له‌به‌رامبه‌ر ناڕە‌زایی دانیشتوانی قه‌زای عه‌ینكاوه، كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له پێكهاتی مه‌سیحین، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڵێنی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان ده‌دات، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوودا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له نوسراوێكدا بۆ رایگشتی، نیگه‌رانی خۆی له‌و دیارده و پێشێڵكارییانه ده‌رده‌بڕێت، كه ماوه‌یه‌كه بۆته‌هۆی بێزاری خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌كه‌ی عه‌ینكاوه.
له‌و باره‌یه‌وه سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له نوسراوێكدا بۆ رایگشتی رایگه‌یاند، قه‌زای عه‌ینكاوه له پارێزگای هه‌ولێر شوێنی كۆكه‌ره‌وه‌ی كلدان و سریانی و ئاشووری و ئه‌رمه‌نه‌كانه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و شێواندن و پراكتیزه نه‌رێنییانه‌ی كه به ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، كاریگه‌ریی توندی له‌سه‌ر خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه كردووه و ناڕە‌زایی دانیشتوانه‌كه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه.
هه‌ر له نووسراوه‌كه‌ی مونا یاقو، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژە به‌و پێشێڵكارییانه ده‌كات، له‌وانه بڵاوبوونه‌وه‌ی ره‌فتاری نا ئه‌خلاقی له شه‌قامه‌كانی عه‌ینكاوه‌دا، به‌شێوه‌یه‌كی رۆژانه، به‌تایبه‌تی له دوای نیوه شه‌وه‌وه، له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی بێگانه‌وه كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه نین.
هه‌روه‌ها زیادبوونی ژماره‌ی هۆتێله‌كان به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو، كه له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ی قه‌زاكه‌دا ناگونجێت، ئه‌مه‌ش سه‌رپێچی رێنماییه كارپێكراوه‌كانه، به‌تایبه‌تی هه‌ندێكیان له نێو گه‌ڕە‌ك و شوێنی نیشته‌جێبووه‌كاندان. له هه‌مووی خراپتر، هه‌ندێكیان بۆ كاری به‌دره‌وشتانه به‌كارده‌هێنرێن.
هه‌روه‌ها هاتووه: ده‌نگی به‌رزی هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران، تا دره‌نگانی شه‌و، رێگری له نه‌خۆش و خوێندكاران ده‌كات کە ژیانی ئاسایی خۆیان بژین و كه‌سانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و شوێنانه له خه‌و بێبه‌ش ده‌كات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ندێك دیارده پێشێڵكاری نه‌ریتی خه‌ڵكی عه‌ینكاوه ده‌كه‌ن، وه‌كو جلوبه‌رگی ناشایسته‌ی هه‌ندێك له‌و خه‌ڵكانه‌ی كه سه‌ردانی شارۆچكه‌كه ده‌كه‌ن.
نووسراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ باس له‌وه‌شده‌كات: بڵاوبوونه‌وه‌ی نائاسایی مه‌یخانه و مه‌ساجخانه و یانه شه‌وانه‌كان، به‌تایبه‌تی كه هه‌ندێكیان له شوێنی نیشته‌جێبوونه‌كان نزیكن، دانیشتوانی ناوچه‌كه ناڕەحه‌ت ده‌كات و وایان لێده‌كات، هه‌ست به مه‌ترسی بكه‌ن بۆ ئاینده‌ی كوڕ و كچه‌كانیان. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی زیادبوونی خاوه‌ندارێتی موڵك له‌لایه‌ن كه‌سانی نا مه‌سیحییه‌وه، له‌ڕێگه‌ی فێڵی یاساییه‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دیموگرافیای ناوچه‌كه ده‌بێت و پێشێڵكردنی بڕگه‌كانی ده‌ستور و یاساكانه.
هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی قه‌زای عه‌ینكاوه‌ی مه‌سیحینشین له پارێزگای هه‌ولێر، هەندێک لە حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان پاڵپشتی له داخوازی خه‌ڵكی شارۆچكه‌كه ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پێشێڵكارییانه بكرێت و كه‌سانی كه‌مته‌رخه‌م سزا بدرێن.
عامر حوزەیـــــــــــــــــــران لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی حزبی دیموكراتی بێت نه‌هرێن به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت له‌باره‌ی بارودۆخی شارۆچكه‌ی عه‌ینكاوه و ناڕه‌زایی خه‌ڵكەکە‌ی، راسته ماوه‌یه‌كه گۆڕانكاریی دیموگرافی به‌سه‌ر شاره‌كەدا داهاتووه به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی ره‌زامه‌ندبن.
وتیشی: ئێمه له‌گه‌ڵ پێكه‌وه ژیانی هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایینه‌كانین، به‌ڵام پێویسته ئه‌و پێكه‌وه ژیانه له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له داب و نه‌ریت و تایبه‌تمه‌ندی یه‌كتربێت.
هەروەها وتی: به‌رپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی عه‌ینكاوه یان هه‌ر شوێنێكی دیكه‌ی هه‌ولێر، له ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگا و یه‌كه ئیداره‌ییه‌كانی شارۆچكه‌كه‌یه، له‌و باره‌یه‌وه پێویسته ناڕه‌زایی خه‌ڵكه‌کەی به‌هه‌ند وه‌ربگرن و چاره‌سه‌ری بكه‌ن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سروود سه‌لیم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری، ئه‌وه‌ی به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: ئێمه نیگه‌رانییه‌كانی گه‌نجان و ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له باره‌ی شارۆچكه‌ی عه‌ینكاوه پشتڕا‌ست ده‌كه‌ینه‌وه و پێمانوایه ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌م قه‌زایه كراوه، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌یه، بۆیه پێویسته به‌زووترین كات چاره‌سه‌ربكرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: زیادبوونی شوێنی كات به‌سه‌ربردن و رێستۆڕانت و هۆتێله‌كان زیاد له پێویستی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی، هاوكات ئه‌وه‌ی له‌و شوێنانه ده‌گوزه‌رێت، دووره له هه‌موو به‌ها و داب و نه‌ریتێكی خه‌ڵكی ره‌سه‌نی عه‌ینكاوه و هه‌ولێر به‌گشتی.
جەختیشی کردووە: ناكرێت له‌پێناوی زیادكردنی داهات و راكێشانی رێژه‌ی گه‌شتیاری، پێشێڵكاری مافی دانیشتوانی شارۆچكه‌یه‌كی وه‌ك عه‌ینكاوه بكرێت، چونكه كردنه‌وه‌ی شوێنی كات به‌سه‌ربردنی و زیادكردنی داهات و ئه‌و جۆرە كارانه، رێوشوێنی خۆی هه‌یه، پێویسته به ئاگاداری لایه‌نی په‌یوه‌ندار و ره‌زامه‌ندیی دانیشتوانی شوێنه‌كه بێت، نه‌وه‌ك ببێته‌هۆی بێزاركردن و هه‌ره‌سانكردنی خێزانه‌كان.
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته دانا ئامانج شه‌معون، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له بزوتنه‌وه‌ی بابیلۆن پێی راگه‌یاندین: ئێمه لە په‌رله‌مانی كوردستان، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی لیژنه په‌یوه‌نداره‌كان، به دڵنیاییه‌وه به‌دواداچوون له‌سه‌ر ناڕه‌زایی خه‌ڵكی عه‌ینكاوه ده‌كه‌ین، ئه‌وه ئه‌ركی ئێمه‌یه رێگه‌بگرین له دیارده‌ی نه‌شیاو زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكی گشتی.
راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی وایكردووه خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی عه‌ینكاوه ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و بێزاربن له‌و دیاردانه‌ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ باسی لێوه‌كردووه، زیاتر داموده‌زگاكانی حكومه‌ته له‌و شارۆچكه‌یه، پێویسته ئه‌وان لێپرسینه‌وه بكه‌ن و به‌دواداچوون بۆ هه‌موو ئه‌و پێشێڵكارییانه بكه‌ن كه ماوه‌یه‌ك له شارۆچكه‌كه ده‌كرێت و بۆته دیارده.