راپۆرتی/ ئارۆ سامان
![]()
ئەكرەم ساڵح: تەواوبوونی سەرجەم ئەو پڕۆژانەی لە بەرنامە و پلاندان كاریگەریی گەورەیان دەبێت لەسەر جوانتركردنی سیمای شار و ئاسانكاریی هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێل و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ
فراوانبوونی گەڕەكەكانی شاری كەلار، زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و ئۆتۆمبێل وایکردووە شەقام و کۆڵانەکانی شارەکە بەردەوام پێویستیان بە چاككردن و دروستكردنی شەقامی نوێ هەبێت، شارەوانی شارەكەش دەڵێت: لە ماوەی دوو ساڵدا 20 شەقامی نوێمان دروستكردووە.
ئەكرەم ساڵح سەرۆكی شارەوانیی كەلار بۆ كوردستانی نوێ وتی: شاری كەلار لە گەشەیەكی بەردەوامدایە لە رووی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و بوارەكانی دیکەی بازرگانی و هاتوچۆ و چەندین لایەنی دیکە، بۆیە پێویستی بە پلانێكی تۆكمەیە بۆئەوەی ئەو فشارانە كەمبكرێنەوە و شارەكە لە رووە جیاوازەكانەوە رێكبخرێنەوە.
وتیشی: ئێستا چەندین پرۆژەی وەبەرهێنان لە بواری جێبەجێكردندایە و دەستمان بە دروستكردنی شەقامی نوێ و چاکكردنەوەی شەقامە كۆنەكان كردووە.
پرۆژە تەواوکراوەکان
ئاماژەی بەوەشکرد: لە ماوەی ساڵەكانی 2023 و 2024دا بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە، 20 شەقامی نوێمان لەناو شاری كەلاردا دروست كردووە بە دووسایدی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی رووناككەرەوە، سەوزایی و هێماكانی هاتوچۆ، کە کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی فشاری هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و ئاسانكاریی زۆری بۆ هاووڵاتییان كردووە، هەروەها چوار شەقامی كۆنیشمان بە تەواوی چاکكردووەتەوە.
شەقامە نوێیەکان بەشێكیان شەقامی سەرەكی و دووسایدن و بەشێكیشیان شەقامی 15 مەتری و 20 مەتری و 30 مەتری و شەقامی 60 مەترین کە دەکەونە گەڕەکە جیاوازەکانی شارەکەوە.
سەرۆكی شارەوانیی كەلار دەڵێت: پلانەكان درێژخایەنن و كۆتاییان نەهاتووە، كاركردن لە چەند شەقامێکدا بەردەوامە و بەپێی بودجەی پێویست چەند شەقامێكی دیکەش دروست دەكەین.
لە بارەی چاکنەکردنی شەقام و کۆڵانی هەندێك لە گەڕەكی شارەکەوە باسی لەوەکرد: بەشێك لەو گەڕەكانە زیادەڕۆن و لە ماستەرپلاندا نین، بۆیە ئێستا ناتوانین هیچ پرۆژەیەكیان بۆ بکەین تا ئەوکاتەی بەپێی یاسا و لەچوارچێوەی رێنماییەکانی شارەوانیی كەلاردا جێگر دەكرێن.
بودجەی پرۆژەکان
پرۆژەكانی شاری کەلار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و داهاتی شارەوانی و بودجەی وەبەرهێنان جێبەجێ دەکرێن.
سەرۆكی شارەوانی دەڵێت: تەواوبوونی سەرجەم ئەو پرۆژانەی لە بەرنامە و پلاندان كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر جوانتركردنی سیمای شار و ئاسانكاریی هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێل، هاوکات کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.
لە بارەی زۆرکردنی رێژەی سەوزایی لە شارەکەدا، ئەکرەم ساڵح دەڵێت: ئێستا كە تەماشای شەقامەكان دەكەیت زۆرترین رێژەی سەوزاییمان دروست كردووە، دیمەنێكی جوان و سەرنجڕاكێشیان هەیە، هەروەها لە داهاتوودا كاری گرنگ و جوانترمان دەبێت، رێگەكان بەجۆرێك رێكدەخەینەوە، كە لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری شاردا بگونجێت.