نەبەردیی پێشمەرگە و كیمیابارانەكەی گوندی زێوێ

10:46 - 2025-07-21
ڕاپۆرت
58 جار خوێندراوەتەوە

رەفیق قەرەچەتانی


نووسینەوەی مێژووی تەواوی رووداوەكانی هەر نەتەوەیەك، بەتایبەت رووداوە سیاسی و تراژیدییەكان، بۆ بنیاتنانی ئایندەی ئەو نەتەوەیە گرنك و بە كەڵكە، گەلانی دیكە لەم بوارەدا پێش ئێمە كەوتوونەتەوە، لە كاتێكیشدا رووداو و كارەساتەكانی سەر گەلی كوردستان، زۆر لە هی ئەوان زیاترە.
بەداخەوە، لەو هەوڵانەی كە دراون بۆ جینۆسایدكردمان، نەتوانراوە كەرەستەی بنیادنانێكی بەهێزیان لێ  بەرهەم بهێندرێن و بگرە زۆر رووداویش هەیە، بەتەواوی فەرامۆشكراوە، بۆ نموونە: كیمیابارانكردنی گوندی (زێوێ)ی بناری پیرەمەگروون لە رۆژی 12/6/1987 لەلایەن رژێمی بەعسەوە، كە ئەڵقەیەكە لە زنجیرەی كیمیابارانەكانی كوردستان.
ئەوەش لە تۆڵەی شكستێكی گەورەیان بوو لە بەرامبەر پێشمەرگەدا كە بەم جۆرەبوو:
رۆژی 6/6/1987، سوپای عیراق بە هاوكاریی جاش، هێرشێكی چڕیان كردە سەر گوندی (بیران)ی ناحیەی سورداش، تۆپخانە و هێلیكۆپتەریش پاڵپشتی دەكردن، لەبەرامبەردا بەشێك لە پێشمەرگەكانی تیپی 23ی سورداش و تیپی مەڵبەندی دوو و هەندێك پێشمەرگەی مۆڵەت و هێزی پشتگیریی، دەستوبرد بەرپەرچیان دایەوە، هێرشەكە تێكشكێندرا و دوژمن پاشەكشەی كرد.
ئەوەی مایەی سەغڵەتی بوو بۆ پێشمەرگە، وەرزی گەرما و گڕگرتنی پووش و پاوانی سنوورەكە بوو، ئاگرێكی فراوان كەوتەوە و گەیشتە سەنگەرەكانمان و ژمارەیەك پێشمەرگە سوتان، لەناو ئەوانەدا من كە پێشمەرگەی تیپی 23 بووم، لەگەڵ هێرش سابیری پێشمەرگەی مەڵبەندی دوو، زۆرینەی جەستەمان سوتا و بەسەختی بریندار بوووین.
لەوكاتەدا مەفرەزەیەكی كەرتی تیپی 23، لەناویاندا دكتۆر راپەڕ عوسمان عوزێری، فریامان كەوتن و چارەسەری سەرەتاییمان بۆكرا، دواتر بردیانین بۆ گوندی زێوێی بناری پیرەمەگروون و خراینە ژێر چارەسەرەوە بە چاودێریی دكتۆر راپەڕ عوزێری.
شەش رۆژ دواتر و لە 12/6 دا، رژێم كەوتە تۆپبارانی زێوێ بە تۆپی كیمیایی، تێكڕا 700 تۆپی گازی كیمایی جۆراوجۆری گرتە گوندەكە و بەردەوامیش دوو هێلیكۆپتەر، وەك رەسەد چاودێریی دەكرد.
زیاتر لە 100 پێشمەرگە و هاووڵاتی برینداربوون و ساڵانی دواتریش، یەك بەدوای یەكدا هەندێكیان بەكاریگەریی كیمیاییەكە، گیانیان سپارد و شەهیدبوون، لەوانە: 
بەهادین ئەحمەد فەتاح، ناهیدە عەبدولقادر، بەختیار ئیبراهیم، حەمەڕەشید یاخسەمری.
بریندارەكانی دیكەش هێشتا بەكاریگەریی كیمیاییەكەوە دەناڵێنن.
من بەهۆی سوتاویمەوە لە شەڕەكەی گوندی بیران، لە جووڵە كەوتبووم و هەر لە ژێرچارەسەردابووم، ئەو رۆژە دیسان بە كیمیاییەكە برینداربوومەوە، ئیتر بەجۆرێك پەكم كەوتبوو، ئاگام لەهیچ نەمابوو، دوای 22 رۆژ ئینجا زانیم كەسوكار و هەندێك لە خەڵكی قەرەچەتان كە هاتبوون بۆ سەردانم لە زێوێ، ئەوانیش بەر كیمیاییەكە كەوتبوون.
هەروەها ئەو پێشمەرگانەش كە چاودێریی ئێمەیان دەكرد، وەك: دكتۆر راپەڕ و جەزای ئەحمەد كوردە و برایم قۆجەبڵاخی، برینداربوون.
پاشان ئێمەیان گواستەوە بۆ ئەشكەوتێك لە بناری چیای پیرەمەگروون و بە سەرپەرشتی دكتۆر یوسف كەریم و خوێندكاری زانكۆ، كۆچكردوو هیوا ئیسماعیل، كە خەڵكی قەرچەتان بوون و بە هاوكاریی خزمان، دەستكرا بە چارەسەركردنمان.
بەگشتی بارودۆخ زۆر نالەبار و رۆژ لە دوای رۆژ سەختتر دەبوو، ناوچەكە بەرەو چۆڵی دەچوو، پێداویستیی پزیشكیش گرفت بوو، دەبوو لە سلێمانییەوە بەنهێنی بیهێنن، ئەشكەوتەكەش كە كرابوو بەنەخۆشخانە، پێشتر شوێنی ئاژەڵ بوو، كێچ و ئەسپێ هێندەی تر سەغڵەتی كردبووین.
من لە ئەنجامی دووجار برینداربوون لەسەر یەك و نەبوونی چارەسەری پێویست و شوێنی گونجاو، كەتبوومە دۆخێكی تەواو شپرزە و پەككەوتنەوە، لەوساوە تا ئێستاش كە نزیكەی 40 ساڵە، بەو دەردەوە دەناڵێنم.
بەداخەوە، نووسین و گێڕانەوە وێنەیەكی تەواوی رووداوەكە بەرجەستە ناكەن، بۆیە ئەگەر وەك ئێستا كامێرا یاخود سۆشیالمیدیا و هۆكارەكانی گەیاندن هەبوونایە، دەبووینە دیمەنێكی دیكە لە مەزڵومیەتی گەلی كورد و دڕندەیی بەعسی داگیركەر.
بەداخەوە کە ئێستا ئەم رووداوە فەرامۆشكراوە و كەمترین قسەوباسی لەبارەوە كراوە، ئاواش بەگشتی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی فەرامۆش كراون، بۆیە پێویستە چۆن نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە هەیە، نەخۆشخانەی تایبەت بە بەركەوتووانی چەكی كیمیاییش هەبێت، چونكە ژمارەمان زۆرە، گرفتی تەندروستیشمان لە هی تووشبووانی شێرپەنجە كەمتر نییە و تائێستاش چارەسەر وەردەگرین.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم، لەوساوە ئەو ئەشكەوتە بە (نەخۆشخانەكە) ناوی دەركردووە، لە ئێستاشدا بە سەرپەرشتی دكتۆر راپەڕ عوسمان عوزێری و دكتۆر یوسف كەریم، لە هەوڵداین وەك هێمایەكی رەمزی ئەشكەوتەكە بكەین بە نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان