ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژی 11/11/2025، بەردەوامە.
نەبەرد عومەر سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئامادەكارییەكان بەگوێرەی ئەو خشتەیەی دانراوە، بەردەوامە و ئێستا لە قۆناغی تۆماركردنی كارتی بایۆمەتریی دەنگدەرانین، كە 20ی ئەم مانگە ماوەكەی كۆتایی دێت، هەروەها قۆناغی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان دەستیپێكردووە و تا 25/6 بەردەوام دەبێت، بەهەمانشێوە پێشكەشكردنی ناوی كارمەندانی سەر سندوق راگەیەندراوە و تا 9/7/2025 دەخایەنێت، وتیشی: بۆئەوەی زۆرترین هاووڵاتی بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكات، بەردەوام هانی خەڵك دەدەین سەردانی ناوەندەكانی كۆمسیۆن بكەن، لەو چوارچێوەیەدا ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری لەلایەن هاووڵاتیانەوە زۆر باشترە و ئێستا تەنیا 750هەزار كارتی دەنگدان لە ناوەندەكانی كۆمسیۆن ماونەتەوە.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا