پ.د.ئاراس محەمەد ساڵح
ناوی کتێب: پەندنامە
نووسەر: رزگار خدر مستەفا
بابەت: چوارینەی شیعری
چاپ: چاپی دووەم 2025
چاپخانەی: پاندا، سلێمانی
ژمارەی لاپەڕە: 132
شاعیر زۆر سەرکەوتووانە بابەتی گرنگی پەروەردەیی هەڵبژاردووە و لە شێوەی چوارینەدا بە زمانێکی کوردی سادە و بێگرێ دایڕشتووە، بەشێوەیەکی وەها توێژی منداڵان و لاوان و بەرەوژوورتریش سوودی زۆری لێوەردەگرن
مامۆستا رزگار خدر ساڵانێکە چوارینەی شیعری پەروەردەیی دەنووسێت، زیاتر پەند و قسەی نەستەقی ناو کۆمەڵ دەکاتە کەرەستەی نووسینی چوارینەکانی، مەبەستی سەرەکیشی پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوەی منداڵان و لاوانە لە رێگەی چوارینە شیعرەکانییەوە.
شاعیر بەوپێیەی خۆی مامۆستا و پەروەردەکارە و لە ناوندە پەروەردەییەکاندا کار دەکات و رۆژانە بەریەککەوتنی هەیە لەگەڵ ژینگە پەروەردەیەکەدا، چ وەک کارەکتەری پەروەردە کە توێژی مامۆستایانە، چ وەک چینی بەرکار کە خوێندکاران و قوتابیانن، هەموو ئەمانەش رەنگدانەوەی زۆریان هەیە لەناو هۆنراوەکانیدا.
شاعیر زۆر سەرکەوتووانە بابەتی گرنگی پەروەردەیی هەڵبژاردووە و لە شێوەی چوارینەدا بە زمانێکی کوردی سادە و بێگرێ دایڕشتووە، بەشێوەیەکی وەها توێژی منداڵان و لاوان و بەرەوژوورتریش سوودی زۆری لێوەردەگرن، بۆ نموونە لەبارەی ژینگەوە دەڵێت:
ژینگەت خۆش بوێ ژینگە ژیانە
بەبێ ژینگەی پاک ژیان هەر ژانە
خاوێن رایبگرن سەوزپۆشی کەن
ژینگەپارێزی ئەرکی هەمووانە
شاعیر لەم چوارینەیەدا بە زمانێکی پەروەردەیی سادە و کاریگەر پێمان دەڵێت ئەرکی پاراستن و خزمەتکردنی ژینگە ئەرکی هەمووانە، چونکە ئەگەر ژینگە پیس بوو ژیانی هەمووان تێکدەچێ، هەربۆیە پێویستە هەموو لای خۆمانەوە ژینگە پیس نەکەین و پاراستن و سەوزکردنی بە ئەرکی سەرشانی خۆمان بزانین.
لە چوارینەیەکی پڕ لە ئەدگاری جواندا کەسە بەتەمەنەکانمان لاجوان دەکات و بە سەرچاوەی ئەزموون و عەقڵی گەورە باسیان دەکات، زۆرجار گەنجان و مێرد منداڵان وەک پێویست رێزی کەسە بە تەمەنەکان ناگرن و بە کەسی نەزان و دواکەوتوو سەیریان دەکەن، بەڵام ئەم مامۆستا دڵسۆزە زۆر سەرکەوتووانە ئەو تێگەیشتنە رەتدەکاتەوە و دەڵێت:
ئەوەی کە پیرێ نەبێ لە ماڵی
با پیرێ بکڕێ بۆ پرسی حاڵی
پیری دەفتەری پڕ لە ئەزموونە
هاوڕێگەت پیربێ رێگەکەت روونە
بەڕاستی ئەمە تێگەیشتنێکی پەروەردەیی بەرزە، تێکەڵاوکراوە لەگەڵ کەلتوری رەسەنی کوردەواریدا کە وتویانە: (ئەوەی ریش سپییەکی نەبێ با ریش سپییەک بکڕێت، کەسە بەتەمەن و دنیادیدەکان پەروەردەی قوتابخانەی ژیانن و ئەزموونی زۆریان هەیە.
لە پرسیارکردن قەت رووگیر مەبە
پرسیار سەرچاوەی زانین، فێربوونە
ئەگەر نەپرسی لە ژین تێناگەی
سەرسام دەمێنی لەم هاتووچوونە
هەروەها لە چوارینەی:
زانا نەزانە خۆی لا زانا بێ
گەر لەلای وابێ هەرخۆ دانا بێ
نەزان زانایە ئەگەر بێ وچان
هەوڵی لە ژیان بەرەو باڵا بێ
لە چوارینەی یەکەمدا لەسەر پرسیارکردن و سڵ نەکردنەوە لە گەڕان بەدوای وەڵامی هەموو پرسیارێکدا هانی خوێنەر دەدات، زۆرجار بەهۆی رووگیری، یان خۆ بەشت زانینەوە پرسیار ناکرێت و لە شتەکان تێناگەن، هەردوو هەڵوێستەکەش باش نییە، ئێمە پێویستمان بە نەوەیەکی ئازای پرسیارکەرە، نەک کەسانی شەرمن و کەنارگیر.
لە چوارینەی دووەمدا فێری رەوشتی باڵای کەسانی زانامان دەکات، مرۆڤ نابێت خۆی بە زانا بزانێت، ئاکاری بەرزی زانا و پەروەردەکار خاکی بوون و گەڕانی بەردەوامە بە دوای زانیاریی زیاتردا، هەرکاتێک هەستی کرد زانایە و پێویستی بە زانستی نوێ نییە، ئەوە بەهۆی نەزانی خۆیەوەیەتی و هیچی تر.
لەگەڵ ئەوەدا بەشی زۆری چوارینەکان هەڵقوڵاوی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی سەرکەوتوون، بەڵام لە هەندێ لە هۆنراوەکاندا هەندێ وشە و دەستەواژەی تێدایە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر پەوەردەی منداڵان و تازەپێگەیشتووان، بێگومان وشەی زبر و زەق و رەق زووتر کاریگەریی لەسەر مناڵان دەبێت و وەریدەگرن و لە ژیانی رۆژانەیاندا رەنگدانەوەی دەبێت، هەربۆیە پێویستە مامۆستای پەروەردەکار ئاگاداری وشە و رستەکانی بێت لەکاتی نووسین و دەربڕیندا، بۆ نموونە وشەکانی نامەرد، ناکەس بەچە، بە گورگ و چەقەڵکردنی مرۆڤ و...هتد، نووسەر لە چوارینەیەکیدا دەڵێت:
چاوەڕێی چاکە لە ناکەس مەکە
لە ناکەس بەچە هەڵناکەوێ مێر
نێرگە لە تەروو قەت هەڵناکەوێ
پەندی پێشینە تۆش لێی ببە فێر
ئەم چوارینەیە لەگەڵ ئەوەدا هەندێ وشەی تێدایە کاریگەریی پەروەردەیی خراپ لەسەر منداڵان دروست دەکات، لە هەمان کاتدا رەنگدانەوەی کەلتورێکی پاشکەوتووی کۆمەڵایەتی کۆنیشی تێدایە، کە نابێت کوڕی هەژار و جووتیار و خەڵکە سادەکە ببن بە هیچ، ئەمە بۆ کۆمەڵی کوردەواری کۆن وابووە، بەپێی ئەو کەلتورە دواکەوتووە تەنها کوڕی ئاغا و بەگ و شێخ و سەرۆک خێڵەکان بۆیان هەبووە شوێنی باوانیان بگرنەوە و ئەو پێگانە وەربگرن.
وەک هەموومان ئاگادارین ئەم حاڵەتە بۆ کاتی ئێستا و کۆمەڵی پێشکەوتوو راست نییە و پێچەوانەکەی راستە، دەیان کوڕ و کچی هەژار و نەدار و کۆڵبەرەکان بوونەتە مامۆستا و پزیشک و فەرمانبەر و بەڕێوەبەر و ئەندامی پەرلەمان و وەزیر، هەموو ئەوانەشیان بە توانا و لێوەشاوەیی خۆیان دەستخستووە، لە هەمان کاتدا زۆرێک لە کوڕی ئاغا و بەگ و شێخ و سەرۆک هۆزەکان نەزان و بێبەهرە و بێکەڵکی ناوکۆمەڵن.
لە چوارینەیەکی تردا زمانەکە توندتر و زبرتر دەبێت، خوێنەر هەستێکی وای لادروست دەبێت کە بەرامبەرەکەی زۆر خراپە و هەموو کات بە ترسەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوانی تردا دەکات، شاعیر دەڵێت:
چەقەڵ ئەمڕۆکە خۆی لا بۆتە شێر
وەک سەگ دەوەڕێ
ناکەردی بێ خێر
رێوی دادوەرە و گورگیش پاسەوان
ماڵی دزییە و لێی دەکاتە خێر
بە چەقەڵکردنی مرۆڤ و بەکارهێنانی دەستەواژەی (وەک سەگ دەوەڕێ) زۆر توندە و بۆ زمانی شیعر و پەروەردە گونجاو نییە و کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر بەرامبەر.
هەروەها لە دێڕە شیعرێکی تردا هاتووە:
زمانت بگرە هەڵەوەڕ مەبە
بە ئەدەب بدوێ زمان شڕ مەبە.
وشەی (هەڵەوەڕ) زۆر زبر و بریندارکەرە و لەگەڵ پرۆسەی پەروەردەی سەرکەوتوودا یەکناگرێتەوە، پەروەردەکاران پێویستە زۆر بە هەستیارییەوە وشە هەڵبژێرن و بیدەن بە گوێی خوێندکاران و گوێگراندا، پێویستە وشەکان کاریگەریی پەروەردەیی زۆریان هەبێت و کەسێکی هاوسەنگ دروست بکەن.
خاڵێکی تر کە لە رووی پەروەردەییەوە کاریگەریی لەلای بەرامبەر دروست دەکات، گومان دروستکردنە لەسەر هاوڕێ و دۆست و ئەو کەسانەی رۆژانە بەریەکەوتنیان لەگەڵ یەکدا زۆرە، بۆ نموونە چوارینەکانی:
لەسەر سفرە زۆر کەس دۆستتە
هەروەها: کە پۆستت هەبێ
دۆستیشت زۆرە
هەروەها: نان ئەوە نانە ئەمڕۆ لە خوانە و...هتد.
هەرچەندە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاڵبوونەتەوە و دۆستی سەرسفرە و زۆر پەیوەندیی تر نەماوە، بەڵام گومان دروستکردن لەسەر کەسانی دەوروبەرمان وامان لێدەکات هەموو کات بە چاوی خراپەوە سەیری ئەوانی تر بکەین.
بەشێوەیەکی گشتی هەموو چوارینەکانی مامۆستا رزگار سیخناخن بە ئاکاری بەرز و رەوشتی باڵا، شاعیر دەیەوێت لە ریگەی ئەم هۆنراوە کورت و پڕمانایانەوە پەیامی پەروەردەیی خۆی بگەیەنێت، ئەگەر کەسێکیش ئەم هۆنراوانە بخوێنێتەوە و نووسەرەکەی نەناسێت، دەزانێت کە کەسێکی پەروەردەکار نووسیوێتی و هەندێ لە خەمەکانی هەر پەروەردەی دروستە، بەڵام زمان زبریی لەهەندێ کۆپلەدا جێگەی رەخنەیە.
بەو هیوایەی مامۆستای خۆشەویست ئەم سەرنج و تێبینیانە بە سنگی فراوانەوە وەربگرێت.