قاسم نوری، یەكێكە لە هونەرمەندە دیارەكانی نواندن لە شاری هەولێر، چەندین ساڵە خزمەت بە هونەری شانۆ و دراما و تەلەفزیۆنی كوردی دەكات.
قاسم بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی 1983 لە رێگەی لقی هەولێری كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی كورد چوومە بواری هونەرەوە، پاشان لە تیپی رۆشنبیریی كە مامۆستا چەتۆ حەسەن، سەرپەرشتی دەكرد بەشداریم لە چەند بەرهەمێكیاندا كرد. كە چووم وامزانی ئەگەر بەشداری كارەكانیان بكەم دەبێت پارە بدەم، بەڵام دواتر لە بەرامبەر بەشداریكردنم لە دوو بەرهەمیاندا 70 دینارم وەرگرت. یەكەم كارم، بەرهەمی شانۆیی (ئادابا) بوو لە نووسینی مەعەد جبوری و دەرهێنانی هاشم زەینەڵ كە لە ساڵی 1983 لەسەر شانۆی هۆڵی رۆشنبیری هەولێر نمایشكرا.
وتیشی: لە ماوەی 42 ساڵی كاركردنمدا، بەشداریم لە زیاتر لە 100 بەرهەمی شانۆیی، دراما، فیلمی سینەمایی و زنجیرەی تەلەفزیۆنیدا كردووە، کە بەشێکیان ئەمانەن (ئادابا، حەمەدۆك، ئەفسانەی چیای ئاگری، شاری ئەوین، خزمەتكارێكی گوێڕایەڵ، قەڵادی دمدم، پیلان، نووسەرێكی سەیر، لێو بەبارەكان، قەرەج، گەردەلول) و چەندینی دیکە، لە كەناڵەكانی (تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، هەرێم، رەسەن، ئەلعیراقییە، دیموكراسی، رۆژ) بەشێوەی هەفتانە بەشداری بەرنامەی دراما و فۆلكلۆری رەسەنم كردووە و نواندنەكانیشم بە شێوەی تراژیدی و كۆمیدی کردووە و كاری دەرهێنان و نووسینی سیناریۆشم كردووە.
ئەو كارەی قاسم نوری بە زۆرترین بینەری كورد ئاشناكرد كارەكتەری مەلاكە بوو، دەڵێت: هەفتانە لە بەشی كوردی تەلەفزیۆنی ئەلعیراقییە درامایەكمان پەخش دەكرد، یەكێك لەو درامایانە ئەو دیمەنە بوو كە مەلایەك ژنی بۆ كەسێك مارە دەكرد، ئەكتەری زاواكە سەعدی مامە بوو، خۆشم رۆڵی مەلاكەم دەگێڕا، چیرۆكەكەی هی هونەرمەندی گەورە شێرزاد پۆلیس بوو، مارەكردنەكە وەك حەقایەتی مێش زۆر درێژەی كێشا، دواتر چووە ناو خەڵكی و بووە ترێند، ئێستا كاری نواندن لە شاری هەولێر هیچ ئاسۆیەكی روونی پێوە دیارنییە.
هەولێر – رەوەست نەوزاد