دوای هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
زۆربەی وڵاتان نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی و داوای دانبەخۆداگرتن و گەڕانەوەیان بۆ گفتوگۆ کرد، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە جەنگێکی گشتگیر بەدوور بێت.
وڵاتانی رۆژئاوا، لەوانە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، جەختیان لەسەر گرنگیی رێگەچارەی دیپلۆماسی کردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، "مافی ئیسرائیلی بۆ بەرگریکردن لە خۆی" دووپات کردەوە، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، هۆشداریی دا بە تاران کە "هێرشەکانی داهاتوو توندتر دەبن".
لە لایەکی دیکەوە، چین بە توندی "پێشێلکردنی سەروەریی ئێران"ی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئیدانە کرد. وڵاتانی عەرەبی وەک سعودیە، قەتەر، میسر و ئوردن، نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی و هێرشەکەیان بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" ناوبرد کە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان تێکدەدات.
ئەم وڵاتانە داوای هەنگاوی خێرایان کرد بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر و جەختیان لەسەر پاراستنی سەروەریی وڵاتان کردەوە.
ئیسرائیل لە بەرەبەیانی هەینیدا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەنجام دا و زیاتر لە 200 پێگەی لەناو ئێران کردە ئامانج. لەوەڵامدا، تاران چەندین هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دا. رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی، هەڕەشەی "سزایەکی توندی" لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند کە وڵاتەکەی بێ وەڵام نابێت.