راپۆرتی/ سامان یاروەیس
پارێزگای دیالە بە دەست كێشەی كەمی كارەباوە دەناڵێنێت و لە چەند قەزا و ناحیەیەكی پارێزگاکەدا چەندینجار هاووڵاتییان دژی کەمیی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانی خۆپیشاندانیان کردووە، رۆژانە نزیكەی 800 مێگاوات كارەبا دەدرێتە پارێزگاكە و ئەو بڕە زۆر کەمترە لەوەی پێویستە.
فارس موزاحم جبوری سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: پارێزگای دیالە پێویستی بە 2 هەزار و 400 مێگاواتە، بۆ دڵنیابوون لە پێدانی كارەبای بەردەوام بە درێژایی 24 سەعات. هەروەها لانیكەم دیالە پێویستی بە 1200 مێگاواتە بۆ بە دەستهێنانی سیستمی دابینكردنی كارەبای دوو سەعاتی، واتا دوو سەعات کارەبا بدرێتە هاووڵاتییان و دوو سەعاتیش بكوژێنرێتەوە.
وتیشی: پشكی تەرخانكراوی ئێستا لە سەنتەری كۆنترۆڵەوە لە 860 مێگاوات تێناپەڕێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خشتەی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان بەم شێوەیە بێت، سێ سەعات پشوودان بە یەك سەعات كاركردن، ئەمەش كەمترین پێداویستی هاووڵاتییان دابین ناكات.
هەوڵی چارەسەرکردن
سەرۆكی لیژنەی وزە، داوا لە سەرۆك وەزیران و وەزیری كارەبا دەكات بە پەلە ئەم پرسە گرنگە لەبەرچاو بگرن و كار بۆ بەرزكردنەوەی پشكی کارەبای پارێزگای دیالە بکەن و وتی: لانیكەم بکرێتە 1200 مێگاوات بۆ دەستەبەركردنی دابەشكردنی دادپەروەرانە و بەدیهێنانی هاوسەنگییەكی قبووڵكراو لە پێدانی كارەبا.
لایەنی بەرپرس ئاگاداری کەمیی سەعاتەکانی کارەبایە و بە وتەی خۆیان لە هەوڵی چارەسەرکردندان.
عەدنان شەممەری پارێزگاری دیالە بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئاگاداری كێشەی کارەبای تەواوی قەزا و ناحیەكانین و پلانی وردمان هەیە، بەڵام چارەسەرکردنی پێویستی بە كاتە، لەبەرئەوەی ئەو پلانەی هەمانە چارەسەری ریشەیی كێشەکە دەكات، بە جێبەجێکردنی پرۆژەی سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەدەستهێنانی کارەبا لە تەواوی قەزا و ناحیەكاندا.
وتیشی: لەگەڵ وەزارەتی كارەبا و سەرۆك وەزیرانی عیراق لەسەر هێڵین و گرفتەكانی كارەبای دیالە بووەتە مایەی بێزاری هاووڵاتییان، تاوتوێی چەندین میكانیزممان كردووە بۆ چارەسەری كێشەکە.
سەعاتەکانی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە دیالە و خانەقین زۆر کەمە و ئەو کاتەشی دەدرێتە هاووڵاتییان لاوازە و ناتوانن وەك پێویست سوودی لێ وەربگرن
خانەقینیش كێشەی هەیە
هاوکات هاووڵاتییانی خانەقین ماوەی هەفتەیەكە بەهۆی كەمیی پێدانی سەعاتەکانی كارەبای نیشتمانی ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هەڕەشەی داخستنی رێگەی بارهەڵگرەكان دەکەن، لەبەرئەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و نەبوونی كارەبا تەواو بێزاری كردوون و بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانیان.
هاووڵاتی حەیدەر جومعە بۆ کوردستانی نوێ وتی: زۆر بە كەمی كارەبامان پێ دەدرێت و لەبەر گەرماش خەریكە تووشی نەخۆشی پێست دەبین، بە تایبەت منداڵان ناتوانن بەرگەی ئەم گەرمایە بگرن.
وتیشی: جگە لەوەی سەعاتەکانی پێدانی كارەبا زۆر کەمە، هاوكات ئەوکاتەشی هەیە لاوازە و ناتوانین وەك پێویست سوودی لێ وەربگرین.
سەرچاوەی كارەبای خانەقین بەشێكی لە ئێرانەوەیە و بەشێكەی دیکەشی لە بەعقوبەوە دابین دەکرێت، بە هەردوو سەرچاوەکە نەتوانراوە پێویستیی شارەكە پڕ بکرێتەوە.
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقین بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هاووڵاتییان مافی خۆیانە ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام دەستەوەستان نەوەستاوین و بەردەوام لە هەوڵی چارەسەركردنداین.
وتیشی: كارەبای موەلیدەمان كردووەتە كاتی ئاڵتونی، واتە هەر كارەبای نیشتمانی بڕا ئەوان دەستبەجێ كارەبا بە هاووڵاتییان بدەن.
ئاگادارکردنەوەی لایەنی بەرپرس
سوزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ كوردستانی نوێ وتی: تەواوی كێشەی كارەبای خانەقین و ناوچەكانی دەوروبەریم گەیاندووەتە لایەنی بەرپرس و لەگەڵ وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان كۆبوومەتەوە و داوام كردووە گرنگیی و تایبەتمەندی شاری خانەقین لەبەرچاو بگرن.
وتیشی: ئەوەی وتراوە تەنها بەڵێنە، بەڵام نەوەستاوین و بەردەوامین لە گەیاندنی داواكارییەكان، هەرچەندە ئیدارەی قەزاكە لە هەوڵدایە دوو پڕۆژەی گۆڕینی وزەی خۆر بۆ كارەبا بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە كە بەشی زۆری كێشەكان چارەسەر دەكات.
هاوکات جواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقین وتی: دوو پڕۆژەی گەورەی كارەبا بۆ شارەكە دەرچووە کە سوود وەرگرتنە لە وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا كە بە هەردووكیان دوو هێندەی كارەبای پێویست بۆ شارەكە دابین دەكەن، بەڵام هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وتیشی: یەكەم قەزا بووین كۆمپانیای جێبەجێكارمان هێناوە و شوێنمان بۆ هەردوو پڕۆژەكە دابینکردووە، هەموو پێداویستییەكانمان بۆ دابین كردوون، خۆشبەختانە هەنگاوی باشمان بڕیوە و بە ئەگەری زۆرەوە دەستپێكردنی نزیكە.