هەرخانمێك بەهرەی مەقامی هەیە، با نەیشارێتەوە

11:47 - 2025-07-20
هەمەرەنگ
54 جار خوێندراوەتەوە

چنار عەبدولقادر فەتاح ناسراو بە (چنار كەركوكی)، لە گەڕەكی شۆڕیجەی كەركوك لەدایكبووە و دەنگێكی خۆشی هەیە، ساڵانێكە خزمەتی هونەری کوردی بە تایبەت مەقام دەكات.
چنار بە دوالاپەڕەی وت: لە ساڵی 2006ەوە دەستم بە چڕینی مەقامی كوردی كردووە و یەكەم مەقامیشم بە ناوی مەقامی (بەسە ئیتر) لە كەناڵی ئاسمانی كەركوك تۆمار كرد.
 وتیشی: لەلایەن مامۆستای پسپۆڕی مەقامات، میقداد محەمەد لە ناوەندی عەلی مەردان-ەوە توانیم فێری جۆرەكانی مەقامات ببم و تائێستا دەزانم حەوت جۆر بچڕم، هەر یەك لە مامۆستایان ئەنوەر قەرەداغی و چالاك سدیق و عومەر درێژ و نورەدین جاف رۆڵیان هەبووە لە پشتگیریكردنم لەم بوارەدا و هاوسەرەكەشم پاڵپشتم بووە. لە بۆنە و دیدار و فێستیڤاڵە هونەرییەكاندا بەشدارییم کردووە و تائێستا 3 كلیپی گۆرانی و مەقامم تۆماركردووە، هیوادارم ئاوڕێكی جدی لە هونەرمەندان بدرێتەوە و سپۆنسەریشیان بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن داهێنان بكەن. داوا لەو خانمانە دەكەم كە بەهرەی مەقامیان تێدایە با بێنە پێشەوە و بوونی خۆیان بسەلمێنن و بەهرەكانی خۆیان نەشارنەوە.

كەركوك،
رزگار شوانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان