سامان عوسمان، زیندانی سیاسی
له‌به‌شێكی دیكه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی زیندان، ئه‌مجاره باس له رۆژانی دیداری زیندانیان له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كانیان ده‌كه‌ین، كه ئه‌وكات پێیان ده‌وت (مواجه‌هه). له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو كاتێك كه‌سێك له‌لایه‌ن رژێمی به‌عس له‌سه‌ر كاری سیاسی ده‌ستگیر ده‌كرا، ئیتر بۆ چه‌ندین مانگ، هه‌ندێكجاریش به‌ساڵ رێگه به كه‌سوكاره‌كه‌ی نه‌ده‌درا سه‌ردانی بكه‌ن، یان هیچ هه‌واڵێكی نه‌بوو به مان و نه‌مانی.
له ساڵی 1985 كه‌سێكی نزیكم ده‌ستگیر كرابوو، تاكو كوڕه‌كه‌ی له سێداره‌درا نه‌یتوانی ته‌نها بۆ یه‌ك چاو تروكانێك بیبینێت، هه‌رچه‌نده كه‌سوكاره‌كه‌ی هه‌واڵی زۆریاندا و دیدار و چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و كاته‌ی رژێمی به‌عس ئه‌نجامدا، به‌ڵام بێ سوود بوو، ئێمه‌ش كاتێك له ساڵی 1986 له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێم له‌سه‌ر كاری سیاسی له دائیره‌ی ئه‌منی هه‌ولێر ده‌ستگیركراین، بۆماوه‌ی چه‌ندین مانگ هیچ سۆراغێكمان نه‌بوو و كه‌سیش نه‌یده‌زانی له كوێین و چیمان لێ به‌سه‌ر هاتووه.
له‌و ماوه‌یه‌دا جگه له‌وه كه‌سمان نه‌ده‌بینی، پۆلێك له هاوڕێیانمان جیاكردنه‌وه، ئێمه وا تێگه‌شتین كه ئه‌وان ئازادكراون، به‌ڵام به‌داخه‌وه دواتر بۆمان ده‌ركه‌وت كه له سێداره‌دراون. هه‌ر به‌هۆی رێگه‌نه‌دان به كه‌سوكاره‌كانمان بۆ دیدار و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ زیندانیان، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌واڵ پرسینیش، ئیتر سه‌بر و ئارامی دایكان و خوشكان و هاوسه‌رانی زیندانیان نه‌ما، ئه‌وه‌بوو له رۆژی جه‌ژنی قوربان له به‌رواری 15/8/1986 ژنانی هه‌ولێر ئازایانه و بوێرانه، هاتنه به‌رده‌م دائیره‌ی ئه‌منی به‌عس و پێداگیرییان كرد له‌وه‌ی، یان لێره ناڕۆن یانیش كوڕه‌كانیان ده‌بینن.
هه‌ر ئه‌مه‌ش به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی هه‌ولێری ناچار كرد رێگه‌یان پێبدات پۆل پۆل بێنه ژووره‌وه، له‌وكاته‌ی نۆره‌ی من هات بۆ بینینی كه‌سوكاره‌كه‌م، له ژوورێك دایاننام و ئاگاداریان كردمه‌وه كه ئه‌و دیداره ته‌نیا بۆ سڵاو كردنێكه و بۆت نییه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناوی زیندانییه‌كی دیكه بهێنیت، ئه‌وه بوو دایكم و برا بچوكه‌كه‌میان هێنایه ژووره‌كه، جگه له‌وه‌ی له‌و كاته هه‌ستێكی زۆر تایبه‌تم لا دروست بوو، له هه‌مانكاتدا كاتێكی زۆر خۆش بوو، بۆ ئه‌وانیش جۆره ئارامی و دڵنه‌واییه‌كیان هاته‌وه به‌ر، كه رۆڵه‌كه‌یان ماوه و به دیداری شادبوونه‌وه، به‌ڵام دیدارێك له چه‌ند خوله‌كێك تێپه‌ڕی نه‌كرد.
راسته بۆ ئێمه هه‌ستێكی خۆش‌بوو دوای ئه‌و ماوه زۆره كه‌سوكاری خۆمان بینی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌ران و خه‌مباریكردین، گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له دایك و خوشك و هاوسه‌ری زیندانیان بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی رۆڵه‌كه‌ی خۆیان ببینن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی شه‌هید بوونیان، ئینجا یان له‌ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی ناو زیندان، یانیش گولله بارانكردنیان، هه‌ر ئه‌وكاته ئێمه زانیمان ئه‌و زیندانیانه‌ی پێشتر له ئێمه‌یان جیاكرانه‌وه ئازاد نه‌كران، به‌ڵكو شه‌هیدكران.
به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ژنان و ناچاركردنی دائیره‌ی ئه‌منی هه‌ولێر به بینینی زیندانان و وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر چاره‌نووسیان، هه‌ڵوێستێك بوو وره‌یه‌كی زیاتری به ئێمه‌ی زیندانی به‌خشی، وه‌چه‌رخانێك بوو له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رژێمی به‌عس، كه ناتوانن ئه‌وه‌ی ئه‌وان بیانه‌وێت بۆیان بچێته سه‌ر و به‌رده‌وامبن له شاردنه‌وه‌ی زیندانیان له كه‌سوكاره‌كانیان، هه‌ربۆیه هاوڕێیەكمان له زیندان ناوی له‌و رووداوانه نا چالاكی تیپی 57ی عه‌با ره‌شه‌كان، وه‌ك گوزارشتێك له 57 ژن له كه‌سوكاری زیندانیان.
دوای ئه‌م رووداوه ئیتر جگه له چه‌ند كه‌سێكی كه‌م نه‌بێت، رێگه به‌كه‌سی تر نه‌ده‌درا سه‌ردانی گرتوخانه‌كه بكه‌ن، ئه‌م بارودۆخه تا رۆژی دادگایی كردنمان و گواستنه‌وه‌مان بۆ زیندانی هه‌میشه‌یی له ئه‌بوغرێب له‌به‌غدا به‌رده‌وام بوو. له‌وێدا ئیتر سه‌ردان و دیداره‌كان له‌كاتی دیاریكراوی خۆی، كه مانگی دووجار بوو ئاسایی بۆیه‌وه، بۆئه‌مه‌ش چه‌ند رێوشوێنێك دانرا، زیندانیان و كه‌سوكاره‌كان ناچار ده‌كرد په‌یڕه‌وی بكه‌ن.
سه‌ره‌تا له رۆژی چاوپێكه‌وتنه‌كان (مواجه‌هه) ده‌بوو زیندانییه‌كه شوێنێكی تایبه‌ت بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی ئاماده‌بكات، له‌شێوه‌ی هه‌ڵدانی خیوه‌ت، ئیتر زیندانیان و كه‌سوكاره‌كانیان یه‌كتریان ده‌بینی، به‌تایبه‌تی له‌یه‌كه‌م سه‌ردان، هه‌ستێكی تایبه‌ت بوو، كه بۆ یه‌كه‌مجار توانیمان بۆ كاتێكی زیاتر له‌بارودۆخێكی باشتر، دایك و باوك و خوشك و براكانمان ببینین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زۆربوونی ژماره‌ی زیندانیان، ژماره‌ی سه‌ردانیكه‌رانیش زیاتر ده‌بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد ئیداره‌ی گرتوخانه‌كه، رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه دیاریبكات كه ده‌یانه‌وێت بێن بۆ سه‌ردانی به‌ندكراوه‌كان، بۆ ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ر زیندانییه‌ك ته‌نیا دووكه‌سیان دیاریكرد، ئه‌مه‌ش جۆرێكی تر بوو له شه‌ڕی ده‌روونی، چونكه هاتنی دووكه‌س له رێگایه‌كی دوور بۆ سه‌ردانی زیندانییه‌ك زۆر كه‌مه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چاره نه‌بوو، هه‌ندێكجار ژماره‌ی كه‌سوكاری زیندانیان له ده‌ره‌وه‌ی گرتوخانه‌كه ده‌مانه‌وه و به نۆره ده‌هاتنه ژووره‌وه، به‌ڵام ده‌بوو بۆماوه‌یه‌كی كه‌م بمێننه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موویان فریا بكه‌ون بێنه ژووره‌وه، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پسوله تایبه‌ته‌ی كه له‌لایه‌ن ئیداره‌ی گرتوخانه‌كه بۆ زیندانیان تایبه‌ت به (مواجه‌هه) ئاماده‌كرا بوو.
ئه‌وه‌ی پێویسته زیاتر هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئێش و ئازار و ماندوو و شه‌كه‌تی كه‌سوكاری زیندانییانه له‌كاتی هاتنیان بۆ زیندان، چونكه جگه له‌وه‌ی رێگایه‌كی دوور و درێژیان ده‌بڕی و له هه‌ولێر و شاره‌كانی تری كوردستان ده‌هاتن بۆ به‌غدا و ئه‌بوغرێب به‌شی ( احكام خاصه)، له هه‌مانكاتدا رۆژی دیداره‌كه ده‌بوو له به‌یانییه‌كی زۆر زوو له‌به‌رده‌می گرتوخانه‌كه ئاماده‌بن. به‌هۆیه‌وه تووشی ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌كی زۆر ده‌بوونه‌وه، چونكه رێگای هاتنه ژووره‌وه ئه‌وه‌نده باریك و ته‌سك بوو، خه‌ڵكی به‌ناچاری پێدا ده‌هاتنه ژووره‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كانمان خۆراك و كه‌ره‌سته‌یه‌كی زۆریان بۆ ده‌هێناین، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی زیاتری ده‌خسته سه‌ر شانیان، هاوكات له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانیشه‌وه مامه‌ڵه‌یه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كرا، بگره ئازاریش ده‌دران. ئه‌مه‌ش ئێمه‌ی زیندانی هێنده‌ی تر نیگه‌ران و دڵگران ده‌كرد.
ئیتر بارودۆخه‌كه به‌مجۆره به‌رده‌وام بوو تا كاتی ئازاد بوونمان له كۆتا ساڵی 1988، به‌ڵام ئێمه‌ی زیندانی هه‌ستێكمان لا دروست بوو كه بۆ هه‌میشه قه‌رزار باری كه‌سوكاره‌كانمان بین، به‌تایبه‌تی دایك و باوكمان، هیج كاتێك ماندوبوون و ئێش و ئازاره‌كانی ئه‌وانمان له یاد ناچێته‌وه.