راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی
دوای رزگارکردنی قه‌زای شنگال لە ساڵی 2015، پەرلەمانی عیراق لە ساڵی 2021، پڕۆژه یاسای رزگاربووانی ده‌ستی داعشی هەموارکردەوە و دابەشکردنی زەوی بە سەریاندا یەکێک بوو لە بڕگەکانی ئه‌و یاسایه، بەڵام تائێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، ئەمەش نیگەرانیی هاووڵاتییانی شنگال و بەتایبەت رزگاربووانی دەستی داعشی لێکەوتووەتەوە.
رزگاربووانی دەستی داعش چەند ساڵێکە چاوەڕێی وه‌رگرتنی پارچە زەوییەکن لە حکومەتی فیدراڵ، به‌ڵام هێشتا بەشێکی زۆریان زەوییان پێ نەدراوە.
به‌پێی ئاماری نووسینگه‌ی كاروباری رزگاربووانی دەستی داعش 2404 كه‌س مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام تائێستا تەنها 262 کەس زەوییان وەرگرتووە و ئەوانی دیکە چەند ساڵێکە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵن زەوییان پێ بدات
بەشێک لە رزگاربووان کرێچین
ئه‌لیاس ساڵح یه‌كێكه له رزگاربووانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی گوندی كۆچۆ لە شنگال، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ژمارەیەکی کەم لە رزگاربووانی ده‌ستی داعش سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی و ئەوانی دیکە پشتگوێ خراون، چەندینجار ده‌نگمان گه‌یاندووه‌تە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام تائێستا بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
وتیشی: داوا لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا و حکومەتی فیدراڵ دەکەین دادپەروەرانە خزمەتی خەڵکی شنگال بکەن، بە تایبەت رزگاربووانی دەستی داعش زۆر گرنگە مافەکانیان پێ بدرێت و جیاكاری نه‌كرێت لە نێوانیاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک رزگاربوویەکی دەستی داعش چه‌ندین ساڵه کرێچیم و شوێنی نیشته‌جێبوونم نییه، سەرەڕای ئەو ستەم و کارەساتەی لە ساڵی 2014 دا بەسەرماندا هات، هێشتا برینه‌كانمان زیندوون و ئاوارەین و ناوچەکانمان ئاوەدان نەکراونەتەوە.
به‌پێی ئاماری نووسینگه‌ی كاروباری رزگاربووانی دەستی داعش 2404 كه‌س مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام تائێستا تەنها 262 کەس زەوییان وەرگرتووە و ئەوانی دیکە چەند ساڵێکە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵن زەوییان پێ بدات.
به‌فرین شڤان رزگاربوویه‌كی ده‌ستی داعشه و ده‌ڵێت: ماوەی سێ ساڵە چاوەڕێین پارچە زەوییەکمان پێ بدرێت و خانووی لەسەر دروست بکەین، ئێمه نزیكه‌ی 10 ساڵه كرێچین و داواکارین ئه‌م بڕیاره وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت و بەرپرسان دۆخی خه‌ڵكی شنگال له به‌رچاو بگرن.
جێبەجێکردنی یاساکە وەک خۆی
شه‌هاب ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی كاروباری رزگاربووانی ده‌ستی داعش له قه‌زای شنگال، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: بەردەوام لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای نەینەوا و شارەوانی له‌سه‌ر هێڵین بۆئەوەی بە زووترین کات زەوی بەسەر هەموو رزگاربووانی ده‌ستی داعشدا دابه‌ش بكرێت و هاوكارییان بكه‌ن بۆ دروستكردنی خانوو.
وتیشی: تائێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی قه‌زای شنگال، بە تایبەت رزگاربووانی دەستی داعش ئاوارەن و لەناو خێمەدا دەژین یاخود کرێچین، ئەمە ئەرکێکی مرۆیی و یاساییە کە دەبێت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بەپێی بڕیاری پەرلەمانی عیراق.
شایه‌نی باسه له كاتی داگیركردنی قه‌زای شنگالدا له ساڵی 2014، داعش 6417 ئێزدی رفاند و له نێویاندا ژن و پیاو و منداڵ هه‌بوون. له‌و ژماره‌یه‌ش سێ هه‌زار و 547 كه‌سیان له ره‌گه‌زی مێ بوون، تائێستاش چاره‌نووسی نزیكه‌ی 2700 كه‌سیان نادیاره.