە کەش و هەوای نادڵخواز دەرباز بن. ئەم هەلەی رەخساوە، هیوادارین گۆڕانێکی بنەڕەتیی لێ وەدی بێ، کە سەرتاپای ژیان بگرێتەوە و هەر لە یەک بازنەدا نەمێنێتەوە. خەڵاتی قەڵەمی هەژار ئاکامی خەباتی دەیان ساڵەی ئەو کەسانەیە بێوچان نەسرەوتوون و تەمەن و ژیانی خۆیان بەخت کردووە و کەند و کۆسپ، هەنگاوی پێ شل نەکردوون).
دواتر گوتی: (کورد وەک نەتەوەیەک سەری لە ناوسەراندا دیارە و لاموایە حکومەتی ئێران تا ئەندازەیەک هەستی بەم پرسە کردووە و بە ئاواتەوەم لەم شێوەکارانە بەردەوام بێ و بوونی پرسی کورد تەنیا لە چوارچێوەی شارێک و پارێزگایەک و بابەتی فەرهەنگیدا نەبینێ).
خەڵاتی قەڵەمی هەژار و چەند سەرنجێک:
وێڕای دەستخۆشی و دەربڕینی خۆشحاڵی ئامادەبووان لەو جەژنەواڵەیە، بەڵام چەند دەنگێکی ناڕازی هەبوون، وەک نووسەرانی پارێزگای ئیلام کە بەداخەوە بانگهێشتی ئەو جەژنەواڵەیە نەکرابوون و لەکاتی پێشکەشکردنی بەرنامەکانیش زاری کەڵهوری پەراوێزخرابوو، زۆرینەی بابەتەکان بە زاری کورمانجی و هەورامی و سۆرانی پێشکەش دەکران. د. محەمەد یەعقوبی مامۆستای زانکۆ دەڵێت: (دوو لەو هۆکارانەی کە نووسەرێک نەمر دەکەنەوە، دوو خاڵی جەوهەرین، یەکەم: زانایی بە هەموو رەهەندەکانییەوە، دووەم: پێوەندی قەڵەمی نووسەر بە داخوازی و پێویستییەکانی نەتەوەی خۆی و زمان و کەلتور و چاند و ئەدەبیی میللەتەکەیەوە. لە بەشی یەکەمدا چەندە نووسەر مرۆڤێک بێت و ئاستی زانستەکانی قووڵ و پان و بەرین کاتەوە، هێشتا کەمە و دەبێت بتوانێت لە نێوان زانستەکانیدا پێوەندییەکی نەپچڕاو ساز بکات، دیارە ئەو پێوەندییانە وەک بەنی تەسبێحێک گشت زانستەکان پێکەوە گرێدەدات و هەرکات خوێنەر نووسراوەکانی دەخوێنێتەوە هۆکاری بەرهەمهاتنی ئەو نووسراوانە بە شێوەیەکی ماکی دەرک پێدەکات و چەشنێک هاودڵی لە گەڵدا سازدەبێت، یەک لەو کەسایەتییە مەزنانە کە ئەم دیاردە زانستییانە لە نووسینەکانی بە شێوەیەکی بەرفەراوان بە دی دەکرێن، کەسایەتی مامۆستا هەژارە. هەژار ئەو کاتانەی لە خانەقا و حوجرەکانی مەهاباد و بۆکاندا فێری خوێندن و دەرس بوو، لە قووڵترین ئاستیدا ئەدەب و زمانی عەرەبی و فارسی و کوردی بە باشی فێر بوو، کە دەبینین توانا و بەهرەی تاکەکەسی خۆی و رەنجە بەردەوامەکانی لە خوێندن و موتاڵاکردنی بەردەوامی تەنانەت ئەوکاتانەی بە نەخۆشی سیلەوە لە نەخۆشخانەیە و تا مردن چەند هەنگاوێکی نەماوە، بە خوێندنی کتێبە رەخنەیی و ئەدەبییە عەرەبییەکانەوە خۆی سەرقاڵ دەکات و تا ئەوپەڕی لێهاتوویی بەهرەی خۆی لە زمان و ئەدەبدا فراوانتر و قووڵتر دەکات و دوایی هەر ئەو بەهرانەی لەو خوێندانە دەیگرێت لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردیدا بە خزمەتی دەگرێت و یارمەتیدەری دەبێت تا بتوانێت ئەو شاکارانە لە زمانە زگماکییەکەی خۆیدا بخوولقێنێت. هەژار بە باشی زمان و ئەدەبی بە گشتی و زمان و ئەدەبی کوردی بە تایبەت خوێندووە و بۆیە بەهرە و سەمەرەی قەڵەمی تا ئەو کاتەی کوردێک مابێت و بۆ کوردبوونی خۆی رێز دابنێت، رێنوێن و چرایەکی نەکوژراوەیە و دڵ و دیدە و دەروونی روون دەکات، زمانی بۆ نووسین و خوێندنی کوردی پاڕاو دەکاتەوە. دووهەم هۆکاری پێگەی هەژار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێوەندییەی ئەو لەگەڵ نەتەوەی خۆی هەیبووە و هەیەتی. ئەو کەسەی تەواوی چالاکییەکانی بە میللەتەکەی خۆی دەبەستێتەوە و هەموو تەقالایەکی لەپێناو بەختەوەری و دەوڵەمەندیی هزر و کەلتوری نەتەوەکەی خۆیەتی و هەرچی ئەزموونی کردووە و هەرچی خوێندووە لەپێناوی سەرفرازی میللەتەکەی خۆی بە گەڕی دەخات و هەژاری و بێکەسی و بێدەنگیی نێۆدەوڵەتی نەتەوەکەی نەبووەتە هۆکاری ئەوەی هەژار پشت لە نەتەوەی خۆی بکات و بڕوات وەک نموونە لە زمانی عەرەبی و بە زمانی عەرەبی خزمەت بکات و نەتەوە بندەستەکەی خۆی فەرامۆش بکات، لە بەرئەوەی هەژار توانای ئەوەی هەبوو لە رێگای زمانی عەرەبییەوە بۆ کەسایەتی خۆی بە تەنیا سەدان کاری گەورە بکات، بەڵام ئەو کارەی نەکرد و تەواوی هێز و توانای خۆی خستە خزمەت نەتەوەی خۆیەوە و بە دەیان بەرهەمی تاهەتایی بۆ زمان و کەلتوری خۆی نووسی و بە دیهێنا. ئێستا ئەوەیە دەبینین لە بەرهەمی تێکۆشانە سەختەکانی هەژاری نەمرە ئەو دۆخە لەبارە دەڕەخسێت، تا سەدان لاو و بەساڵداچووی کورد بێن و پێکەوە کۆببنەوە و بەرهەمەکانیان لە سەر پێوەر و تەرازووی ئەو دابنێن و بە سەدان نووسەر و لێکۆڵەر ئەو بەرهەمانە پێوانە بکەن و لە تەرازووی رەخنەیان بنێن و باشترین و تێکۆشەرترینەکان هەڵبژێرن و رووداوێکی مێژوویی لێ ساز بکەن، کە لە زۆر وڵاتدا دەنگدانەوەی خۆی هەبێت و کارتێکەری و کاریگەرییەتی ئەرێنی لە دەروونی خەڵکیدا هەبێت و بەوپەڕی شانازییەوە هەزاران کەس لێی کۆببنەوە و لێی بدوێن، بە سەدان لاو خۆیان بۆ ساڵانی داهاتوو ئامادە دەکەن تا نووسینی جددی بخولقێنن، تا لە بەرەی ئەوکەسانە بن کە ئەو خەڵاتە دەبەنەوە. ئەو خەڵاتە کەمتر مایەی ماڵی هەیە و زۆرتر ئیعتیباری مەعنەوی هەیە، بۆیە کەسەکان وەک شانازی چاوی لێدەکەن. ئەو خەڵاتە دەتوانێت هۆکارێک بێت نووسەری کورد تێکۆشانەکانیان لە سەر بابەت و مژارە کوردییەکان چڕ بکەنەوە و کەلێنەکان پڕ بکەنەوە و بەرەو داهاتوو و ئاسۆیەکی روونتر هەنگاو هەڵبنێن. ئەو خەڵاتانە بۆ زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و کەلتوری کوردییە و دەبێت لەو ئاڕاستەیەدا باسی لێبکرێت و لە بە ناوچەیی کردنی دووری بکرێت. لە هەموو خەڵکی کورد پیرۆزە و لەو کەسانەیش براوەی خەڵاتەکانن سەدان جار پیرۆزتر بێت.