قەڵای كەركوك و قشڵە نۆژەندەكرێنەوە

12:07 - 2025-07-20
کوردستان
65 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی لێدوانێكی بەڕێوەبەری شوێنەواری كەركوك بۆ كوردستانی نوێ، «قەڵای كەركوك و قشڵە نۆژەندەكرێنەوە و 30 ملیار دیناریش تەرخانكراوە».
لەوبارەیەوە، راید عوگڵە بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری كەركوك، پێیڕاگەیاندین: قەڵای كەركوك و قشڵە، دوو شوێنەواری مێژوویی و دێرینی شارەكەن، بە هەوڵی پارێزگاری كەركوك، بڕیاری نۆژەنكردنەوەیان دراوە و بۆ ئەو مەبەستەش نزیكەی 30 ملیار دینار تەرخانكراوە، وتیشی: نۆژەنكردنەوەی ئەو دوو شوێنەوارە، گەورەترین پرۆژەیە لە مێژووی كەركوكدا جێبەجێدەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكارییەكان و لایەنە هونەرییەكانیان تەواوبوون و ژمارەیەك كۆمپانیای عیراقی، توركی و میسریش، ئامادەییان دەربڕیوە بۆ كاركردن لە پرۆژەكەدا.
ئاماژەی بەوەشكرد فەرمانگەی شوێنەوار جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێت پرۆژەكە بدرێت بە كۆمپانیایەكی پسپۆڕ و تایبەتمەند و پارێزگاری لە نەخشەی دێرین و تەلارسازیی قەڵاكە بكرێت، وتیشی: ئەو شوێنانەی لە هەردوو پرۆژەكەدا نۆژەندەكرێنەوە مزگەوت، كڵێسا، خوێندنگە، بینا كەلتورییەكان و دەروازەكانی قەڵا و شوراكەن.
كەركوك، هێمن ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان